ئۆپه‌راسیۆنی‌ پۆلیس و سوپای‌ توونس، له‌ دژی‌ چه‌كداره‌ سه‌له‌فییه‌كان

ئۆپه‌راسیۆنی‌ پۆلیس و سوپای‌ توونس، له‌ دژی‌ چه‌كداره‌ سه‌له‌فییه‌كان
5ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- پۆلیسی‌ توونس له‌ درێژه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆن له‌ دژی‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان، چه‌كدارێكی‌ ئیسلامیی‌ له‌ پایته‌خت كوشتووه‌ و دوو سه‌ربازی‌ سوپاش له‌ شه‌ڕی‌ سه‌له‌فییه‌كاندا له‌ نزیك سنووری‌ جه‌زایر كوژراون.

ئۆپه‌راسیۆنی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس و سوپای‌ توونس له‌ دژی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كان و سه‌له‌فییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، له‌ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ی‌ رابردوودا، دوای‌ تیرۆری‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ دژی‌ سه‌له‌فییه‌كان، په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌.
به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ توونس، هێزه‌كانی‌ پۆلیس هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ماڵی‌ یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كان و له‌ ئه‌نجامدا چه‌كدارێك كوژراوه‌ و 4 كه‌سی‌ دیكه‌ش ده‌ستگیر كراون.
هاوكات، سوپای‌ توونس، له‌ رۆژی‌ هه‌ینیی‌ رابردووه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ به‌رینی‌ له‌ دژی‌ چه‌كداره‌ سه‌له‌فییه‌كان له‌ سنووری‌ جه‌زایر ده‌ست پێكردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌كداره‌كان 8 سه‌ربازی‌ سوپایان كوشت.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، خۆپیشاندانی‌ نه‌یاران و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ سه‌له‌فیی‌ نه‌هزه‌، هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ و نه‌یاران خوازیاری‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكوومه‌تن.
خۆپیشاندانه‌كان دوای‌ ئه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ رۆژی‌ 25ی‌ ته‌مموز، محه‌مه‌د به‌راهیمی‌ په‌رله‌مانتاری‌ چه‌پگه‌رای‌ په‌رله‌مان، تیرۆر كرا. حكوومه‌تی‌ توونس، سه‌له‌فییه‌كان به‌ به‌رپرسی‌ ئه‌و تیرۆره‌ ده‌زانێت و سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ڵێت ده‌ست له‌كار ناكێشێته‌وه‌.
Top