5ی ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- سەركردەیەك لە سەركردە پایە بەرزەكانی رەوتی سەدر بە رۆژنامەی ئەلسیاسەی كوێتی راگەیاند كە حزبوڵڵای لوبنان دەستی بە گواستنەوەی بەشێكی سەركردە سەربازییەكانی خۆی بۆ ناوچەكانی باشووری عیراق كردووە ئەویش لە چوارچێوەی لێكگەیشتنێكدا لەنێوان نووری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراق و نێوان سەركردایەتی ئێراندا. ئەو سەركردەیە دووپاتیشی كردووەتەوە كە گواستنەوەی هەندێك لە سەركردە سەربازییەكانی حزبوڵڵا بۆ پارێزگەكانی باشووری عیراق بەردەوامەو حكوومەتە ناوچەییەكانی ئەو پاێزگایانەیش بەنیازن چەند پارچە زەوییەك بۆ ئەو حزبە تەرخان بكەن بۆ ئەوەی چەند سەربازگەی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی چاودێری هێزە ئەمنییەكان دروست بكات. روونیشی كردەوە ئەو كارە دوو مەبەستی لە پشتەوەیە پێوەندی بە بڕوابوونی سەركردایەتی ئێرانەوە هەیە كە لەو بڕوادایە پەرەسەندنی توندوتیژی لە عیراق لە دواڕۆژدا بەرەو شەڕی تایەفەگەری دەڕوات و ئاكام ئەركی سەركردە سەربازییەكانی حزبوڵڵا پشیوانی كردن لە گرووپە چەكدارەكانی عیراق دەبێت بەراهێنان و مەشق پێ كردن و نەخشەداڕێژی و چەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارەكانی قاعیدە و حزبی بەعس بۆیە هەندێك لە سەركردە سەربازییەكانی حزبوڵڵا لەسنووری نێوان كەربەلاو سەماوەو ئەنبار جێگیر دەبن كە رێڕەوی سەرەكی چەكدارەكانی قاعیدەیە. خاڵی دووەمیش پێوەندی بە رۆڵی لەمەودوای حزبوڵڵای دژ بە وڵاتانی كەنداوەوە دەبێت بۆیە چەند سەربازگەیەك بۆ حزبوڵڵا لەسەر سنووری سعوودیەو كوێت دروست دەكرێن، ئەمەیش لە رووی سیاسییەوە ئەوە دەگەیەنێت كە دەزگە نزیكەكان لە رێبەری باڵا عەلی خامەنەئییەوە پێشبینی دەكەن شەڕ لەگەلأ وڵاتانی كەنداودا دەست پێ بكات بۆیە خۆیان بۆ ئەو ئەگەرو سیناریۆیە ئامادە دەكەن بە گواستنەوەی هەندێك لە سەركردە سەربازییەكانی حزبوڵڵا بۆ باشووری عیراق. روونیشی كردەوە كە ژمارەیەك لە لایەنەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی بەرهەڵستی بوونی سەركردە سەربازییەكانی حزبوڵڵایان كرد لە عیراق چونكە ئەو كارە تەنگژەی قووڵی لە گەڵ ئەمەریكادا لێ دەكەوێتەوە جگە لەوەی ناكۆكی نێوان لایەنە شیعەكانیش قووڵتر دەكات.