نەتەوە یەكگرتووەكان: لە شاری حمس 400 هەزار كەس گەمارۆدراون

نەتەوە یەكگرتووەكان: لە شاری حمس 400 هەزار كەس گەمارۆدراون
4ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- ڤالیری ئامۆس بریكاری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخەری كاروباری فریاگوزاری لەناكاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە لایەنە پێوەنددارەكانی تەنگژەی سوریا كرد رێ بە كارمەندانی بواری پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی بدەن,بگەنە هەموو ئەوانەی لە سوریا پێویستیان بە یارمەتییە. هوشیاری ئەوەشی دا كە كەمەتەرخەمی لایەنەكانی تەنگژەكە لە پاراستنی خەڵكی سڤیل لە سوریا ئەوە دەگەیەنێت كە ژمارەیەكی زۆرتری ئافرەت و پیاوو منداڵ لەسەرانسەری سوریا دەكوژرێن و بریندار و ئاوارەو دەربەدەر دەبن. هاوكات دووپاتی كردەوە كە بە هەزاران كەس لەناوچە جیاجیاكانی سوریا هەن لەلایەن هێزەكانی سوپای رژێم و گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە گەمارۆدراون. ئاماژەی بەوەیش كرد كە لە دوو رۆژی رابوردوودا لە چەند هێرشێكدا لە حەلەب و حمس بەسەدان كەس كوژران و برینداربوون و رفێنران. لەلایەكی دیكەوە ئەنتۆنی لایك بەڕێوەبەری راپەڕاندنی رێكخراوی یونیسیف لەبەیانامەیەكدا داوای بێ لایەن كردنی ئافرەتان منداڵانی كرد لەو كاری توندو تیژیانەی لە نێوان چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی رژێم لە شاری حمس سووریا روو دەدەن و داوای كرد رێ بدرێت یارمەتی بگەیەنرێتە چوار سەد هەزار كەس كە لە حمس گەمارۆدراون. روونیشی كردەوە كە رەوشی ئافرەتان و منداڵان لە شاری حمس تا دێت بەرەو خراپی دەچێت و خاڵەكانی پشكنین و بەربەستە سەربازییەكان ناهێڵن خۆراك و یارمەتە بگاتە ناوچەكە. ئاماژەی بەوەیش كرد كە چوار سەد هەزار خەڵكی ئاوارە لە ناوچەی وەعر هەن لە ناو تەلاری تەواونەكراوو لە ناو قوتابخانەو بینای گشتیدا دەژین و داوای لە هەموو لایەنەكان كرد رێ بدرێت ئەو خێزانانە بە سەلامەتی ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن و بگەنە ناوچەی ئارامتر. روونیشی كردەوە كە رەوشەكە لەم رۆژانەی رابوردوودا بەرەو خراپتر رۆیشتووە لەكاتێكدا رۆژانە شەڕوپێكدادان لە ناوچەكە روو دەدات و ناوچەكە بە موشەك و گوللە هاوەن بۆردومان دەكرێت و لەئاكامیشدا ژمارەیەك لەوانە دەكوژرێن و بریندار دەبن. هەروەها گوتی ناوچەكە ئاوو كارەبای هەیە بەڵام سەوزەو شیرو كەرەستەی پێویستیان كەمەو ئەو یارمەتیانەیش دگەنە ناوچەكە زو تەواو دەبن. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی رووسی لە مۆسكۆ دووپاتی كردەوە كە رووسیا دەستی بە كەمكردنەوەی كارمەندانی باڵیۆزخانەی خۆی لەدیمەشق و پسپۆرەكانی لە سوریا كردووەو ژمارەیەكی زۆر كەمیان لەو وڵاتە ماونەتەوە.
Top