له‌ تاران له‌ رێوڕه‌سمێكدا پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌ حه‌سه‌ن روحانی راسپێردرا

 له‌ تاران له‌ رێوڕه‌سمێكدا پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌ حه‌سه‌ن روحانی راسپێردرا
ئێران،، ئێواره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ له‌ مه‌راسمێكدا به‌ به‌شداری نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی و به‌رپرسانی باڵای سیاسی و سه‌ربازی ئێران، حه‌سه‌ن روحانی به‌ فه‌رمی بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری ئێران و 8 ساڵ سه‌رۆكایه‌تی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كۆتایی پێهات.

حه‌سه‌ن روحانی له‌ وتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆككۆماری ئێران كرد و رایگه‌یاند: ده‌بێ دووره‌په‌رێزی بكرێ له‌ توندره‌وی و میانه‌ره‌وی بگرینه‌به‌ر و میانه‌ره‌وی به‌مانای پارێزگاریخوازبوون نییه‌و دووربوونه‌ له‌ توندره‌وی، هه‌روه‌ها سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران داوا له‌ حكوومه‌ت كرد كه‌ فه‌زای سیاسی كراوه‌تر بێ و رێگای ئاشته‌وایی نیشتمانی بكرێته‌وه‌.

رێوره‌سمی ئه‌مرۆ له‌ حوسه‌ینییه‌ی ئیمام خومه‌ینی له‌ تاران به‌رێوه‌چوو و عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران فه‌رمانی ده‌ستبه‌ركاربوونی حه‌سه‌ن روحانی واژۆ كرد و سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران به‌فه‌رمی كاره‌كانی ده‌ستپێكرد و بریاره‌ سبه‌ی له‌ په‌رله‌مان سوێندی یاسایی ده‌خوات.
Top