تا ئەمرۆش شەممە پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی یەپەگە و چەكدارانی بەرەی نوسرە لە سەرێكانی و دەوروبەری بە قورسییەوە درێژەی هەیە و لەم چەند رۆژەی دوایشدا هێرشەكانی ئەو گروپە تیرۆریستیانە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچەكە چرتر بۆتەوە. سەرچاوەكانی هەواڵ لە ناوچەكە بڵاویانكردەوە: هێرشەکانی بەرەی نوسرەو گرۆپە ئیسلامییەکانی توندرەوە لە کاتژمێر 10 شەوی رابردووەوە دەستیانكردووە بە هێرشكردن بۆ سەر ناوچەی تەل ئەبیەز و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری بەهۆیەوەش پێكدادانێكی توند لە نێوان هێزەكانی یەپەگە و چەكدارانی گرووپە ئیسلامییەکان سەر بە بەرەی نوسرە روویداوە، وەک سەرچاوەکانی هەواڵی ناوچەکە بڵاویانکردۆتەوە لەو هێرشەشدا چەكدارە توندڕەوەكان هاووڵاتیانی كوردی مەدەنی ناوچەكەیان كردۆتە ئامانج و لە چەند رۆژی رابردوو ٢٠٠ گەنجی چنە گوند و شارۆچکەیەکی ریف حەلەبیان رفاندووە ، سەبارەت بە رەوشی ئێستای کوردستانی سوریا دۆخەی كە رووبەرووی كوردانی رۆژئاوا بۆتەوە ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە بە رۆژنامەی جمهوریەتی توركیای رایگەیاند: كوردانی رۆژئاوا بوونەتە ئامانجی هێرشەكانی گروپی چەكدارانی بەرەی نوسرە و چەكدارانی سوپای ئازاد، بەتایبەتی لە ناوچەكانی تەل عەرن و تەل حاصل لە رۆژئاوای شاری حەلەب كە ماڵ و حاڵیان وێران بووە و ژمارەیەشكیان بوونەتە قوربانی.