ئەحمەد داوود ئوغڵۆ: جیابوونەوەی كورد لە سوریا مەحاڵە

ئەحمەد داوود ئوغڵۆ: جیابوونەوەی كورد لە سوریا مەحاڵە
3ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رۆژی هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیلە ئەنقەرە باسی بارودۆخی سوریا و رووداوەكانی باكووری ئەو وڵاتەی كرد و گوتی: جیابوونەوەی باكووری سوریا لەو وڵاتە مومكێن نییە.

لەم بارەیەوە كەناڵی 24ی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رایگەیاندووە كە باكووری سوریا وەكو باكووری عێراق نییە و ئەو ناوچانە لە رووی پێكهاتەی ئەتنیكی و ئاینییەوە زۆر جیاواز و ناكۆكن بۆیە هیچ پێكهاتەیەك ناتوانێت خۆی لە سەر پێكهاتەكانی دیكەدا فەرز بكات.

ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە داوە كە كوردیش وەكو پێكهاتەی سەرەكەی ئەو ناوچانە هیچ جۆرە ویستێكی بۆ جیابوونەوە لە سوریا نییە.

سەبارەت بە هێرشەكانی بەرەی ئەلنوسرە بۆ سەر هاووڵاتییە كوردەكان و یەكینەكانی پاراستنی گەلیشدا، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە كە لەم رۆژانەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایا بەرەی ئەلنوسرە هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییە كوردەكان و ئەوان دەكوژێت، ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستی و بەرەی ئەلنوسرە بە هیچ شێوەیەك هاووڵاتی كوردی نەكوشتووە.
Top