ئەحمەدی نەژاد: ئەوەی بە ناوی ئیسلامەوە خۆی بتەقێنێتەوە بێ عەقڵە
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی جیهان نیوزی ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆك كۆماری ئێران مەحموود ئەحمەدی نەژاد رایگەیاندووە كە هیچ پەیوەندییەكی گرووپە توندرەوە ئیسلامییەكان بە ئیسلامەوە نییە و ئەم جۆرە گرووپانە مرۆڤەكان هەڵدەخەڵەتێنن تا مرۆڤی بێگوناه و بێ تاوان بكوژن و ئەمەیش بە پێچەوانەی ئاینی ئیسلامە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كەسانە كە بە ناوی ئیسلامەوە خۆیان دەتەقێننەوە و دەبنە هۆكاری كوشتن و گیان لە دەستدانی خەڵكی مەدەنی بێ عەقڵن.
ئەحمەدی نەژاد هەروەها هۆشداری داوەتە توركیا و چەندین وڵاتی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گوتی: متمانە بە وڵاتانی ئیمپرایالیست نەكەن، چونكە ئەم وڵاتانە پلانی مەترسیداریان بۆ ئێوە هەیە و لە داهاتوودا دەكەنە ژێر مەترسییەكانی ئەم پلانەوە.