مورسی داوای كردووە، گەر ئازاد بكرێت وڵات جێ دەهێڵیت و داوایش لە لایەنگر و شوێنكەوتووانی دەكات، خۆپێشاندانەكان ڕابگرن... سوپا ڕەتی دەكاتەوە

مورسی داوای كردووە، گەر ئازاد بكرێت وڵات جێ دەهێڵیت و داوایش لە لایەنگر و شوێنكەوتووانی دەكات، خۆپێشاندانەكان ڕابگرن... سوپا ڕەتی دەكاتەوە
ڕۆژنامەی وەتەنی میسری نووسیویەتی، دەستگای هەواڵگریی وڵاتەکەی، لە چەند ڕۆژێكدا فایلێك دەدات بە لێكۆلەرەوان، كە بە هۆیەوە مورسی تۆمەتبار دەكات بە گەیەنەر و ئاشكراكەری نهێنییەكان بە ئەمەریكا و بەریتانیا.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی وەتەن، كە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەكشەممەیدا بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكکۆماری لە کار لابراو و دەستبەسەركراو، محەممەد مورسی، لە ڕێی ڕاوێژكارێكییەوە كە ئێستا لە شوێنێكی حەوانەوەی سوپا لەگەڵیدایە، نامەیەكی بۆ سەركردایەتیی گشتیی سوپا ناردووە و تێیدا داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی دەكات، لەبەرانبەردا خۆی و خێزانەكەی وڵات جێ دەهێڵن و داوایش لە هەوادار و شوێنكەوتووانی دەكات واز لە خۆپێشاندان بهێنن و بچنەوە ماڵەكانیان.

هەر لەو نامەیەدا كە بە دەستی خۆی نووسراوە(دەستنووس)ـە، مورسی داوا دەكات سەركردەكانی ئیخوان كە دەستگیر كراون ئازاد بكرێن؛ هاوكات داوا دەكات سوپا خۆی(مورسی) دادگایی نەكات.

وەك ئەوەی ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوە سیاسییەكانەوە زانیویەتی، ئەو داوایانەی محەممەد مورسی، لە لایەن هێزە چەكدارەكانەوە ڕەت كراونەتەوە؛ سوپایش وەڵامی داوەتەوە كە ئەوە گەلی میسرییە كە خاوەنی وەها بڕیارێكە، چونكە بە هۆی بابەتگەلێكەوە لە لایەن دادگاوە داوا كراوە.
Top