کۆڕبه‌ندی رێزلێنانی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کۆڕبه‌ندی رێزلێنانی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد به‌ڕێوه‌ده‌چێت
یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی ناوچه‌یی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بیی رێزلێنان لە محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد، یه‌کێک له ‌بلیمه‌ته‌کانی هێژای کوردی فه‌یلی له ‌شارستانی ئابدانانی پارێزگای ئیلام به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌مه‌به‌ستی رێزگرتن و زیندوو راگرتنی یاد و بیره‌وه‌ریی بلیمه‌ته‌کانی پارێزگای ئیلام، کۆڕبه‌ندێک به‌ئامانجی ئاشنابوونی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌پڕبایخه‌کانی نووسه‌ر و شاعیری ئابدانان محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد، لە هاوینی ئه‌مساڵدا به‌به‌شداریی پارێزگاکانی دراوسێی پارێزگای ئیلام به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوونی زیاتری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سایه‌تییه ‌له ‌رۆژانی 2 و 3ی ئۆگۆستی 2016 به‌ئاماده‌بوونی خاوه‌نڕایان، بیرمه‌ندان و هۆگرانی کولتووری و ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر له‌پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، هه‌مه‌دان، لوڕستان و خووزستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌شه‌کانی ئه‌م کۆڕبه‌نده ‌پێکهاتووه له ‌ئاراسته‌کردنی وتار، کۆکردنه‌وه‌ی ‌به‌ڵگه‌کانی گرینگ و پڕبایه‌خ و کۆپییەکانی ده‌ستنووس، شیعر، چیرۆک و ده‌قه ‌ئه‌ده‌بییه‌کان و هه‌روه‌ها ته‌وه‌ره‌کانی ئاراسته‌کردنی وتاره‌کان، ‌بریتین له مێژووی سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا، لێکدانه‌وه‌ی مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، جوگرافیای مێژوویی ‌کورد، له‌سه‌رده‌می محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد‌ و ده‌وری ئه‌و له‌به‌رگریی کردن له ‌وڵات و نیشتماندا، لێکدانه‌وه‌ی شیعره‌کان و چیرۆکه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوه‌رۆکی هه‌ڵبه‌سته‌کان و شێوازی نووسین و خۆشنووسی و لایه‌نی جوانی ناسی و ره‌خنه‌ی ناوه‌رۆکی به‌ڵگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ‌که ‌ئێستا به‌جێ ماون و کاریگه‌ریی شیعره‌کان و هۆنراوه‌کانی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی زاره‌کی و کولتووری گشتیی ناوچه‌که و ده‌روونناسی و که‌سایه‌تی ناسی و ره‌گه‌زناسی و لێکدانه‌وه‌ی بیر و هزر و رازی هه‌رمان بوون و مانه‌وه‌ی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد له‌نێو نه‌وه‌کانی دوای خۆیدا و لێکدانه‌وه‌ی لایه‌نه ‌جۆراوجۆره‌کانی که‌سایه‌تی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد. ‌

به‌پێی بانگه‌وازی یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی ناوچه‌یی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بیی رێزلێنانی که‌سایه‌تیی محه‌مه‌د ره‌حیم خانی کورد، دوایین ماوه‌و کاتی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان بۆ ئه‌م کۆڕبه‌نده ‌تا رۆژی 15 جولای 2016 راگه‌یه‌ندراوه‌ و لایه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م کۆڕبه‌نده ‌ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی شارستانی ئابدانان له ‌پارێزگای ئیلامه‌.

ره‌حیم خانی کورد، یه‌کێک له ‌بلیمه‌ته‌کانی پارێزگای ئیلامه ‌که ‌نووسه‌ر، وتاربێژ، شاعیر و هه‌ڵبه‌ستڤان، خۆشنووس و خاوه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی به‌رز و به‌رجه‌سته‌و ده‌سه‌ڵاتدارێکی دادپه‌روه‌ری هه‌بووه که ‌له ‌سه‌رده‌می زه‌ندییه‌ و قاجارییه‌کاندا له ‌پارێزگای ئیلام ژیاوه‌.
Top