پەرواز حوسێن و تامر حوسنی بەشداری لە فیلمێکی سینەماییدا دەکەن

پەرواز حوسێن و تامر حوسنی بەشداری لە فیلمێکی سینەماییدا دەکەن
دەقی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "خۆشەویستی لە کوردستان" لە نووسینی ھاوار مستەفا خان، رادەستی خانمە گۆرانیبێژی کورد پەرواز حوسێن کرا.

دوای ماوەیەک لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆژەی فیلمی سینەمایی "خۆشەویستی لە کوردستان" کە بەرھەمی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی میسرە، لە ٣٠ مانگی رابردوو لە شاری ھەولێر کۆمپانیای "گۆلدن ئارت" بۆ کاری ھونەری، لە رێورەسمێکی فەرمیدا و پاش گفتووگۆیەکی تێروتەسەلی ھونەری، دەقی سیناریۆی فیلمەکەی رادەستی پەرواز حوسێن کرا، کە لەلایەن ھاوار مستەفا خان نووسراوە.

لەو رێورەسمەدا پشتیوان عەبدوڵڵا، کەریم غەفور "کەریمۆک"، ھاوار مستەفا خان، ئەندامانی دەستەی باڵای "گۆلدان ئارت" و بەرھەمھێنانی ئەو فیلمە جەختیان لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی کارەکانی فیلمی سینەمایی ھاوبەشی کوردیی- میسری کردەوە و بە بایەخەوە گرنگی کاریی ھاوبەشیان تاوتوێکرد.

"خۆشەویستی لە کوردستان" تاکە پڕۆژەی ھاوبەشی سینەماییە کە لە پاڵەوانیەتی ئەستێرەی بواری گۆرانی و نواندن تامر حوسنی و بەشداربووی پرۆگرامی عەرەب ئایدل پەرواز حوسێنە.

وابڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کارەکانی کۆتایی بێت و بکەوێتە بەردیدەی بینەرانی لە ھەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی.
Top