فیلمێک لەباری ھەڵەبجەوە بینەرانی لە ئێران هێنایە گریان

فیلمێک لەباری ھەڵەبجەوە بینەرانی لە ئێران هێنایە گریان
فیلمی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی مەھدی قوربانپوور، سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی ھەڵەبجە، لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە بەرھەمھێنانی محەمەد شەکیبانیا، سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی رژێمی بەعس، بە ئامادەبوونی نازم عومەر دەباغ، نوێنەریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران، دەرھێنەر و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە چەندین سانسی جیاوازدا، لە بەشی چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و بینەرانی ئەم فیلمە کوردییەی کردە گریان.

فیلمی "زمناکۆ" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژیی ٢١ی ئەپرێل لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و پاشان لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەما، رۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

"زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنستان، ئێران، بەرازیل، ئیمارات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، چیک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگوای لە رکابەریدا دەبێت.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستھێناوە، چیرۆکی گەڕانەوەی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی بە ناویی زمناکۆ پاش ٢٢ ساڵ لە شاری مەشھەد لە ئێران بۆ زێدی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە.
Top