فیلمێکی کوردی لە فیستیڤاڵی فەجر نمایشکرا

فیلمێکی کوردی لە فیستیڤاڵی فەجر نمایشکرا
فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی ھەڵکەوت مستەفا، لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی ھەڵکەوت مستەفا کە لە لایەن ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نەروێژەوە بەرھەمھاتووە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە چەندین سانسی جیاوازدا لە بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و بڕیاروایە لە زانکۆی سینەمایی ئێرانیش بۆ قوتابیانی سینەمایی نمایش بکرێت. '


"ئێل کلاسیکۆ" لە رۆژی یەکەمی ئەم فیستیڤاڵەدا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٠ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایشکرا و لە درێژەدا لە کاتژمێر ١٥/٧ی ئێوارەی رۆژی ھەینی ٢٢ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٤ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و لە دوایین سانسدا بە ئامادەبوونی سینەماکاریی کوردیی دانیشتووی وڵاتی نەرویژ ھەڵکەوت مستەفا، دەنگھەڵگری فیلمەکە بەھمەن ئەردەلان و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کاتژمێر ٤٥/٤ی دوانێوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ١ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.


ھەڵکەوت مستەفا لە رۆژانی مانەوەی لە ئێران لەگەڵ رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی سینەمای ئەم وڵاتە دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و کاتژمێر ١١ی شەوی رابردوو بە کاتی تاران بە شێوەی راستەوخۆ لە بەرنامەی سینەمایی "رخنەی ٤" لە کەناڵی ٤ی تەلەفیزیۆنی ئێران ئامادەبوون و وڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاریی بەرنامە عەلیڕەزا شوجاع نووری و ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێرانی دایەوە.

"ئێل کلاسیکۆ" لەگەڵ چەند فیلمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: لیتوانیا، رۆمانیا، فەڕەنسا، ئێران، ئستۆنیا، پۆڵەندا، مەکسیک، فینلەندا، رووسیا، ئۆکڕاینا، ئیسلەندا، نەرویژ، دانیمارک، ئیسپانیا، تورکیا و قەتەر بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و تەندیسی سیمینی ئەم فیستیڤاڵە لە بەشی پێشبڕکێیدایە.

فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" چیرۆکێکی ئەویندارنەی بێھاوتایە لە نێوان ئالانی لاو و گۆنای خۆشەویستیدا. رووداوێکی سەرنجڕاکێش، ئالان بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ براکەیدا سەفەرێکی مەترسیدار دەپێون لە ھەرێمی کوردستانەوە تاکوو ئیسپانیا بۆ بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و بردنی پێڵاوی کڵاش بۆ ئەم ئەستێرە ناودارەی یەنەی ریال مەردرید. ئەم سەرفەر دوور و درێژە بۆ بەدەستھێنانی دڵی باوکی گۆنایە کە یەکێکە لە ھەوادارە قورسەکانی یانەی ریال مەردریدی ئیسپانی و ... .

بەشێک لە ستافی ٩٥ خولەکی فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" بریتین لە: دەرھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا، سیناریۆ: ھەڵکەوت مستەفا و ئاندرێس فەرھۆڵت، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: چیل واسدال، مونتاژ: نەلیزە لا نەفت، دەنگھەڵگر: بەھمەن ئەردەلان و مریتە مونستاد، موزیک: ترۆند بیرکنێس، ئەکتەرەکان: وریا ئەحمەد، دانا ئەحمەد، کامەران رەئووف و رۆژین شەریفی و بەرھەمھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا.
Top