"زمناکۆ" لە فیستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایشدەکرێت

فیلمی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی مەھدی قوربانپوور، سەبارەت بە کارەساتی کیمیابارنکردنی ھەڵەبجە، بەشداریی لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر دەکات.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی مەھدی قوربانپوور و لە بەرھەمھێنانی محەمەد شەکیبانیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی رژێمی بەعس، لە چەندین سانسی جیاوازدا لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایشدەکرێت.

چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردێکی شاری ھەڵەبجەیە بەناوی زمناکۆیە کە لە رۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جیابووەتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.

ئەم فیلمانەی دیکە کە لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان نمایش دەکرێن بریتین لە: فیلمی "سەھۆڵ و ئاسمان" لە دەرھێنانی لوک ژاکە لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی "ژیای یەشم لە پاکانت" لە دەرھێنانی لی یوونگ چاو لە وڵاتی چین، فیلمی "بون بەست" لە دەرھێنانی ھارۆتیۆن خاچاتۆریان و ھایک ئیسرائیلیان لە وڵاتی ئەرمینیا، فیلمی "خەونی بەرەبەیان" لە دەرھێنانی مەھرداد ئۆسکویی لە وڵاتی ئێران، فیلمی "ژیا ژانن کە ـ پیاوێک لە فەن یانگ" لە دەرھێنانی واڵتێر سالس لە وڵاتی بەڕازیل، فیلمی "رۆشیما" لە دەرھێنانی سەلیم ئەبووجەمەل لە وڵاتاتی ئیمارات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان و سووریا، فیلمی "پرد" لە دەرھێنانی ئەمیر حوسێن نەورۆزی لە وڵاتی ئێران، فیلمی "فڕانفۆنیکا" لە دەرھێنانی ئێلێکساندێر سۆکۆرۆف لە وڵاتانی فەڕەنسا، ھۆڵەندا و ئەڵمانیا، فیلمی "رووداوەکانی سینەما کاڕێڵی زەمان" لە دەرھێنانی توومسا ھۆدێن لە وڵاتانی چێک، فەڕەنسا، ژاپۆن و بەریتانیا، فیلمی "شەپۆلی نوێی" لە دەرھێنانی ئەحمەد تالیبی نیژاد لە ئێران، فیلمی "زەماوەند لەگەڵ ئەوین لە کابۆل" لە دەرھێنانی ئەمین پەلەنگی لە ئوسترالیا و ئەفغانستان، فیلمی "سنووری خەیاڵی" لە دەرھێنانی عەلیڕەزا غەنی لە ئێران، فیلمی "ژەنیاران خاشاک" لە دەرھێنانی بێرد ئۆلگورد و براھام تونسلی لە ئەمەریکا و پاڕاگوای.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی زمناکۆ محەمەد ئەحمەد و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم رووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.

"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و رێزی لێگیرا.

ئەم فیلمە کوردییە مانگی رابردوو لەسەر داوای محەمەد عەبدولوەھاب پارێزگاری

ھەڵەبجە و لە ساڵڕۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا، بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری، ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی رێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی ئەم شارە نمایشکرا.

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
Top