کتێبێک لەبارەی بارزانییەوە لە ئێران بڵاودەکرێتەوە

کتێبێک لەبارەی بارزانییەوە لە ئێران بڵاودەکرێتەوە
کتێبی "لەسەرووی تۆفان؛ مەلا مستەفا بارزانی بە گێڕانەوەی چاپەمەنییەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٤ تا ١٣٥٨" بە ھەوڵی رۆژنامەنووسی کورد بەھرام وەلەدبەیگی، لە لایەن دەزگای نەشری سالس لە ئێران بڵاودەکرێتەوە.

بەھرام وەلەدبەیگی رۆژنامەنووس و نووسەری کتێبی "لەسەرووی تۆفان؛ مەلا مستەفا بارزانی بە گێڕانەوەی چاپەمەنییەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٤ تا ١٣٥٨" سەبارەت بەم کتێبە بە زاگرۆسی راگەیاند: ئەم کتێبە ھەوڵێکی توێژینەوەییە کە لە ماوەی سێ ساڵدا ھاتۆتە ئەم قۆناغەی ئێستا کە دەتوانێت سەرەنجی رۆژنانووسان، توێژەران و مێژوونووسانی ئێرانی بۆلای خۆی رابکشێشێت تاکوو لە توێژینەوەیەکی مێژوویی ـ رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەندێشەکانی خواڵێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی ئاشنا ببن.

گوتیشی: ئەرشیڤی چاپەمەنییەکانی ئێران پڕ و لێوانلێوە لە بەڵگە و سەنەدی چاپەمەنیی سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردستان بە رێبەرایەتیی ژەنەڕاڵ بارزانی. لەم کتێبەدا، تەنیا وتووێژەکان و چاوپێکەوتنەکانی بەڕێزیان لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنیی ئەووورپی و ئەمەریکی چاپکراوە کە لە چەپەمەنییەکانی ئێراندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە؛ چونکە ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە بەڕێزیان و بزووتنەوەی کوردستان لە چەپەمەنییەکانی ئێراندایە ھەزاران لاپەڕە لەخۆدەگرێت و لە داھاتوودا بە شێوەی پسپۆڕانە لە توێی چەندین کتێبی دیکەدا بڵاودەکرێتەوە.

وەلەدبەیگی لە درێژەدا گوتی: ئەم کتێبە ٩٠٠ لاپەڕەییە قەوارەکەی مێژوویەکی نووسراوەیە لە ھەوڵ و تێکۆشانی رۆژنامەنووسانی ئێرانی کە سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردستان بە رێبەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی گێڕاویانەتەوە و لێرەدا بە سوپاس و پێزانین لەوان دەبێت ئاماژە بکەم کە ئەم مێژووە ھەرمانە، لەگەڵ خۆیدا پەیامێکی بەمانای ھەیە ئەویش تێکەڵاویی ئێرانە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان و یەکگریی و گەڕانەوە بە مێژووی کۆن و ھاوبەشی ئاریایی ناوچەکەیە.



نووسەری کتێب ئەوەیشی خستەڕوو: ئەم کتێبە بە ھۆی بایەخی ناوەرۆکە مێژوییەکەی و لە پێناو بەردەوامی ھەوڵەکانی رۆژنامەنووسانی ئێران لە بزووتنەوەی کوردستان لە داھاتوویەکی نزیکدا وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەکانی کوردیی، عەڕەبی، ئینگلیزی و تورکی و لە ھەرێمی کوردستان، تورکیا، ئەورووپا و ئەمەریکا چاپ و بڵاودەبێتەوە.



گوتیشی: کتێبی "لەسەرووی تۆفان؛ مەلا مستەفا بارزانی بە گێڕانەوەی چاپەمەنییەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٤ تا ١٣٥٨" شەش بەشی لەخۆگرتووە کە بە دەمژمێریی بزووتنەوەی کوردستان و ژیان و خەباتەکانی بارزانی دەستپێدەکات و لە درێژدەدا ئاماژە بە بوونی بەڕێزیان لە کۆماریی کوردستان دەکات و پاشان سەیریی رێپێوانی مێژوویی ئەو لە مەھابادەوە تاکوو لێوارەکانی ئاراس دەکات و لە ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی واتە ١٩٤٥ی زاینیی تاکوو ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی واتە ١٩٧٩ی زاینیی بارزانی بە گێڕانەوەی چاپەمەنییەکانی ئێرانی وێنەکێشاوە، لە کۆتاییشدا چەندین نامە و نووسراوەی بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆمارەکانی ئەمەریکا و عێراق و ھەروەھا بە ھەندێک راپۆرت لە بەڕێکردنیی تەرمی بەڕێزیان کۆتایی پێیدێت.

ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە کوردە سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەی چاپەمەنییەکانی ئێران بۆ نووسینی کتێبەکە گوتی: لە لێکۆڵینەوە لە چاپەمەنییەکانی ئێراندا سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردستان، چەندین گۆڤار و رۆژنامە، لەوانە: کەیھان، کوردستان، کوھستان، ئێران ما، ئەرەس، باختەر، تەرەقی، ئاتەش، ئایەندەگان، مەردوم، خاک و خون، سپید و سیاە، ئاسیای جەوان، ئومید ئێران، خواندنی ھا، تێھران موسەوەر و جیھانی پاک زۆرترین بەشیان ھەبوو و ھەروەھا رۆژنامەی ئیتلاعات بە زۆرینەی بابەت پێگەی یەکەمی لەم کتێبەدا بە خۆی تەرخانکردووە.


وەلەدبەیگی لە کۆتایی ئەم چاوپێکەتنەدا گوتی: لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی محەمەد عەلی جەعفەرییە بەرپرسی دەزگای "نەشری سالس" بکەم بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە.
Top