دووه‌م کۆنفرانسی زانستی زمانی کوردی ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد

دووه‌م کۆنفرانسی زانستی زمانی کوردی ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد
16ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- هه‌روه‌ک بڕیاربوو ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر، دووه‌م کۆنفرانسی زانستی زمان به‌رێوه‌چوو، بڕیاره‌ له ماوه‌ی سێ رۆژی کۆنفرانسه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی 16توێژینه‌وه‌ له بواره‌کانی په‌رورده‌ و میدیا بکرێت و بکرێته‌ راسپارده‌ و پێشنیار بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.

له‌و کۆنفرانسه‌دا که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ نوێنه‌ری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و پارێزگاری هه‌ولێرو نوێنه‌ری ئه‌کادیمیای کوردی و نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی کوردستان و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ شاره‌زایانی بواری زمان و مامۆستایانی زانکۆ ئاماده‌ی بوون، ژماره‌یه‌ک وتار له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ و تێدا تیشکیان خسته‌سه‌ر گرنگیی کۆنفرانسی له‌و جۆره‌ و بایه‌خدان به زمان کوردی.

سه‌ره‌تا زیره‌ک که‌مال راوێژکاری سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ کاروباری رۆشنبیری وتاری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی خوێندنه‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌نجامدانی کۆنفرانسێکی له‌وجۆره‌ له‌سه‌ر پرسی زمانی کوردی زۆر گرنگ و پێویسته، به‌تایبه‌تی کۆنفرانسه‌که تایبه‌ت کراوه‌ به‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌ و میدیا، هیواشی خواست به‌ به‌رنامه‌ و راسپارده‌ی گرنگ ته‌واو بێت. گوتیشی: ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان زۆ پێویستمان به‌ بایه‌خدان به‌ زمان هه‌یه، چونکه‌ له مێژوودا دوژمنان هه‌وڵی زۆریانداوه‌ زمانه‌که‌مان بشێوێنن، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌ردوو بواری په‌روه‌رده‌ و میدیا که‌ له‌م کۆنفرانسه‌دا ته‌وه‌ری سه‌ره‌کین دوو بواری زۆر گرنگن، چونکه‌ په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه، رۆلێیان ده‌بێت له پێشخستنی ئاستی هۆشیاری و کایه‌کانی تری زانست و زانیاری له‌ هه‌موو بواروکانی ژیاندا.

دواتر کاوه‌ مه‌حموود وه‌زیری رۆشنبیری وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد و رایگه‌یاند: زانستی زمان بوارێکی به‌رفره‌وانی زانسته‌که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ کۆمه‌لێک زانستنی دیکه‌وه‌ هه‌یه‌، ناکرێ ئه‌و زانستانه‌ به‌بێ زانستی زمان گرنگیی پێبدرێت، به درێژایی مێژوو هۆکار سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر زمان هه‌بووه، زمان بۆ کورد ناسنامه‌ و ئامرازی تێکۆشان و خۆپاراستن و که‌لتور بووه، ئێستاش یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، یاسای زمانه‌ فه‌رمانیه‌کانه، پێویسته‌ له‌بواری جێبه‌جێکردن بایه‌خی پێبدرێ.

نه‌وزاد عه‌بدولعه‌زیز راوێژکاری وه‌زیری رۆشنبیری و گوته‌بێژی کۆنفرانسی ساڵانه‌ی زمان تیشکی خسته‌سه‌ر ئاماده‌باشیه‌کانی کۆنفرانس و رایگه‌یاند: له‌و کۆنفرانسه‌ 16توێژینه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت، له‌وانه‌ هه‌شت توێژنه‌وه له‌باره‌ی بابه‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت و هه‌شته‌که‌ی تر تایبه‌ت ده‌بێت به‌ میدیا، ئه‌وانه‌ی که به‌شداریش له‌و کۆنفرانسه‌ ده‌که‌ن زیاتر خه‌ڵکی پسپۆڕ و ئه‌کادیمیی هه‌رێمی کوردستانن، به‌و پێیه‌ی بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌سته‌ به هه‌رێم.

مانگی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو یه‌که‌م کۆنفرانسی زانستیی زمانی کوردی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد، دواتر به‌ ده‌رکردنی 14راسپارده‌ کۆتایی به کاره‌کانی هێنا، ئه‌وه‌ی کۆنفرانسی ئه‌مساڵ له‌ ساڵی رابردوو جیاده‌کاته‌وه، به‌شداریی کوردی ده‌ره‌وه‌ و پارچه‌کانی تری کوردستان بوو له‌ کۆنفرانسی یه‌که‌م، له‌کاتێکدا له‌م کۆنفرانسه‌ زیاتر تایبه‌ت کراوه‌ به‌ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان.
Top