كار بۆ ئەوە دەكرێت پشوی رۆژانی شەممە قوتابخانەكانی هەرێمیش بگرێتەوە

كار بۆ ئەوە دەكرێت پشوی رۆژانی شەممە قوتابخانەكانی هەرێمیش بگرێتەوە
6ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەك لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە كار بۆ ئەوە دەكەن نەبوونی دەوامی رۆژانی شەممە هەرێمیش بگرێتەوە.


لێپرسراوی بەشی داكۆكی كردن لە مافی مامۆستا، ئەحمەد كەركووكی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە شارەكانی عێراق رۆژانی شەممە هاوشێوەی وەزارەتەكانی‌دیکه‌، دەوامی قوتابخانەكانیش نیە، بەڵام لە هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ نەكراوە و دەوامی قوتابخانەكان لە رۆژانی شەممە هەیە.

ئەحمەد كەركووكی، گوتی: بەو پێیەی هەرێم و بەغدا لە جێبەجێبون و گرتنەوەی بڕیارەكان هاوبەشن، مامۆستایان و قوتابیانی هەرێمیش مافی خۆیانە كە لەو رۆژەدا پشوو بدەن. لەو رووەوە دەكرێت لە جیاتی ئەوە رۆژانە وانەیەك زیاتر بخوێندرێت.

لێپرسراوی بەشی داكۆكی كردن لە مافی مامۆستا، گوتی: چەند جارێك یەكێـتی مامۆستایانی كوردستان ئەو بابەتەی تاوتوێ‌ كردووە، بەڵام بە رەسمی كاری لەسەر نەكردووە بۆیە هەر كاتێك مامۆستایان ئەو داوكاریە بكەن، ئەوا ئێمە پشتگیریان دەبین. جگه‌ لەوە خۆشمان هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا بە رەسمی كار لەسەر ئە‌و پرسە بكەین.
Top