به‌ریتانیا... پرِۆژه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌ی زانكۆی سۆران به‌ باشترین هه‌ڵبژێردرا

به‌ریتانیا... پرِۆژه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌ی زانكۆی سۆران به‌ باشترین هه‌ڵبژێردرا
5ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- له‌ میانه‌ى مه‌راسیمێك له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌سنیشانكردنی باشترین پرِۆژه‌ ئه‌كادیمییه‌كان و تێیدا وه‌زیری زانست و زانكۆكانی به‌ریتانیا ئاماده‌بوو، پرِۆژه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌ی زانكۆی سۆران به‌ باشترین پرِۆژه‌ هه‌ڵبژێردرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ زانكۆی سۆران رایگه‌یاند: ئه‌م پێشبرِكێیانه‌ چه‌ندین بواری ئه‌كادیمی گرنگ ده‌گرێته‌ خۆی كه‌ زانكۆی مارجۆنی به‌ریتانی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی سۆران، له‌ پێشبرِكێی باشترین پرِۆژه‌ی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری كرد، كه‌ بریتی بوو، له‌ دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمان و گه‌شه‌پێدانی ئه‌كادیمی (CLAD) له‌ شاری سۆران\".

لای خۆیشیه‌وه‌ دكتۆر هاورِێ‌ مه‌نسورِ به‌گ، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری زانستی گوتی: پرِۆژه‌كه‌مان به‌ باشترین شه‌ش پرِۆژه‌ هه‌ڵبژێردرا له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو زانكۆكانی به‌ریتانیا و له‌ به‌رده‌م پتر له‌ دوو هه‌زار میوانی تایبه‌تی ئه‌كادیمی و زانستی و برِیار به‌ده‌ست له‌م وڵاته‌، ناوی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سۆران و زانكۆكه‌مان ناسێنرا. هه‌روه‌ها یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى سۆران ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ئه‌كته‌رو كه‌سایه‌تی میدیای ناوداری به‌ریتانی و جیهانی David Williams مه‌راسیمه‌كه‌ی به‌رِێوه‌بردو هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌ویشه‌وه‌ پرِۆژه‌ی زانكۆی سۆران خرایه‌ رِوو، هه‌روه‌ها زانكۆی سۆران تاكه‌ نوێنه‌ری كوردستان بوو له‌م گردبوونه‌وه‌ ئه‌كادیمییه‌ گرنگه‌، كه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌رِێوه‌چوو."
Top