ئه‌سته‌مبۆڵ .. كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه‌ى په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی بۆ دانانی پێوه‌ركانی خوێندن و فێربوون له‌كوردستان به‌رِێوه‌چوو

ئه‌سته‌مبۆڵ .. كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه‌ى په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی بۆ دانانی پێوه‌ركانی خوێندن و فێربوون له‌كوردستان به‌رِێوه‌چوو
١ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- له‌ شاری ئه‌سته‌مبۆڵ له‌وڵاتی توركیا كۆبوونه‌وه‌كانی لێژنه‌ى كارگێری بالاَی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پسپۆرانی ولاَتی به‌ریتانیا بۆ دانانی پێوه‌ره‌كانی خوێندن و فێربوون له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی \"British council\"" به‌رِێوه‌چوو، بۆ تاوتوێكردن و دانانی پێوه‌ره‌كان بۆ مامۆستایان و به‌رِێوه‌به‌ره‌كان و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی، به‌شێوازێكی مۆدێرن و په‌روه‌رده‌یی، به‌ئاماده‌بوونی هه‌ردوو شاره‌زای په‌روه‌رده‌ی نێوده‌وڵه‌تی (ئاندی) و (پیته‌ر) و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارو به‌رِێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.

زیاد عه‌بدولقادر راوێژكار له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا گوتی: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پار له‌شاری كۆیه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێكرا، بۆ ئه‌مساڵیش له‌ سنووری په‌روه‌رده‌كانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و گه‌رمیان و شه‌قلاَوه‌ و ئامێدی جێبه‌جێ ده‌كرێت و پاشان سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ ئاستێكی به‌رز. خه‌رجی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی ئه‌وروپا دایه‌و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ چۆنیه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی قوتابخانه‌و مامۆستا و به‌رِێوه‌به‌ر وسه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی دیاری ده‌كرێت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت."
Top