هاوسەرگیری مرۆڤ تەمەن درێژ دەكات

هاوسەرگیری مرۆڤ تەمەن درێژ دەكات
18ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- توێژینەوەیەكی چیكیی نوێ كە پسپۆران لە پەیمانگای كۆمەڵایەتی سەر بە ئەكادیمیای زانستە چیكییەكان ئامادەی كردووە دەڵێ تەندروستی و دۆخی خێزانی هەردوو رووی یەك دراون و ژیانی هاوسەری وەك پەرژینێك وایە لەبەردەم كێشەكانی ژیاندا و ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هاوسەرەكان دەبێت.


توێژینەوەكە وای دەبینێت كە هاوسەرەكان ئەوانەی كاردەكەن وەك دەستەبەری بەرپەرچدانەوەی كێشەكانی ژیان وان و لە تەمەنی پیریدا ئەوە لەسەر هەستكردن بە بەختیاری و دڵنیایی رەنگدانەوەی دەبێت و وایان لێدەكات لە ژیانی پڕ لە تەنگژەی دەروونی و ترسدا نەژین.

مارتینا هرۆنۆڤا، پسپۆری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێ ژیانی هاوسەرگیری بە تەنیا مانای ئەوە نییە كە ژیان باشتر دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە بەدەستهێنانی ئەوە پێویستی بە دەستەبەری راشكاوی و لێك نزیكی زۆری نێوان هاوسەران هەیە.

ئەو وای دەبینێت كە ژیانی هاوسەرگیری پێویستی بە دەستەبەری تەنیا نزیكی دەروونیی لە نێوان هاوسەراندا نییە، بەڵكە پێویستی بە نزیكی لە رووی سۆز و جەستەوە هەیە و ئەوەش وادەكات خێزان بگۆڕێت بۆ یەكەیەكی ئابووری كە رەنگدانەوەی لەسەر منداڵ دەبێت.

ئەو هۆشداری دەدات لەوەی كەمیی پەیوەندی نێوان هاوسەران كاریگەری لەسەر راییكردنی ئیشوكاری نێوان خێزان هەیە و ژیانی هاوسەرگیری هەژار و بێ سۆز دەكات.

رادانا چاباشتبانكۆڤا، پزیشكی دەروونی، پێی وایە تەندروستی و جۆری ژیان پەیوەندییان بە دۆخی خێزانییەوە هەیە و پێویستە ئەو پەیوەندییانە لە جۆری باش بن لەبەرئەوەی مرۆڤی نێو ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرگری هەیە لە بەرامبەر بارودۆخە ئاڵۆزەكاندا.
Top