ڕووسیا هێرشی مووشەکی ئۆکرانیای بۆ سەر دۆنێتسک ڕاگەیاند
ئاژانسی هەواڵی RIA Novosti ی دەوڵەتی ڕووسیا ڕۆژی هەینی 10ی کانوونی دووەم لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: کە ئۆکرانیا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر فرۆشگایەکی خۆراک لە دۆنێتسک ئەنجامداوە.
بە وتەی کاربەدەستانی ڕووسیا لەم هێرشەدا دوو هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە ئۆکرانیا مووشەکی HIMARS ی ئەمریکی بەکارهێنابێت لەو هێرشەدا.
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو دۆسیەیە نەداوە، بەڵام ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلێکی سووتاو لەبەردەم باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی وێرانبوو.
بەگوێرەی کاربەدەستانی رووسیا، هێرشە مووشەکیەکەی ئۆکرانیا زیانی بە بیناکانی نزیک فرۆشگای خۆراک و 15 ئۆتۆمبێلی دیکە گەیاندووە.
هاوکات هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی 10 ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند: کە ڕووسیا شەوی ڕابردوو بە 72 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە کەوتووەتە خوارەوە، کەوتۆتە سەر باڵەخانەیەکی شاری کیێڤ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئۆکرانیا دەڵێت 33 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە و 34 فڕۆکەی دیکەی بێفڕۆکەوان بەبێ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان لە ڕاداردا دیارنەماون.
ڕووسیا لە 24 شوباتی 2022 ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە پێکدادانەکانی کوشندە لە نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە.
گوڵان: سەردار خەلیل