فیستیڤاڵی هەنار و كەرەستە و خواردنی كوردەواری
ساڵی ڕابردوو لە مانگی یانزە، فیستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە چوو، ئەمساڵ كە وەك فیستیڤاڵێكی ساڵانە لە مانگی یانزەدا لە شاری هەڵەبجە بەڕێوە چوو، لە مانگی دوانزەش دیسانەوە لە هەولێر بە درووشمی پێكەوەژیان و ئاشتی، فیستیڤاڵی هەنار و كەرەستە و خواردنی كوردەواری لەبەردەم پاركی شانەدەر بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەڕێوە چوو، بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە فیستیڤاڵە كات و شوێن و پانتاییەكی تەواوی پێویستە، تا ئەو هەموو كەرەستە و كەلوپەل و خۆراكی كوردەواری و میوە و سەوزە و خشڵ و جلوبەرگ و یاریی منداڵان ڕێك بخرێت، سەرەتای بیرۆكەی فیستیڤاڵی هەنار لە ساڵی 2016 لە هەولێر هاتە ئاراوە، كە لە سەردەمی شەڕی داعشدا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و سەرنجی گەشتیاران بەڕێوە چوو، لە فیستیڤاڵەكەدا زیاتر لە 100 كۆشكی بچووك بۆ ئامادەكاران و نمایشكارانی بەرهەمەكانیان دانرابوون، ڕۆژانە گەشتیاران و خەڵكی شارەكانی كوردستان بە تامەزرۆییەوە سەردانی فیستیڤاڵەكەیان دەكرد، «ڕووكار تەها» كارمەندی فرۆكەخانە یەكێك بوو لە سەردانیكەرانی فیستیڤاڵەكە، بەم جۆرە ڕای خۆی لەبارەی ڤیستیڤاڵەكەوە ڕاگەیاند: «فیستیڤاڵی لەم جۆرە كە نمایشی كەلوپەل و كەرەستەی كوردی و خواردنە كوردەوارییەكانن، هەروەها ڕێگەیەكە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ». هاوكات «ئەمەل سانی» مامۆستای زانكۆ یەكێكی دیكە بوو لە ئامادەبووانی فیستیڤاڵەكە گوتی: «بیرۆكەیەكی جوانە، دەتوانیت بە ماوەیەكی كەم زۆرترین كەرەستە و كەلوپەل لێرە بە نرخێكی باش بەدەست بهێنیت، هەروەها دەرفەتێكە بۆ دەستخستن و كەرەستە و پارێزگاریكردن لە كەلوپەلی كوردەواری و بەروبوومی خۆماڵی».