ئـــەســپـــەكـــەت فێری فڕین دەكەم
(تۆماس ئەدیسۆن) داهێنەری ئەمریكی دەڵێ " من نەدۆڕاوم بەڵكو بە ئاسانی دە هەزار ڕێگای سەرنەكەوتووم دۆزییەوە".
سەركەوتن و سەرنەكەوتن یان بازدان و چەقین و چەندەها دستەواژەی تری دژ بە یەك لە فەرهەنگی ژیانی هەر یەكێكمان بوونی هەیە، چەند سەركەوتن و بەدەستهێنان بەختەوەر و دڵخۆشمان دەكات، هێندەش بەڵكو زیاتریش سەرنەكەوتن و بەدەست نەهێنان ئەزموون و شارەزاییو چاوكراوەیی و ناسینی دەوروبەر و ژینگەمان زیاتر پێ ئاشنا دەكات. ئەوەی گرنگە پێویستە لەقوتابخانەدا لە پرۆگرام و كتێب یانیش لە ئامۆژگاری بەرێوەبەر و مامۆستایان، گرنگە هانی قوتابیان بدرێت كەوا فێریان بكەین بۆ ئەوەی سەركەوتووبن، پێویستە بڕوا و نیەت و نیاز و بڕیاردانیان هەبێت و ورە بەرز و سوور وبەردەوام بن و پێداگیری بكەن لە سەر خوێندن و پابەندی و گوێ ڕایەڵی و دەرچوون، گرنگە هەموو قوتابییەك بڕیاری ئازایانەی هەبێت بۆ دەرچوون هەرگیز دەستەوەستان و بێ هێز نەبێت، بەڵكو خۆڕاگر و پێشەنگ بێت و ئیرادەی بەهێزی هەبێت و بەردەوامیش هەوڵ بدات و بڕیاری دەرچوون لەلای خۆیەوە بدات، هەمیشە پێشبینی ئاستەنگ و كۆسپ و گرفت بكات، بەڵام بێ هێز نەبێت و ڕێگا نەدات ئەو ئاستەنگ و كۆسپانە ڕێگر و بەربەست بن لە بەردەم دەرچوون و پێشكەوتن و بەرەوپێشچوون.
بۆ پاڵپشتی كردنی ئەو وتارە ئاماژە بەو چیرۆكە دەدەم دەگێڕنەوە كەوا " پادشایەك بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بە سەر دوو كەسی تاوانباردا سەپاند كاتی جێبەجێ كردنی ئەم بڕیارەش یەك مانگ لەدواتر بوو، تاوانبارێكیان ملكەچ و بێ هیوا بوو لە گۆشەی زیندانەكەدا دانیشتبوو دەگریا چاوەڕێ مردنی دەكرد، بەڵام تاوانبارەكەی تریان زیرەك و چاونەترس و ژیر بوو دانیشت بیری لە ڕێگەیەك بۆ ڕزگار بوون كردەوە یاخود ڕێگەیەك وا بكات بۆ كاتێكی زیاتر لە ژیاندا بمێنێتەوە و نەمرێت، شەوێكیان دانیشتبوو بیری لە پادشا دەكردەوە باری دەروونی پادشا چۆنە و حەزی لە چییە و ڕقی لە چییە، دواتر بە مێشكیدا هات كە پادشا زۆر ئەسپی خۆشدەوێت چونكە كاتەكانی بەردەوام لەگەڵ ئەسپەكەیدا بە سەر دەبات، تاوانبارەكەش بەم جۆرە بیرۆكەیەكی ژیرانەی هات بە مێشكیدا دەستیكرد بە هاواركردن كرد و بانگی پاسەوانەكانی كرد داوای بینینی پادشای كرد سەبارەت بە بابەتێكی گرنگ، پادشا ڕازی بووچاوی پێ بكەوێت و پرسیاری ئەم بابەتە گرنگەی لێ بكات، تاوانبارەكە پێی وت دەتوانێت لە ماوەی یەك ساڵدا ئەسپەكەی فێری فڕین بكات بەو مەرجەی بڕیاری لە سێدارە دانەكەی بۆ ساڵێك دوا بخات، وە ئەگەر ئەسپەكە فڕی ئەو كات ئەم ئازاد بكرێت لە بەرامبەر فێركردنی ئەسپەكەدا، پادشا كەمێك بیری كردەوە چەند خۆش دەبێت سواری ئەسپێكی فڕیو ببێت و بەجیهاندا بفڕێت، هەر بۆیە پادشا بەداواكەی ڕازی بوو، كاتێك تاوانبارەكەی تر هەواڵەكەی بیست و تووشی سەرسوڕمان بوو بەوەی تریانی گوت پێم بڵێ هەر بە ڕاستی تۆ دەتوانی ئەسپ فێری فڕین بكەیت؟ ئاخر ئەسپ هەرگیز نافڕێت چۆن بوێری ئەوەت هەبووئەم داوایە لە پادشا بكەیت و پێشنیاری شتێكی ئاوای بۆ بكەیت؟ تاوانبارە زیرەكە كە پێی دەڵێت منیش دەزانم ئەسپ نافڕێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئازادیم چوار دەرفەتم بە خۆم داوە یەكەمیان ئەوەی كە پادشا لە ماوەی ئەم ساڵەدا بمرێت، دووەمیان ئەوەی ڕەنگە من خۆم بمرم كە ئەوەش لە سێدارەدانەكە باشترە، سێیەمیان ئەوەی كە ڕەنگە تاكو ساڵێكی تر ئەسپەكە مردار ببێتەوە، ئەگەری چوارەم و كۆتاییش ڕەنگە بەڕاستی بتوانم ئەسپەكە فێری فڕین بكەم " ئەم چیرۆكە فێرمان دەكات كاتێك هەر كێشەك رووبەڕوومان دەبێتەوە نابێت بێ ئومێد ببین و ئەم چیرۆكە پێمان دەڵێت بێ هیوا مەبە و ملكەچی یەك چارەسەر مەبە لە هەموو كێشەیەكدا مێشكت بخەرە كار بەدوای دەیان چارەسەردا بگەڕێ، ڕەنگە یەكێك لە چارەسەرەكانی سەركەوتوو بێتو خۆشبەختانە لەو كێشەیەی كە تووشی بوویت ڕزگارت بكات تۆ تەنیا هەوڵبدە هیچت لەدەست ناچێت، بەڵام هەرگیز نا ئومێد مەبە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی