یاسا، كشانەوە لە سكاڵاكردن
بەشێوەیەكی گشتی تەنازولكردن لە سكاڵا هۆیەكە لە هۆیەكانی نەمانی داوای سزایی، لە هەمان كاتدا هەڵسوكەوتێكی یاساییە كە ویستی تاوانلێكراو نیشان دەدات، جا بە شێوەی ڕاشكاو یان ناڕاشكاو، بۆ وەستانی ڕێكاری یاسایی سەبارەت بە سكاڵای تۆماركراو كە خۆی دەبینێتەوە لە وەستانی بەڕێوەچوونی ڕێكارەكانی داوای سزایی. هەر كاتێكیش سكاڵاكار تەنازولی كرد لە سكاڵاكەی، ئەوا دواتر ناتوانێت لەسەر هەمان بابەت سكاڵای نوێ بكاتەوە، یان سكاڵا تۆمار بكاتەوە، هەروەك لە مادە (٩)ی یاسای بنەماكانی دادگاییە سزاییەكاندا هاتووە: «تەنازولكردن لە سكاڵا یان لە داوای مافی مەدەنی ڕێگرە لە نوێكردنەوەی ئەو مافەی كە تەنازولی لێ كراوە لە بەردەم هەر دادگایەكی مەدەنی یان سزایی»دا. هەر كاتێكیش بە هۆی تەنازولكردن داوای سزایی داخرا بە شێوەی یەكجارەكی، ئەوا بە هەمان شێوە داخستنەكە ڕێگر دەبێت لە بەردەوامیدان بە ڕێكارەكانی لێكۆڵینەوە، هەروەك لە بڕگە (د)ی مادە (٣٠٢)ی هەمان یاسادا هاتووە: «بڕیاری یەكلابووەوە بە داخستنی داوا بە یەكجارەكی ڕێگری دەكات لە بەردەوامیدانی ڕێكارەكانی لێكۆڵینەوە تیایدا تا دوایی».