خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیەکانی وەزارەتی پەروەردە
(نیسلون ماندێلا) سیاسەتمەدار و سەرۆكی پێشووتری باشوری ئەفریقیا دەڵێ " فێركردن ئەو چەكەیە زۆرترین كاریگەری هەیە کە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ گۆڕینی جیهان".
شك لەوەدانییە پەروەردە و فێركردن تاكە پرۆسەی بنیاتنان و پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە لە هەموو ڕوویەكەوە، وە فێركردنی ئەلیكترۆنی و بەدیجیتاڵ كردنی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەكان بۆتە زەروورەت و پێویستییەكی تایبەت لەم سەردەمەی كەوا ناسراوە بە كانگەی تەقینەوەی زانست و زانیاری و بڵاوكراوەی ئەلیكترۆنی. حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی و ڕابەرایەتی جەنابی كاك مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندنی كارنامەی كابینەی دا بەلێنی دا و جەختی كردەوە لە بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروباری حكومەت چ لە ئاستی پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنیەكان بۆ هاووڵاتیان و چ لە ئاست كاروباری ناوخۆیی ، بەلێنەكان جێ بەجێ كراون وێڕای هەموو ئاستەنگ و ئالنگارییەكان تەواوی خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی پەروەردە بە دیجیتاڵی كراوە ئەویش بە هەوڵ و ماندووبوونی جەنابی وەزیری پەروەردە و ستافی پەیوەندیدار،کە بە كورتی باسی هەندێك خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیەكانی وەزارەتی پەروەردە دەكەم.
1-دامەزراندن و بەكارخستنی سیستەمی (ئی-پەروەردە) سیستەمێكی ئەلیكترۆنیە پێكهاتووە لە بەشەكانی زانیاری (فەرمانبەران و مامۆستایان، قوتابخانە،قوتابی، نمرەكانیان، كۆگا، مووچە،دەركردە و وەرگرتە) هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی حكومەت كابینەی نۆیەم بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروباری حكومەت وەزارەتمان دەستپێشخەر بوو لەم بوارەدا و بەردەوامە لە بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروباری وەزارەت پرۆژەی بەستنەوەی قوتابخانەكان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی (ئی-پەروەردە) لە سەر ئاستی وەزارەت و پەروەردەی پارێزگاكان و پەروەردەی قەزاكان و قوتابخانەكان بە حكومی و ناحكومی جێ بەجێ كراوە.
2- پۆستی ئەلیكترۆنی لە ئێستادا تەواوی نوسراوەكان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكانەوە بە شێوەی ئەلیكترۆنی دەگاتە وەزارەت و پشت بە پۆستەی دەستی نابەسترێت، هەروەها لە پەروەردەی قەزاكانەوە نوسراوەكان بە ئەلێكترۆنی دەنێردرێت بۆ پەروەردە گشتییەكان و بە هەمان شێوە سەرجەم قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەی ئەلیكترۆنی نوسراوەكانیان ئاراستەی پەروەردەی قەزاكان دەكەن، لەدوا هەنگاویشدا سەرجەم نوسراوەكانی بەرێوەبەرایەتیە گشتییەكانی سەر بە دیوانی وەزارەتمان و نوسینگەی وەزیر بووە بە ئەلیكترۆنی و واژووی ئەلیکترۆنی لەسەر نوسراوەکان دەکرێت .
3- ئی-هەڵسەنگاندن
لەوپلاتفۆرمەدا قوتابخانە بە شێوەی ئەلیکترۆنی هەڵسەنگاندنی قوتابی لە سەر چەند ئاستێك دەداتە خێزانەكەی، لە ڕووی ئامادەبوونی لە دەوام، بەشداری لە چاڵاكیەكانی ناو پۆڵ و دەرەوەی پۆڵ، باری تەندروستی و دەرووندروستی قوتابیەكە و ئاستی قوتابی لە وانەكانیدا.
4-ئی-كتێبخانە
لەو پلاتفۆرمەدا چەندین سەرچاوەی زانستی و پەروەردەیی دانراوە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەلایەن مامۆستا و قوتابیان و خانەوادەكانیان.
5-ئی-خێزان
ئەو پلاتفۆرمە تایبەتە بە ڕێنماییدان بە خێزان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەلەكردنی لەگەڵ جگەرگۆشەكانیدا بە شێوەی تێكست و نامیلكە و ڤیدیۆ.
6-ئی-باڵەخانە
تایبەتە بە كۆی داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە باڵەخانەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و زەوییەكانی تەرخان كراون بۆ دروست كردنی قوتابخانە و باخچە.
7-ئی-بەدواداچوون
بەمەبەستی دابین كردنی كارئاسانی بۆ مامەلەی مامۆستا و قوتابی و هاووڵاتیان.
8-ئی-وانە
تایبەتە بە خوێندنی ئەلیكترۆنی لەو پلاتفۆرمەدا سەرجەم وانەكان بە شێوەی ڤیدیۆ تۆماركراوە بە زمانەكانی كوردی و (سۆرانی وبادینی) عەرەبی و ئینگلیزی و سریانی و توركمانی بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن. هەروەها لە كابینەی نۆیەمدا وەزارەتی پەروەردە دەستی كرد بە چاكسازی لە بواری تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆڵی 12ی ئامادەیی لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك لە پەرەی سۆما بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری و شەفافیەت و ڕێگەگرتن لە بەخراپ كەلك وەرگرتن لە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان كە گرنگترینیان چاپكردنی ناوی چواری قوتابی و ناوی هۆڵی ئەزموونی وەزاری، دانانی پەنجە مۆر و وێنەی قوتابی لە سەر پەرەی سۆما، دانانی كۆدی ئەزموونی و چەندەها زانیاری تری پێویست، هەروەها دانانی (26)جۆری پرسیار و دوای ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان هەموو پەڕەی سۆمای وەڵامەكانی قوتابیان سكان دەكرێت و لە ڕێگەی سایتی وەزارەتی پەروەردە دەخرێتە بەرچاوی قوتابیان بۆ ئەوەی لە ئەنجامەكانی خۆیان دڵنیابن،
جگە لەوانەش بەمەبەستی نزیك بوونەوە كە هاووڵاتی و پەروەردەكاران و بەخێوكاران و كەسوكاری قوتابیان و كەمكردنەوەی بەربەستەكانی لە نێوان وەزارەت و خەڵكدا، وەزارەت ژوورێكی تایبەت بە چەند هێلێكی گەرمی دامەزراندووە بە ناوی ژووری سكاڵا و بەداوداچوون، ئەوانەی سەرەوە بەشێك بوون لەم وتارەدا باسمان كرد،
لە وتارەكانی تر باسی دەستكەوت و بەرهەمی زیاتری وەزارەتی پەروەردە دەكەین لە كابینەی نۆیەمدا.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی