ئـــایــــا پــێـکــەوەژیـــان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە شۆڕشی ئەیلول ؟
(*)
پێکەوەژیان هێمایەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتنخوازە. ئامانجی گەلانی پێشکەوتوو پێشخستنی خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، کە بە یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی یەکتر بەدی دێت. ئەمه له چوارچێوەی وڵات و ناوچه سەربەخۆکاندا ڕوودەدات و بەها ئایینی و نەتەوەییەکانیش دەگرێتەوه . جوانی ئەم جیهانە لە هەمەچەشنییەکەیدایە، کە خەڵکی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بەشدارن لە زیندووییەکەیدا. لە ڕووی ئاینیەوە هەمو ئاین و مەزهەبەکان کۆکن لە سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، وەک لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە خودای گەورە دەفەرموێت:( يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ ...... (13). واتا” ئێوەمان کردە گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەکتر بناسن“.
وە لە ئاینی مەسیحیشدا لە کتێبی پیرۆز دا هاتووە دەلێت: (المجد لله فى الأعالى وعلى الأرض السلام وللناس المسرّة).واتا” شکۆ و شکۆمەندی بۆ خودا لە بەرزترین ئاست و لەسەر زەوی ئاشتی بۆ مرۆڤی خاوەن ویستی چاک“. هەروەها لە ئاینی ئێزیدیدا داکۆکییەکی تەواو دەکرێت لە سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، وەک ووشەی (کریڤ) مانایەکی تایبەتی هەیە کە ئاماژەیەکە بۆ بوون بە برای خوێنی لە نێوان تاکەکانی ئێزیدی و تاکێک لە ئاینەکانی تر کێکی تر
وە لە ڕووی تریشەوە زۆربەی سیستەمە کۆمەلایەتیەکان و کۆمەلناسان و پارتە نەتەوییەکان دروشمی پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە بۆ کۆمەلگاکەیان دەخوازن.
لێرەدا دەمانەوێ بیری خوێنەران بخەینەوە شۆڕشی ئەیلول چەند بایەخی داوە بە ئاشتی کۆمەلایەتی بە ڕێزگرتن و یەکتر قەبول کردن بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە و سەقامگیری کۆمەلایتی. شۆڕشی ئەیلول شۆڕشێکی کوردستانی بوو لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەکداری و فیکریدا، بۆ ڕەواندنەوەی تاریکی نائومێدی و ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمانەی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپێندرابوو، ئەمە ڕەنگی دابووەوە بەسەر بەرگری لە پێکهاتەکانی کوردستان و دوور لە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی . شۆڕشی ئەیلول خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ گەلی کورد، کە بێزار ببوون لەو ستەم و بێ ئومێدییەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناچاری بەرگەگرتن بوون. ئەم شۆڕەشە تەنیا گۆرانکاری سیاسی نەبوو، بەڵکو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فیکرییش بوو. شۆڕش ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگایەک بوو کە بەهای گشتگیری و فرەچەشنی بدات، کە هەموو پێکهاتەکان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانیان. کولتوری پێکەوە ژیان لە کوردستاندا بەڵگەی بەهێزی و خۆڕاگری گەلی کوردستانە. سەرەڕای هەوڵی جۆراوجۆر بۆ لەناوبردنی ئەم کولتوورە جوانە.
شۆڕشی ئەیلول ساتێکی سەرەکی بوو لە مێژووی کورددا، وەک هێمایەکی بەهێزی یەکڕیزی بۆ هەموو پێکهاتەکان خزمەتی دەکرد. بارزانی نەمر، سەرکردەیەکی مەعنەوی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر بوو کە چەمکی پێکەوەژیانی گۆڕی بۆ واقیعێکی زیندوو و هەناسەدەر. پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی کۆکردەوە و سەرکردایەتیانی کرد لە شەڕی ئازادی دژ بە ستەم.
خوێنی شەهیدانی کوردستان، وەک ، حاجی خدر خرمە و مەحمود ئێزدی و ئادەم قەیسەر و جەمال فەتاح کاکەیی و هورمز مەلیک چەکۆ و میخائیل بنیامین شاهین و مارگرێت و ئەلیاس یونان گلیانا لە هەمان بەرەکانی شەڕدا ڕژا، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ ئەم مەبەستە. قوربانیدانیان بۆ هەمیشە وەک نموونەیەکی درەوشاوەی ئازایەتی و ئیرادە لە بەرامبەر ناخۆشیەکاندا لەبیر خەلکی دەمێنێتەوە.
شۆڕش بزووتنەوەیەکی جێی سەرنج بوو کە پاڵپشتی لە مافی هەموو چین و پێکهاتەکانی کوردستانی عێراق دەکرد. سەردەمی قوربانیدانی گەورە بوو، چونکە خەڵک ماندوو نەناسانە کاریان دەکرد بۆ بەرەوپێشبردنی شۆرەش بە یەکرێزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکتر قبوڵکردن لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. شۆڕش لەلایەن پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانەوە پاڵپشتی دەکرا، بەبێ هیچ جیاوازییەک. ئەمەش چەندین سەرکردە و ئەندامی کاریگەر لە پێکهاتە و مەزهەبی جیاوازەوە لەخۆگرتبوو، وەک تورکمان و ئاشووری و کلدانی و سریانی و ئێزدی و کاکەیی و فەیلی و ئەرمەنی . ئەو تاکانە جێی سەرنج بوون کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە شۆڕشدا هەبووە و تا ئێستاش بەشدارییەکانیان لە کۆمەڵگادا دیار و کاریگەرە
بارزانی نەمر سەرکردەیەکی چاکەخوازی کۆمەلایەتی بوو کە بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی بەرجەستە دەکرد. ڕێزێکی زۆری بۆ پیرۆزییەکانی هەموو ئایینەکان نیشان دا، پابەند بوو بە دروستکردنی شۆێنی پەرستن بۆ باوەڕدارانی هەموو ئاینەکان بەبێ جیاوازی، وە لە کۆبوونەوەکانیدا پێشوازیی لە بۆچوون و سەرنجی ڕێبەرانی ئایینی و خەڵکی پاشخانی جۆراوجۆر دەکرد. وەک ئەوەی بیندرا لە کۆنگرەی گشتی نیشتیمانی لە کۆیە(18ی ئاداری 1963).
دیدگای بارزانی فێرمان دەکات کە بە ئامێزگرتنی فرەچەشنی و پەروەردەکردنی ڕێزگرتنی یەکتر، دەتوانین کۆمەڵگایەکی هاوسەنگتر و ئارامتر بۆ هەمووان دەستەبەربکەین.
هەر ئەمەش بوو هانی فەیلیەکانی دا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە شۆڕشی ئەیلولدا. لە سایەی هاوکاری بەخشندەی سەرمایەدارە جۆراوجۆرەکانی فەیلی، "ئێزگەی دەنگی کوردستان" توانی کەرەستەی پێویست بۆ دەستپێکردنی ئێزگەی نوێیەکەیان بەدەست بهێنێت. ئێزگە کە بە دروشمی بەهێزی "ئێرە دەنگی کوردستان" دەستی بە کارەکانی کرد. ئەمەش بڕگەیەکی بەرچاو بوو لە مێژووی گەلی کورددا و سەرکەوتنی (ئێزگە)کە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریی فەیلیەکان.
وەهەروەها ئەگەر سەیری بڕیارەی حەکیمانەی بارزانی نەمر بکەین کە پێداگری لە سەر دانانی مەسیحێک دەکات وەک قایمقایم, هەروەک لە یاسای ئەو کاتی عێراقدا هات بوو تەنها موسڵمانان ڕێگەیان پێدەدرێت ببنە (والی) قایمقایم و پارێزگار، لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی نەمر ڕەتیکردەوە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە (فرانسۆ هەریری) وەک مەسیحێک ببێتە یەکەم قایمقایمی قەزای چۆمان. ئەم بڕیارە بوێرانە نەک هەر بەربەستەکانی شکاند بەڵکو نیشانی دا کە فرەچەشنی و گشتگیری بۆ کۆمەڵگایەکی گەشەسەندوو پێویستە.
با ڕێز لە ڕۆحی شۆڕشی ئەیلول بگرین بە بەردەوامبوون لە بەرز ڕاگرتنی ئەم بەهایانەی گشتگیری و فرەچەشنی. بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ستەم و هەڵاورد کردنێک.
(*)
ماستەر لە پەیوەندیە نێوکولتووریەکان