مەلا شكور هەروتی: لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بانگم داوە و دەنگم بە تۆماركراوی لە زۆربەی مزگەوتەكاندا هەیە

مەلا شكور هەروتی:  لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بانگم داوە و دەنگم بە تۆماركراوی لە زۆربەی مزگەوتەكاندا هەیە

لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بانگم داوە و دەنگم بە تۆماركراوی لە زۆربەی مزگەوتەكاندا هەیە

بانگخوێنەكان، ئەوانەی بەر لە هەر نوێژێك بانگی خۆیان دەدەن، هەر یەكە بە ڕەنگ و تۆن و ڕیتمێكی تایبەت بەخۆیان بانگ دەدەن، زۆربەیان دەنگێكی خۆش و ساف و بە جۆشیان هەیە، لە كاتی بانگدانیشدا هەزاران ڕەحمەت و دەستخۆشی و ستایشیان بۆ دەچێت، مەلا شكور هەروتی یەكێك لە دەنگ خۆشترین بانگخوێنەكانی كوردستان، ئەو بەڕێزە لە زۆربەی مزگەوتەكان و بۆنە ئاینییەكاندا بانگ دەدات و قورئانیش دەخوێنێت، گۆڤاری گوڵان بە چەند پرسێك بەسەری كردەوە و ئەویش بەم جۆرە وەڵامی داینەوە...

 

* ئەگەر بكرێت زیاتر خۆت بە خوێنەرەكان بناسێنیت؟

- ناوم مەلا شكور هەروتییە، خەڵكی گوندی شارسینەم لە دۆڵی ئالانەی سەر بە نەحیەی خەلیفان، پیشەم پێشنوێژی و وتارخوێنییە لە گوندی خەلان بیاو سەر بە ناحیەی خەلیفان.

* لە كەیەوە دەستت بە بانگدان كردووە؟

-من لە تەمەنی منداڵی و لە تەمەنی 13ساڵیدا دەستم بە بانگدان كرد، ئەو كاتە زۆر كەس پێیان دەگوتم دەنگت خۆشە و دەست بە بانگدان بكە.

*چۆن بوو دەنگی خۆت بۆ بانگدان تەرخان كرد تا خزمەت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەیت؟

-من كە هەستم كرد خاوەن بەهرەم و خەڵكیش هاندەرم بوون تا بانگ بدەم، بەتایبەت مامۆستا مەلا عەلی خەیلانی كە مامۆستای گوندی خۆمان بوو، ئەو زۆر هانی دام كە بانگ بدەم و فێری چۆنێتیی بانگدانی كردم.

* جەماوەرێكی زۆر دەستخۆشی و ستایشی دەنگت دەكەن كاتێك گوێیان لە بانگەكانت دەبێت، هەستت چۆنە؟

-هەست بە دڵخۆشی دەكەم كە زۆر كەس دەستخۆشیم لێ دەكەن، چونكە پیشەكەم پیشەیەكی پیرۆزە، كە بانگ دانە، بۆیە بە شانازییەوە هەتا ماوم بەو دەنگە بانگ دەدەم و خزمەتی ئایینی ئیسلامی پێ دەكەم.

* ئایا بانگدانی ڕاستەقینە واتە بانگبێژ ڕاستەوخۆ بانگ بدات، یان تۆمار بكرێت و بە ئامێرەكان لێبدرێت، كامەیان باشترە؟

- بێگومان باشترە بانگ ڕاستەوخۆ بدرێت، من ئەوەم پێ باشترە لەوەی كە ئەلیكترۆنی بدرێت، چونكە بانگبێژ هەرڕۆژە و لەسەر شێوازێك خۆی ڕادەهێنێت و ڕاهێنان دەكات، بەڵام ئەگەر تۆمار كراو بێت، یەك شێوازە.

* تائێستا لە چەند مزگەوت و شوێنی دیكە بانگت داوە، ئەی بەشداریی هیچ پێشبڕكێ و خولێكی بانگدانت كردووە؟

- لە زۆربەی مزگەوتەكانی ئەو كوردستانە خۆشەویستە بانگم داوە، لەوانە (قەزای ڕواندز، شاری سلێمانی، بیارە و تەوێڵە لە هەورامان، هەولێر، ئاكرێ، هەڵەبجەی شەهید) ئێستاش دەنگم بە تۆمار كراوی لەسەر ئامێرەكانی بانگدانی زۆربەی مزگەوتەكان هەیە.

*بە كام بانگبێژی جیهان سەرسامیت و دەنگی كێت پێ خۆشە؟

-لە كوردستان و دەرەوەش زۆر بانگبێژی دەنگ خۆش و بەتوانا هەن، بەڵام ئەوەی زیاتر دەنگیم پێ خۆشە، سەرسامم بە بانگبێژی بەناوبانگی سعودی عەلی ئەحمەد مەولا، كە بە (عەلی مەولا) ناسراوە.

* شێوازی بانگدانەكەت لاساییكردنەوەیە، یان خۆت ئەو شێواز و نۆتەت بۆ داناوە؟

-شێوازی بانگدانم لاساییكردنەوە نییە و شێوازی تایبەت بە خۆمم هەیە، كە خۆم ئاواز و بەرزی و نزمیم لە دەنگ و تۆنەكانمدا بۆ داناوە.

 

Top