مــــەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتوو

مــــەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتوو

هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لە کابینەکەیەوە مەسرور بارزانی دیدگایەکی ڕوونی بۆ ئایندەی کوردستان پیشان دا، کە سەرەنجی دەخستە سەر گەشەپێدانی ئابووری و ئاسایش و پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
هەر زوو لەسەر شانۆیی سیاسی ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو کەسایەتییەکی بەهێز و سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا دەرکەوت. بەتایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسرور بارزانی، هەوڵەکانی بۆ بنڕکردنی گەندەڵی و چاکسازی خستەگەڕ، لەبوارەکانی دیکەشدا، هەوڵەکانی بۆ گەشەی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هەمەچەشنکردنی ئابووری هەرێم لە دەرەوەی وابەستەیی نەوت چڕکردەوە. سەرەڕایی بەربەستی ناوخۆی و دەرەکی، هەوڵەکانی ئەو کوردستانی بەرەو سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئاراستە کرد. تەنانەت شێوازی حوکمڕانی و دیدگای ستراتیژی بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی وایکردووە ناسناوی سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتووی پێببەخشن.
لەسەرەتاوە بە گرنگی پێدان بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و دەستپێشخەرییەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی وەکوو کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، و تەکنەلۆجیا و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنە و ڕەخساندنی ژینگەیەکی بازرگانی لەبار، ئاسانکاری کردووە بۆ سەرهەڵدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی سەرمایەداران لە جیهانەوە دەیانەوێت سەرمایەکانیان لە کوردستان بەگەر بخەن. هەروەها پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان یەکێکە لە ئەولەوییەتی سەرەکی کارەکانی، مەسرور بارزانی لە ڕێگەی حوکمڕانی کاریگەر و هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، ماندوو نەناسانە کاری کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یاسا و ڕێسا و سنوورەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی کوردستان، پەرەپێدانی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی. تەنانەت دانیشتوانی ناوچەکانی خواروی عێراقیش لەبەر نەبوونی تەنهای و سەقامگیری عێراق ڕوویان کردووەتە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لایەنە پەیوەندیدارە جیهانییەکان، دەرفەتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و هاوکاریی فراوانتر کردووە و پێگەی کوردستانی لەسەر شانۆی جیهانی زیاتر بەرزکردووەتەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، لەوانە سیاسەتی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و لەلایەن حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەوڵی چەند لایەنێک لە لایەنە کوردییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ لاوازکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێم و هەوڵدانی میلیشا چەکدارەکانی عێراق بۆ تێکدانی سەقامیگری و ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و موشەکبارانکردنی هەولێری پایتەخت و لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سەرۆکوەزیران خۆڕاگری و ئیرادەی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا پیشانداوە، لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی قەیرانەکان و بڕیاردانی ستراتیژییەوە، بەتایبەتی ڕۆڵی کاریگەری مەسرور بارزانی لە داڤۆس و گەیاندنی سکاڵا و شەکوای گەلی کوردستان بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەیەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی کوردستان دادەنرێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە.

لە فەرهەنگی سیاسەتی جیهانیدا، پەیوەندییە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان ئەو تەوەرانەن کە نەتەوەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە و دەبنە هۆی بەهێزکردنی هاریکاری و سەقامگیری و پێشکەوتنی گەلان، مەسرور بارزانی وەکوو سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. هەرچەندە تێگەیشتن لە گرنگی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مەسرور بارزانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی وردتر هەیە لەسەر ئەو ڕۆڵە سەرەکییانەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا دەیانگێرن. بەتایبەتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەک کە پڕە لە گرژی و ململانێی جیۆپۆلیتیکی، بە پەرەپێدانی دیالۆگ و هەماهەنگی نێوان کوردستان و دراوسێکانی، ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە کەمکردنەوەی ناکۆکییە هەرێمییەکان و برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هەموو پێکهاتە و ئاینزایەک لە کوردستان. پەیوەندییە دیپلۆماسییە بەهێزەکانی مەسرور بارزانی یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و ژینگەیەکی ڕەخساندووە کە بووەتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
ئەمەش بە سیاسەتی حەکیمانەی مەسرور بارزانی کاریگەرییەکی گرنگی هەبووە لە ڕەخساندنی پەرەپێدانی ئابووری و توانیویەتی وەبەرهێنانی بیانی ڕابکێشێت و بازرگانان هان بدات سەرمایەکانیان بهێننە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕێککەوتنی بازرگانی و باشترکردنی هەماهەنگی ئابووری توانیویەتی ژێرخانی کوردستان بەهێز بکات و هەلی کار دروست بکات و ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی باشتر بکات.

هەروەها بە ڕەچاوکردنی هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی
زۆر گرنگن بۆ هەماهەنگیکردنی هەوڵە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بە شێوەیەکی کاریگەر. دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی مەسرور بارزانی هاوکاری هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کردووە لە ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانی دژە بە تیرۆرستان. ئەم هەماهەنگییە نەک هەر ئاسایشی کوردستان باشتر کردووە، بەڵکو یارمەتیدەربووە لە هەوڵە جیهانییە فراوانەکان بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆریزم.

Top