ســـەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئیستۆنیا کرد
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئالار کاریس لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێکەوە باس لەو بابەتانە دەکەن کە جێگەی سەرنجی هەردوولان، وەک پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕی داعش.
لەبارەی سەردانەکەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پێشنيوهڕۆى ئهمڕۆ چوارشهممه، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتيى ههولێر، پێشوازى له ئالار كاريس سهرۆكى كۆمارى ئيستۆنيا كرد كه جارى يهكهمه سهردانى عێراق و ههرێمى كوردستان دهكات".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بڕياروايه ئێوارهى ئهمڕۆ ههردوو سهرۆک كۆبوونهوهيهک ئهنجام بدهن و دهربارهى پهيوهندييهكانى ئيستۆنيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و برهودان به بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش، گفتوگۆ بكهن و بيروڕا بگۆڕنهوه".
ئیستۆنیا وڵاتێکی بچووکی باکووری رۆژهەڵاتی ئەوروپایە و پایتەختەکەی تالینە.
دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991، سیاسەتی ئەو وڵاتە هاوتەریب بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و لە 2004دا بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا یەک ملیۆن و 331 هەزار کەسە و رووبەرەکەی 45 هەزار و 340 کیلۆمەتر دووجایە؛ ئیستۆنی زمانی فەرمییە.
ئیستۆنیا خاوەنی 250 هەزار سەربازە کە 4000یان چالاکن.
ئەو وڵاتە پەرلەمانێکی هەیە کە 101 ئەندامی هەیە و 4 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت. ئالار کاریس، سەرۆکی وڵات و کاجا کاڵاس، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014 بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و یەکەیەکی سوپای ئەو وڵاتە کە لە 110 سەرباز و راوێژکار پێکهاتووە لە هەولێرن و ئەرکیشیان پاراستنی بنکە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی خێرایە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ەوە بە ناردنی چەک یارمەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقی داوە و نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیری تەرخانکردووە.
ئالار کاریس
- ساڵی 1958 لە شاری تارتو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیستۆنیا لەدایکبووە.
- ساڵی 1981 کۆلێژی کشتوکاڵی ئیستۆنیای تەواو کردووە و لە ساڵی 1987ـیش بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.
- لە چەندین زانکۆی ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا وانەی گووتوەتەوە.
- لەنێوان ساڵانی 2018 و 2021 بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئیستۆنیا بووە.
- زمانەکانی ئینگلیزی و رووسی دەزانێت.
- سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆیە و ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی ئیستۆنیا هەڵبژێردراوە.
- لە ساڵی 1977 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە.