ڕاهێنانی بەردەوام بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان
سیاسەتمەدار و سەربازی ئەمریكی (لویس كایس) دەلێ" لەوانەیە خەڵك گومان بكەن لەوەی كە دەیلێێ، بەڵام دەبێ باوەڕ بكەن لەوەی كە ئەنجامی دەدەی".
كارگێڕیی قوتابخانە بە یەكێك لە گرنگترین پێكهاتەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەژمێردرێت و بەردەوام پێویستی بە گەشەپێدان و پەرەپێدان و نوێ بونەوە هەیە، چ لە ڕووی بەرپرسیاریەتی گرنگی لە بنیاتنانی تاكەكانی كۆمەڵگە بە گشتی و چ لە ڕووی گرنگی پێگەی قوتابخانە و كاریگەری لە سەر ژیانی كۆمەڵگە بە گشتی. بۆیە گرنگە بەردەوام پەرەبە قوتابخانەكان بدرێ تایبەت لە ڕووی كارگێڕیی (بەرێوەبەر و یاریدەدەرەكان) بەردەوام بەشدارییان پێ بكرێت لە خولی ڕاهێنان بۆ ئەوەی تواناكانیان كارامەییەكانیان، پسپۆڕییان و هونەری هەڵس وكەوت كردن بە گشتی گۆڕانكاری ئەرێنی بە سەر دابێت و ئاگایان لە پێشكەوتنەكانی كارگێڕیی پەروەردەیی بێت لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە بازنەیەكی داخراو تواناكانیان قەتیس نەبێت، بەڵكو بەردەوام گەشەسەندن و پەرەسەندن بەدی بكرێ لە ئیدارەدانیان لە كارامەیی و تواناكانیان و ئادکار و ڕەفتاریان
پێویستە بەرێوەبەری قوتابخانەكان یاریدەدەرانیان ساڵانە بەشداری چەندەها خولی ڕاهێنان بكەن، گۆڕانكاری بەدی بكەن لە بەرەوپێشبردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و چۆنیەتی هەڵسوكەوت كردن و ڕەفتاركردن لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و كەسوكاری قوتابیان و هەردەم قوتابخانەكەیان ببێتە مایەی ئاسودەیی هەموو لایەك و بەردەوام ژینگەیەكی ڕەخساو و لە بار و گونجاو بێت بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنی نەوەكانی ئایندە، هەست بكەن ماڵی دووەمیانە ئەوكات دەتوانن داهێنان ئەنجام بدەن، قوتابخانە و خوێندنیان لا خۆشەویستردەبێت. هەموویان بەیەكەوە دەست بار و یارمەتیدەری یەكتر دەبن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن.
لێرەدا گرنگە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان لە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردە بەردەوام خولی ڕاهێنانی جۆراوجۆر بۆ دەستەی كارگێڕیی قوتابخانەكان بكەنەوە و پڕۆگرامی دیاری كراو و تایبەتمەند بەكارگێڕیی بخوێنن و تاقی كردنەوە و هەڵسەنگاندنی تێدا ئەنجام بدەن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كارگێڕیی پەروەردەیی لە قوتابخانەكاندا و گەیاندنی پەیامی پەروەردە و فێركردن بە شێوەی تەندروست، وای لێ بكرێت هەردەم شێواز و جۆری ئەو خول و ڕاهێنانە سوود و قازانج بەخش بن بۆ كۆی پرۆسەكە و بەردەوام كارگێڕیی قوتابخانەكان هەوڵ بدەن بەشداری لەم خولانە بكەن كە هەمیشە دەبێتە مایەی بەرەوپێشبردن و بەهێزتربوونی تواناكانیان بە گشتی.
لە بیرمان نەچێت هەر چەندە بزانین و شارەزا بین هێشتا بەردەوام پێویستیمان بە فێربوون و فێربوونی زیاتر هەیە، هێزی هەر سەركردەیەك لە فێربوونی زیاتر و بەرەوام دایە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی