نه‌وه‌كان‌ ده‌ینووسنه‌وه‌ كه بە ریفراندۆم ‌چ تابلۆیه‌كمان نه‌خشاندووه‌

نه‌وه‌كان‌ ده‌ینووسنه‌وه‌ كه بە ریفراندۆم ‌چ تابلۆیه‌كمان نه‌خشاندووه‌

كه‌ مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر وێردی هاتنه‌ دنیاوه‌ی رێك ده‌گاته‌ ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی خوای گه‌وره‌ منی وا دروست كردووه‌؟ بۆچی من هاووڵاتیی وڵاتێكی دیكه‌ نه‌بووم؟ خۆ من ئێستا له‌وێ ژیانم خۆشتر بوو! ئه‌ی من چۆن وابكه‌م وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ ژیان، وڵات، خاك، شوناس، پێناس، ناو و نازناوم هه‌بێت؟ ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ ده‌بێت هه‌موو مرۆڤه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ و كاتێكیش كۆچی دوایی ده‌كەن هه‌ر ده‌بێت ببن به‌ خاوه‌نی.
ئاخر خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ یه‌ك تۆز ئاوڕێك له‌ رابردوو بده‌ینه‌وه‌، خۆ مێژوویه‌كی دوور و درێژی نییه، نه‌ سه‌ر هه‌ڵدانی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، ئاخۆ پێش ده‌وڵه‌ت چی هه‌بووه‌؟ خۆ هه‌ر خێڵ و ئیمپراتۆریه‌ت و قه‌یسه‌ره‌كان هه‌ر یه‌كه‌و به ‌ناوێك فه‌رمانڕه‌وایی گه‌له‌ ژێرده‌سته‌كانیان كردووه‌.
كاتێك بیری نه‌ته‌وەیی لای تاكه‌كانی ئه‌وروپا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی 17 ئیتر خۆ له‌و واده‌ به‌ دواوه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ گه‌ل و خه‌ڵك و نەته‌وه،‌ كیانێك به‌ هه‌ر ناوێك بێت بۆ خۆیان ناوزه‌ند بكه‌ن.. ئه‌م ناوزه‌نده‌ش ده‌زانن به‌ قوربانیدان ده‌بێت، پێویسته‌ خۆت و گیان و ماڵی بۆ بكه‌ی به‌ قوربانی، شه‌ڕ، نه‌بونی و برسێتی و منداڵ مردن و داگیركردن و دۆڕان و سه‌ركه‌وتن ھە‌موو ئه‌مانه‌ شاڕێی سه‌ركه‌وتن و دروستبوون و بنیادانی خۆشگوزه‌رانییه‌ به‌ ناوی ده‌وڵەت.
حاجی قادری كۆیی ده‌ڵێ: "تا ڕێك نه‌كه‌ون قه‌بیلی ئه‌كراد هه‌روا ده‌بنه‌ خه‌رابه‌ی ئاباد"..
به‌ڵێ، راسته‌ رێنماییكردن، به‌ڵام له‌وه‌ جوانتر كرداره‌.
به‌ڵێ، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوێكی كرده‌یی و دوور له‌ ئه‌دای شه‌رمنانه‌ بوو، به‌ڵێ به‌ ده‌نگی زوڵاڵ و به‌ نووسینێكی جوان بڕیار بۆ سه‌ربه‌خۆیی، خۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین، نه‌یاران و داگیركه‌ران و دوژمنان دوای ئه‌م بڕیارە پیرۆزە،‌ نوقڵ و شیرینی و پاره‌ و هاوكاری و گوڵ و گوڵزارت پێشكه‌ش ناكه‌ن، بۆچی ده‌بێت ئێمه‌ شه‌رم بكه‌ین له‌و كاره‌ پیرۆزەی ئه‌نجاممان داوه‌؟
خۆ ئه‌گه‌ر تۆ به‌وه‌ رازیت چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو بێت، رێگاش به‌وه‌ بده‌، منیش نه‌مه‌وێ گه‌له‌كه‌م راده‌ستی قه‌ده‌ری مێژوو بكه‌م و مێژوویه‌كی دوور و درێژ به‌ قه‌ده‌ر بنووسینه‌وه.
هه‌موو ئه‌و دژایه‌تییه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی كوردستان ده‌كرێت، ژانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لی كورد به‌ یه‌ك ده‌نگ داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، له‌م پێناوه‌ش هه‌رچییه‌ك له‌ ده‌ستیان بێت، ده‌یكه‌ن، ناو و شانازی هه‌موو جارێك رێك ناكه‌وێ و به‌رت ناكه‌وێ، ئای له‌و رۆژه‌ی هه‌موومان ئه‌و شانازییه‌ ده‌نووسینه‌وه‌ كه‌ به‌شدار بووین له‌ ده‌نگدان به‌ "به‌ڵێ بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی".
بۆیه‌ ده‌بینی به‌شێك له‌ نه‌یار و دژه‌ ریفراندۆم هه‌میشه‌ چێژ له‌ قوربانیدان ده‌بینن، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك قوربانییه‌ك وێنای خۆیان بكه‌ن، وه‌ك به‌زه‌یی و زه‌بوون چیرۆكه‌كانی خۆیان وه‌ك ژێرده‌سته‌ باس بكه‌ن و ده‌پاڕێنه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، له‌وه‌ش تێده‌گه‌ن ماف ده‌سه‌نرێ، نه‌وه‌ك پێشكه‌ش بكرێ.
مێژووی گه‌لان و سه‌ركرده‌كانی دنیا بۆیان باس ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و میلله‌ته‌ی ئه‌وانیش به‌ قوربانی و شۆڕشكردن مافیان به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌س نایه‌ت له‌ بری نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بڕیار بدات و شه‌ڕی بۆ بكات و ده‌ڵه‌تی بۆ دیاری بكات. ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌زڵوومییه‌ت وه‌ك یادگاری بۆ خه‌ڵك و نه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانمان بگێڕینه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانمان ببێت به‌ كتێب و به‌سه‌رهات و داستانی سه‌ركه‌وتن و هاندانی میلله‌تانی دیكه‌ كه‌ تامه‌زرۆی به‌ده‌ستهێنانی ئازادین.
بۆچی ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ دوای كه‌موكووڕی یه‌كتره‌وه‌ بین و چێژ له‌ كه‌وتن و شكانی كورد ببینین؟ به‌ دیدگایه‌كی دیكه‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك من رابه‌ری نه‌بووم، ئیتر ده‌بێت هەوڵ بده‌م ناشیرینی بكەم و رێگای تێكشكانی بۆ بدۆزینه‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌میشه‌ به‌سه‌رهاته‌كانت باسكردنی جوانی و سه‌ركه‌وتن و وێناكردنی میلله‌تانی دیكه‌ بێت.
بۆیه‌ شانازییه‌كی گه‌وره‌یان تۆمار كرد هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌ "به‌ڵێ" دا بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، ئەوەش ده‌بێته‌ شاكارێكی گه‌وره‌ كه‌ دواجار ده‌بێته‌ بناغه‌ی دروستبوونی كیانی میلله‌ته‌كه‌مان و نه‌وه‌كان و میلله‌تانی دیكه‌ وه‌ك سه‌ربورده‌ ده‌ینووسنه‌وه‌ كه ‌چ تابلۆیه‌كمان نه‌خشاندووه‌.

Top