بەردەوام بە لە هاندانی خۆت
شۆڕشگێر و یەكەم سەرۆكی باشوری ئەفریقیا(نیلسۆن مەندێلا) دەلێ" دانایی لەم ژیانە لە ساتمە و كەوتن دانییە، بەڵكو لە هەستانەوەیە دوایی هەر ساتمە و كەوتنێك".
شكی تێدانییە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی و خوێندن و كاركردندا رووبەڕووی كۆمەڵێ تەنگ و چەلەمە و كێشە و هەوراز و نشێو و سەختی و ئاسانی دەبێتەوە، بەڵام لە هیچ كاتێك نابێ ورە و بڕوا و باوەڕ و ئیرادە و متمانەی لە دەست بدات و بێ هێز و ڕاڕا دەربكەوێ و هەردەم جەخت لە سەر هەوڵدان و بەردەوامی بكاتەوە لە ژیان. چونكە ژیان بە ناخۆشی و سەختییەكانییەوە خۆشە و مرۆڤی ئازا و بەهێز دروست دەكات، نابێ لە سەخت ترین كاتەكانی ژیان ڕقمان لە خۆمان بێتەوە، پێویستە هەردەم خۆت لا پەسند بێت و لە خۆت ڕازی بیت و هانی خۆت بدەی و بەردەوام بی لە هاندانی خۆت و پاڵپشتی خۆت بكەی. هەرگیز نابێ ورە بەر بدەی خۆت بەدەستەوە بدەی، چونكە خۆ بەدەستەوەدان مردنە دەبێ شەڕی ئازار و ئێش و ژانەكان بكەیت، لە بیرمان نەچێ هەموو هاندانێك بۆ خۆمان وامان لێ دەكات بەهێزبین و دڵ خۆش بین وئیرادەمان بەهێزتر دەبێت بۆ سەركەوتن، هاندانی بەردەوام متمانەی زیاتر دروست دەكات بەخۆمان، هاندانی بەردەوامی خۆمان دۆڕان و شكان و خۆبەدەستەوەدان دەشكێنێ لە ناخمان و یارمەتیمان دەدات بۆ ئاسانتر گەیشتن بەوەی دەمانەوێ، كوردەواری دەڵێ" بەخۆت دڵی خۆت بدەوە واتە بە خۆت دڵی خۆت خۆش بكە و هانی خۆت بدەی لە هەموو كێشەو گرفتێك چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە و لەوەش دڵنیا بیت كەوا هیچ دروێنەیەك نییە بە بێ چاندن و هیچ سەركەوتن و بردنەوەیەكیش بوونی نییە بێ هەوڵدان و خۆماندوو كردن. بۆیە دەبێ هەموو ئازایەتی ئەوەمان هەبێت كەوا بەرەنگاری و رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و دەستەوەستان و دۆش داماو نەبین، هەمیشە هانی خۆمان بدەین كەوا كارەكان دەتوانین ئەنجامیان بدەین و بەرهەمی باشمان دەبێت، بۆیە هەمیشە هاندانی خۆمان گرنگە كاتێ هەست بە بێزاری و داڕمانی و نائومێدی دەكەین و كاتی هەست دەكەین هێز و توانا و بڕوامان لاواز بووە و پەرۆشی و چاڵاكی و كارمان سست بووە، دەبێ هانی خۆمان بدەین تا زاڵ بین بە سەر ئاستەنگ و بەربەستەكان و ئازایەتی ئەوەمان هەبێت لە ناخۆشترین كاتەكانی ژیان ئومێد و هیوا لە دەست نەدەین و دەست بەرداری خەونەكانمان نەبین، هەرگیز خۆ بەدەستەوە نەدەین و بڕیاری دروست و یەكلاكەرەوە بدەین، هیچ كات ڕەش بین و نائومێد نەبین و بەگەش بینیەوە هەنگاو بنێین و ئامانجەكان دێتە دی، لە بیرمان نەچێ هەموو هاندانێكی خۆمان لە ناخەوە بارگاوی دەبن بە هەست و سۆز و وزەی ئەرێنی و بەهێز، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆر جار هاوڕێ و هاورێباز و هاوسۆز و هاو ئامانجی ڕاستگۆ و بێ بەرژەوەندی هەر ببینن و بیستنی ناویان هاندانە بۆ خۆمان و پاڵپشتی مەعنەوی باشە بۆ هەوڵدانی زیاتر و دڵخۆش بوونمان
لە كۆتایی گرنگە بەردەوام متمانەمان بەخۆمان بێت و پەرە بە خۆمان بدەین و بە باشی و چاكی و بەگەش بینی باسی خۆمان بكەین و دەستكەوتەكانمان بە بەرزی سەیر بكەین و ڕابردوومان لە بیر بێت، بیر لە پاشە ڕۆژی گەش بكەینەوە و هەردەم هەوڵ بدەین ئەو هاوڕێیانەمان لە خەیاڵ بێت كەوا هەمووكات پاڵپشت و هاوكار بوونە و كانگاو سەرچاوەی وزە و ورەی بەرزبوونە و خاڵی هاوبەش بووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشەوە لە هەموو بێزاری و نیگەرانییەك توانا و دەستكەوت بەرهەم و ئەو جیاوازیانەی كە ناسراوی پێی لە خەڵكی تر نییە، لە پێش چاوت بێت لەگەڵ ناوی ئەوانەی كەوا لە دڵت گەورەن و قەرزاریانی و تۆش لایان گەورە و بەنرخی، ئەوەش هەمووی دەبێتە وزە و هاندانێكی لە بن نەهاتوو.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی