جیاوازی  لە نێوان ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر چیە؟!!!

جیاوازی  لە نێوان ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر چیە؟!!!

٣١ی ئاب ٢٧ ساڵ بەسەر رووداوەکانی ٣١ی ئابدا تێدەپەڕێت، کە هێزەکانی پارتی توانیان بەهاوکاری هێزە عێراقییەکان شاری هەولێر کۆنترۆڵ بکەن، دوای ئەوەی لە دەستی یەکێتی بوو. وە سەرۆک مەسعوود بارزانی توانی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکات و لە ڕێگەی ئەم هەماهەنگییەوە پایتەختی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی پارتی. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، یەکێتی پارتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات. لێرەدا نووسەر دەیەوێت ئەوەی لە شاری هەولێر و کەرکوک ڕوویدا بەراورد بکات، کاتێک سوپای عێراق شاری کەرکوک داگیری کرد، لەو کاتەوە پارتی یەکێتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات. لێرە نووسەر هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستن بە شێوەیەکی بابەتیانە و بێلایەنی تەواو بخاتە ڕوو، بۆ شیکردنەوەی ئەو دوو ڕووداوە. لە سەرەتاوە پێش ئەوەی بچیتە ناو بابەتەکە، پێویستە  دەستەواژەی خیانەت پێناسە بکەین بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە مانای خیانەت بزانین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت خیانەت چییە و مرۆڤ کەی و چۆن دەبێتە خیانەتکار؟

      لە پێناسەی خیانەتدا، لە فەرهەنگەکانی زمان دەست پێدەکەین. خیانەت ئەو تاوانەیە کە کەسێک بەرامبەر وڵاتەکەی ئەنجامی دەدات. لە فەرهەنگی گشتی عەرەبیدا هاتووە: پیلانگێڕی دژی نیشتمان لەگەڵ دوژمن یان وڵاتێکی بێگانە [بە زەلیلکردنی]. لە فەرهەنگی (الوسیط) هاتووە. خیانەتکار: ئەو کەسەیە بە مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن خیانەت لە نیشتمان بکات. خیانەت لە دەستووری ئەمەریکادا بەو شێوەیە پێناسە کراوە کە شەڕ لە دژی ئەمەریکا (لەلایەن هاووڵاتییەک یان کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانیەوە) یان یارمەتیدانی دوژمنەکانی. کەواتە بە پێی ئەم پێناسانە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە وشەی خیانەتکار بۆ کەسێک دەگونجێت کە مامەڵە لەگەڵ دوژمن دەکات و یارمەتی دەدات و ئەرکەکانی ئاسان دەکات بۆ حوکمڕانی و داگیرکردنی خاک و زێدی خۆی، سوکایەتی بە کەرامەتی گەلەکەی بکات و ڕێگری بکات لە ژیانی ئاسوودەیی.

      ئەگەر سەیری ئەوە بکەین کاتێک سەرۆک بارزانی بانگهێشتی سوپای عێراق کرد بۆ وەرگرتنەوەی هەولێر، ئایا ئەم پێناسانە بۆ ئەو کارە دەگونجێت کە کردوویەتی؟ لێرە چەند پرسیارێک دێتە ڕوو: ئایا بارزانی هاوکاری سوپای عێراقی کرد بۆ داگیرکردنی هەولێر و دەرکردنی کورد لەو شارە؟ ئایا سوپای عێراق سوکایەتی بە غەیرە شەڕکەرانی هەولێر کرد؟ ئایا سەرپێچێ کرا لەسەر موڵک و ماڵی خەلک و سوکایەتی بە کەرامەتی ئەوان کرا؟ ئایا شتێک لەم شێوەیە ڕوویدا؟ یان تەرکیزی سوپای عێراق تەنها لەسەر ئەو چەکدارانە نەبوو کە چەکیان بەدەستەوە بوو؟

دووەم: ئایا سوپای عێراق لەو شارەدا مایەوە؟ ئایا کورد لەشاری هەولێر دەرکرا، لایەنە سیاسییەکان دەرکران، کار کرا بۆ بەتەعریبکردنی هەولێر، و ڕێگری لە قسەکردن بە زمانی کوردی لەبەردەم کامێراکاندا کرا؟ هەمووان دەزانن ئەو هێزانە پاش دەرکردنی هێزەکانی یەکێتی لە شارەکە کشاونەتەوە،  پارتی دەسەڵاتی لەو شارەدا گرتە دەست. وسوپای عێراق گەڕایەوە سەربازگەکانی پێشووی خۆیان کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون و شارەکە لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ دەستی بە گەشەکردن کرد. بۆیە نووسەر پێی وایە ئەوەی سەرۆک بارزانی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ئەنجامی دا، نەک خیانەت بوو بەڵکو ئاماژەیە بۆ زیرەکی و وردبینی سیاسی ئەو لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا. بەشێوەیەک کە توانی سەدام حوسێن، دوژمنە تەقلیدییەکەی، بەکاربهێنێت بەرامبەر بە ڕکابەری سیاسییەکەی و ڕکابەرەکەی بۆ دەسەڵات، جەلال تاڵەبانی، بەبێ ئەوەی خاکەکەی ڕادەست بکات و سوکایەتی بە گەلەکەی بکات. یەکێک لەو سەختیانەی کە سەرۆک بارزانی زاڵ بوو بەسەریدا ، وە ئاماژیە بە وردبینی سەرۆک بارزانی بەرامبەر نەیارە سیاسیەکەی. ئەویش بڕیارێک بوو کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەرکرابوو، کە هاوپەیمانییەکە ڕێگری لە فڕینی فڕۆکە عێراقییەکان دەکرد بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان (هێلی پانی 36) بسوورێن و لەلایەن هێزێک بەناوی (هامەری بەرز) کە لە بنکەی ئینچەرلیکی تورکیا نیشتەجێ بوو، ئەرکی ئەم هێزە چاودێریکردنی جەموجۆڵی سوپای عێراق بوو کە بەهیچ شێوەیەک نەتوانێت سنووری کوردستان ببەزێنێت. سەرەڕای ئەوەش سەرۆک بارزانی توانی سەرکردەکانی هاوپەیمانان لەو هەنگاوە ڕازی بکات، کە ئەو کاتە کارێکی مەحاڵ بوو، وە لە هەمان کاتدا توانی دوژمنەکەی سەدام حوسێن لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. وە پایتەختی هەرێم بگەڕێنێتەوە ژێرکونتڕۆلی خۆی. سوپای عێراق دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی گەڕایەەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لێهاتبوون. بۆ زانیاری خوێنەر، هەموو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەدات کە هێزەکانی ئێران بەشداری ڕاستەوخۆ و مەیدانیی دەکرد لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی لە شەڕی دژی پارتی  وە ئەو حەقیقەتە پشتڕاستیان دەکردەوە.

       ئەگەر لە هەمان ڕوانگەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بڕوانین، کە لەو ڕۆژەدا  شاری کەرکوک لەلایەن گروپێک لە ناو یەکێتی ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرا. نووسەر پێی وایە لێکچوونێکی جیاواز لەنێوان هەردوو ڕووداوەکەدا هەیە. بۆیە دەڵێین،

  یەکەم: ئایا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی لە شاری کەرکوک کشایەوە؟ ئایا دوای ئەوە شارەکە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وهێزی پێشمەرگە ؟ ئایا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێزیان لە دانیشتوانی شارەکە و کوردەکانی ناو شارەکە گرت؟ ئایا ئاشتی کۆمەڵایەتییان پاراست؟ ئایا موڵک و ماڵی هاوڵاتیانیان پاراست؟

هەموومان دەزانین کە شتێکی وا ڕووینەدا،  بەڵکو سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سووکایەتییان بە کورد وئاڵای کوردستانیان کرد دڕاندیان و لە باڵەخانەی فەرمی و نافەرمییەکان دابەزاند و نەیانهێشت ئاڵای کوردستان لەو شارە هەڵبکەن. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا و لەبەردەم کامێراکاندا ڕێگەیان بە به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی کەرکوک نەدا بە زمانی کوردی قسە بکات. لە ئەنجامی ئەم لەشکرکێشییەدا زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارە بوون، وە نووسینگەی حزبە کوردییەکان لە شارەکەدا داخست. شارەکە میلیتاریزیان کرد. لە جاتی دکتۆر نەجم الدین کەریم ڕەحمەتی خوای لێ بێت پارێزگارێکی شۆڤێنی لەسەر شارەکەدا سەپاند، ئەم پارێزگارە قێزەونترین تاوانی بەرامبەر کورد ئەنجامدا، وە دەستی کرد بە هەڵمەتێکی بێ وێنەی بەتعریبکردن لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، وە بە شێوەیەکی زۆر ترسناک، کە تا ئێستا شارەکە بەدەست کارەکانی ئەم پارێزگارە دەناڵێنێت. وە کورد زیاتر لە  ٥١ لە سەد خاکی خۆی لەدەستدا. سوکایەتیان بە سیمبولەکانی نەتەوەی کورد کرد. هەموو ئەمانە و زۆر شتی تر لە شاری کەرکوک ڕوویان دا. بویە دەڵێن لە دوای ئەو هەموو نەهامەتیە و جیاوازییەی کە بینیوتان کە لە شاری کەرکوک ڕوویاندا. ئایە پێت رەوایە بڵێن هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر؟  وە یەکسانکردنی نێوان ئەم دوو ڕووداوە بەرەوا و مەعقول دەزانی!!

     شایەنی باسە کە یەکێکی تری جیاوازیەکانی لە نێوان هەردوو رووداو ئەوەیە کە لە ٣١ی ئابدا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان لە خەندەقێکی جیاوازدابوون، شەڕی یەکتریان دەکرد. لە کاتێکدا دەبینین کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا پارتی و یەکێتی لە یەک خەندەقدا بوون و شەڕی دوژمنێکی هاوبەشیان دەکرد، بەڵام تاقمێکی یەکێتی به نهێنی و له ژێر مێزدا پیلانیان له دژی پارتی کرد و به بێ ئاگاداری و ڕه زامەندی لایەنی بەڕامبەڕ شارەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی یان کرد. پێم وایە بێ گومان ئەمە خیانەتێکی راستەقینە بوو کە لە لای تاقمێکی یەکێتی ئەنجام درا دژی مللەتی کورد و دەسکەوتەکای کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید بوون نەک دژی پارتی بەتەنێ.

لە کۆتاییدا دەڵێین لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە، نابێت سەرکردایەتی و گەلی کورد بگەڕێتەوە دواوە و ڕابردوو هەڵکەنەوە، بەڵام لەهەمان کات دا دەبێت ئەم ڕووداوانە لەبیر نەکرێن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرێت و نەگەڕێنەوە بۆ هەمان شت، وە هەموومان کار بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین، چونکە هێشتا ئاستەنگ و تەحەدیاتی زۆر وەستاون لە ڕێگای پێشکەوتنی کوردستان، وە ئەگەر هەموو هەوڵەکان بۆ پێشکەوتنی میللەت یەک نەخرێن زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا ئەستەمە.

Top