گرنگی شێوازی دەربڕین

گرنگی شێوازی دەربڕین

پیاوی كاری ئەمریکی لەهەمان کات نوسەر و وتاربێژی بواری هاندانە (جیم رون) دەلێ" فێری دەربڕین بە، نەك سەرسامی".
بێگومان دەربڕین هونەرە كارامەییە، بەڵكو هونەر و كارامەیی هەرە پێویستە بۆ هەر تاكێك لە تاكەكانی كۆمەڵگە بە بێ ڕەچاو كردنی پێگە و جێگای كەسەكە، بەڵام بە دروستی بۆ كەسی خاوەن پێگە و بەرپرسیاریەتی بەردەوام پێویستی بەوە هەیە كە بتوانێ‌ بە شێوازی تەندروست و ڕاست و ڕاستگۆیانە دەربڕینی بەردەوامی هەبێ لە هەر بابەت و باسێك لە هەر جێگا و شوێنێك، چونكە شێوازی دەربڕین دەرخەری كەسایەتی و ڕەوشت بەرزی و پەروەردەیی كەسە كە دیاری دەكات، چونكە دەبێ هەر كەسێ پەرە بە خۆی بدات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بە شێوازی تەندروست و كاریگەر بیرو بۆ چوون و هزری خۆی دەربخات و ڕای بگەیەنێ و ڕاشكاو و ڕاستەڕوو بێت لە قسە كردن و دواندن و دەربڕینی هەست و سۆز بە زمانێكی تەندروست و پاراو و بە شێوازێكی ناوازە و نایاب و كاریگەر كە بتوانێ‌ پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگە پەرە پێ بدات و شارەزا بێت لە هەڵبژاردنی ووشەكان تا بتوانێ‌ ڕستەی ماناداریان لێ دروست بكات و بە یەكەوەییان بلكێنێ‌ تا ببێتە چەند بڕگەیەك و دواتریش بۆ دروست كردنی هەر بابەتێك.
بۆیە زۆر گرنگە هەموو تاكێك لە كۆمەڵگە تایبەت ئەوانەی هەر جۆرە بەرپرسیاریەتییەكیان لە ئەستۆ بێت دەبێ شێوازی دەربڕینیان زمانی سەردەم بێت و كاریگەری ئەرێنی و تەندروستیان هەبێت لە سەر تاكەكانی كۆمەڵگە بەبێ ڕوشاندن و برینداركردنی هەستی ئەوانی تر، یان بەردەوام لۆمە كردن و خۆ توڕە كردن و نیگەرانی و ڕەش بینی و بێزاری دەربڕن لە هەمووی گرنگتر پێویستە شێوازی دەربڕین ڕاستگۆیانە بێت لەگەڵ خودی خۆت و بەرامبەرەكەت كە ئەوە متمانە و دڵنیایی ودڵنەوایی دروست دەكات، دوور لە هەموو هەڵچوون و هەڵكشانێكی دەروونی لەوانەیە خوا نەخواستە بارودۆخەكە بە گشتی بەرەوو بێ متمانەیی ببات، بۆیە وا باشترە لەكاتی هەر هەڵچوون و توڕەبوونێك لە قسە كردن و دەربڕین بوەستین ، نەك بەردەوام بین.
شێوازی دەربڕین بۆ تاكی بەرپرسیار یەكێكە لە هەرە پێویستییەكانی تاك و هەرگیز ناتوانێ‌ دەست بەرداری بێت لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی تەمەنی بۆ بەردەوامیدان بە شێوازی تەندروست لەگەڵ تەواوی كۆمەڵگە، كە سەرەتا دەبێ گوێ گرێكی باش بین تا بتوانین تواناكانمان لە دەربرین بەهێز و تۆكمە بكەین ، دواتریش دەبێ بەردەوام خوێنەرێكی باش بین و بەردەوام زانیاری و بەرچاو ڕوونیمان هەبێت لە سەر بابەتە پەیوەندیدار و پێویستییەكان.وەئەگەر بمانەوێ زۆر باش و ناوازە بین لە چۆنیەتی دەربڕینی هەر هەست و سۆز و بابەت و بەرپرسیاریەتییەك ، گرنگە لە دەربڕینەکانمان ناوە ناوە ئاماژە بە ئایەتی قورئانی پیرۆز یان فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد(د.خ) یان ووتە و قسەی سەركردەكاریزماكان و فەیلەسوف و زانا و نوسەرەكان بكرێ كەوا هێزێكی زیاتر و پاڵپشتیكراو دەداتە دەربڕینەكان.
بە پێویستی سەرەكی دەزانم شێوازی دەربڕین لە ئەركە هەرە سەرەكییەكان بێت و بەڕاستی و راستگۆیی و بێ ترس بتوانین گوزارشت لە هەر هەڵوێست و هەست و بەرپرسیاریەتییەك بكەین زانستیانە و پەروەردەییانە و سەردەمییانە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top