ئیرادەی بەهێز کلیلی سەرکەوتنە
پاڵەوانی بۆكسێنی جیهانی(محەمەد عەلی كلای) دەلێ" پاڵەوانەكان لە هۆڵەكانی ڕاهێنان دروست نابن، بەڵكو لەو شتانە دروست دەبن كە لە ناخیان دایە و بریتییە لە ئیرادە و خەون و دیدگا".
بێگومان ئیرادە بریتییە لە توانای كەسەكان لە خۆ بە دوورگرتن و لادان لە هاندان و بزواندنی كورت خایەن و كۆنترۆڵ كردنی دەروون و ڕەفتار و كردار و تێپەڕاندن و زاڵ بوون بە سەر بیركردنەوە و هەستە جۆراوجۆرەكان و پاڵنەرە ناویستراوەكان و لە هەمان كاتیشدا بریتییە لە سووربوون و توانای كەسەكان و بڕیار دان و كۆڵ نەدان و بەردەوامی و واز نەهێنان بۆ بە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی بۆی هەوڵ دەدات واتە ئیرادە بریتییە لە بڕیاری هەر كەسێك كە بیەوێ كارێك ئەنجام بدات دەبێت بڕیار بدات، جگە لەوەی ئیرادە هەستێكە پەیوەندی بە ناخی كەسەكانەوە هەیە، بەڵام هۆكاری دەرەكی جۆراجۆر یارمەتیدەر و پاڵپشتی دەرن بۆ زاڵ بوون و سەركەوتن و گەیشتنە ئەنجام. بۆ ئەوەی ئیرادەیەكی بەهێزمان هەبێت، پێویستە سەرەتا ئامانج دیاری بكەین و چیمان دەوێت چۆن بۆی هەوڵ بدەین و رووبەڕووی سەرجەم مەترسی و ڕاڕایی و دوو دڵی ببینەوە و بەهێز بین و نەترسین و گەشبین بین و بڕوای تەواومان بە خودای گەورە هەبێت كەوا ماندوو بوون و كۆشش و ئەركی هیچ كەسێك بە فیرۆ نادات گەر زیانی خەڵكی تری تێدا نەبێت ، لە هەمان كاتیشدا بڕوای تەواومان بە كەسانی ئازا و دڵسۆز و ڕاستگۆ و حەق بێژ و عەداڵەت خواز هەبێت، كە بەردەوام لەگەڵ حەق و ڕاستی بن و دژی ستەم و نادادی بن كەوا دەكەن بەردەوام بین ودەستبەرداری ئیرادە نەبین و و ئیرادەمان بەهێز بێت. جودا لەوەش پێویستە بەردەوام رووبەڕوو بەرەنگاری هەموو فشار و پاڵەپەستۆیەك ببینەوە تێبگەین لەوەی كەوا ژیان سادە و ساكار و ئاسان نییە، بەڵكو ژیان بەوە خۆشتر دەبێت كەوا پڕیەتی لە هەوارز و نشێو و هەڵكشان و داكشان و تەنگژە و تەنگ و چەلەمە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەردەوام ڕاهێنان بكەین لە سەر بەهێز بوونی ئیرادە و ئەویش سەرەتا لە سەركارە سادە و ساكارەكان و بە جێگەیاندنیان لە ماوەی كورتدا بەردەوام بین لە سەر ئەنجامدانی كاری تر و هەبوونی بەرهەمی جۆرا و جۆر و هەوڵدانی بەردەوام، هەرگیز بیر لەوە نەكەیتەوە كەوا دەستبەرداری خەونەكانمان بین و خۆمان بەدەستەوە بدەین، چونكە ژیان پێویستی بە بەردەوامی و هەوڵدان و سەركەوتن هەیە، هەموو ئەوانەش پێویستیان بە ئیرادەی بەهێز هەیە، ئیرادە هەردەم هاندەری مرۆڤە لە سەر بەردەوامی دان و كۆشش كردن و خۆ بەدەستەوە نەدان، هەرگیزا و هەرگیز بەرامبەر قورسی و سەختی و ناخۆشی و دژواری و تەنگ و چەلەمە و بەربەستەكان دەستەوەستان نەوەستین بەڵكو هەوڵدان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خەونەكان و گۆڕینیان بۆ ڕاستی بە ئەوپەری بڕوا بوونەوە كە هەمووی دەبێتە وانە و ئەزموون شارەزایی بۆ داهاتوو، دروست بوونی كەسێكی بەهێز و پۆلایین و نەچەماو و بەرامبەر سەرجەم سەختییە لابەلاكان.
هەمیشە ئیرادەی بەهێز كلیلی سەركەوتنەكانە ، هیچ شتێك نییە بە ناوی مەحاڵ گەر خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز و بڕوا و متمانەیەكی بەهێز بیت بەرامبەر بە خودا و كەسانی دڵسۆز و ڕاستگۆ و دوور لە بەرژەوەندی، هەر ئەوەشە ئەڵمانییەكان دەلێن" لە كاتی هەبوونی ئیرادەی بەهێز پێ یەكان دەبنە باڵ". لە وەشدا هۆكار و پاڵپشتی زۆرن هەر بۆیە كە ئیرادە هەبوو هۆكار و ئامراز وهەوڵدان و باوەڕ بەردەست دەبن.
بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی