کەرکوک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، لە دیدی مەسرور بارزانیدا

کەرکوک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، لە دیدی مەسرور بارزانیدا

 

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، نەوە دوای نەوە، بەتایبەت لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلولی مەزن بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، بەردەوام کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان هێڵی سووری نەتەوایەتی بوون، مساوەمە نەکردنی (مەلا مستەفا بارزانی/بارزانی نەمر) لە ناوەڕاستی حەفتاکان، باشترین نموونە و بەڵگەی بەھا و بایەخی کەرکوکە لە تێروانینی ئەم ڕێبەرە نەتەوەییەدا، هۆکاری سەرەکی بەیەک نەگەیشتنی کورد و ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە گفتوگۆکاندا دروست لەناوەڕاستی حەفتاکان، دەست هەڵنەگرتن بووە لە کەرکوک.

 

دەگێڕنەوە؛ کاتێک وەفدی عێراقی سەردانی مەلا مستەفایان کردووە، بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان، وەفدی عێراقی هەوڵی زۆری دەدا کەرکوک لە کوردستان داببرێت و مۆرکێکی عێراقی پێ ببەخشێت، یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکەی عێراق بە بارزانی دەڵێت: بەرێزتان لە ئێمە باشتر دەزانن، کەرکوک تەنها کوردی تێدا ناژی هەریەکە لە عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشورییەکانیشی تێدا دەژین ناکرێت بە تەنها بۆ کورد بێت،

لەو کاتەدا “بارزانی” ھیچ قسەیەکی نەکرد و داوای کرد سینییەکی بۆ بێنن، کاتێک بۆیان هێنا لە بەردەم وەفدەکەی دانا داوای لێکردن: هەریەکە و شتێکی تایبەتی خۆی بکاتە ناو سینییەکە، وەفدەکە سەریان سوورما و گوتیان بۆ دەبێت ئەم کارە بکەین؟ مەلا مستەفا بارزانی، دووبارە داوای لێکردنەوە ئەوانیش هەریەکەو شتێکیان کردە ناو سینییەکە،

بارزانی سینییەکەی هەڵگرت و گووتی: ئەوشتانەی ناو سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش گوتیان؛ هی ئێمەیە

بارزانی دووبارە پرسیاری کرد ئەی سینییەکە هی کێیە ئەوانیش گوتیان گومانی تیانییە کە هی ئێوەیە،

بارزانی گووتی: ئێستا هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم سینییەکە سەرەو خوار بکەمەوە و هەرچی لە ناو سینییەکەدایە فرێی بدەم، چونکە سینییەکە هی خۆمە ناتوانن نکوڵی لەو راستییە بکەن؟

وەفدەکە گووتیان بەڵێ حەق بە تۆیە،

مەلا مستەفا لەو کاتەدا زۆر بە ڕاشکاوانە پێی گووتن:

 (ئێستا کەرکوکیش وەک ئەم سینییە وایە خاکی خۆمانە ئەگەر هەر کاتێک ئارەزوومان لێ بێت ڕێگە نادەین، جگە لە کورد کەسی تری تێدا بژیت،

 بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز مەیلمان لە شەرو ئاژاوە نەبووە، بەردەوام وەک برا لەگەڵ نەتەوەکانی کەرکوکادا ژیاوین، بەڵام دەبێت ھەمیشە ئەو راستییەتان لە بەرچاو بێت کە کەرکوک خاکی کوردستانە و ھیچ کەسێک ناتوانێت (کەرکوک) لە کوردستان دابرێت)

 

هەڵوێستی “سەرۆک بارزانی” لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق، تاوەکو ڕابەرایەتی شەڕی داعش لە پاراستنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکوک لە ڕێگەی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە شاری کەرکوک خاوەنی هەیە و هەرچەندی تەعریب و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن بکرێتە بەرنامە بەڵام هێزێکی نەتەوەیی، مساوەمە لەسەر شارەکە ناکات.

ئەوەی گرنگە “مەسرور بارزانی” سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە دیدگایەکی کوردانەی نیشتمانیانە لە کەرکوک دەڕوانێت، ئەوەشی کە لە دیدارێکی لەگەڵ چین و توێژەکانی هەرێم لەبارەی حکومڕانی چەند ساڵی ڕابردوو دەڵیت: «هەتا ئێمە مابین بەخوا واز کەرکوک ناهێنین» جۆشدانەوەیە بە بیری نەتەوایەتی لەم شارە کوردستانییە، بۆ کوردانی کەرکوک گرنگە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەم شێوە ئاشکرایە نیشانی هەمووانی دەدات کە باوەڕبوون بە مەسەلەی کەرکوک، حەقیقیە و لەژێر هیچ فشار و ئاڵنگارییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، دەست لە مافی کورد هەڵناگرێت.

 

هەنگاوەکانی “مەسرور بارزانی” سەبارەت بە کەرکوک، کردارین و لە چەندین ڕێگەی یاساییەوە لە ڕێڕەوی دروستکردنی هەماهەنگی و کاراکردنی لیژنەکانی تایبەتمەند بە ماددەی (140)دا دراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەڵوێستانەی کە لە داگیرکردن یان هەڵکوتانە سەر  زەویوزاری کوردانی کۆمەڵێک گوند و ناحیەی سنووری ماددەی (140) هەیبووە، نموونەی زیندوون لە دواین جاریشدا، سەبارەت کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، «سەرۆکوەزیرانی هەرێم» لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت لە پاش ئەو داوایەش، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

Top