مەسرور بارزانی: دەستی ناوخۆیی لەم پیلانگێڕییە بەشدارە كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرێت
ئەمڕۆ شەممە 27/5/2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە کە هاوکات لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەشتی زرارەتیی پارێزگای هەولێر بەشداریی لە دروێنەکردنی دانەوێڵەی جووتیاراندا کردووە.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە: ''ئەمڕۆ سەردانی دەشتی زرارەتیمان لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانم پرسی و بەشداریمان لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرە کرد کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.''
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: ''لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، جەختمان لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتە گەڕ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەو گۆڕانکارییانەش کردووە کە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون و دەڵێت: ''ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لەدژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینەوە و ناهێڵین سەر بگرێت. ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە دەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت.''