کوردستان لە دیدی هونەرمەندێکی میسری
شێرکۆ حەبیب
لە ماوەی بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای (ليلة السقوط)، کۆمەڵێک هونەرمەندی عەرەبی و عێراقی و کوردستانی بەژداریان کرد لەو درامایە کە لە شەوانی مانگی رەمەزان لە چەند کەناڵیک بەخش کرا.
بێگومان زۆربەمان ئەو درایەمان بینی و رۆڵی ئەکتەرەکانمان بینی کە چەندیان بەشێوازێکی پرۆفشناڵانە رۆڵی خۆیان بینی بە تایبەتی هەردوو ئەکتەری میسری (تاریق لوتفی) و ( ئەحمەد صیام). لەو درامایە رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان بە روونی ئاماژەیان پێکرا لە رزگارکردنی شنگاڵ و موسڵ لە ژێردەسەڵاتی داعش.
ئەحمەد صیام کە رۆڵی گەورە دادوەری داعشی بینی (قاضي القضاة)، ئەو دادوەری کە وای لە خەڵک گەیاندبوو کە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) رەفتار دەکات بەڵام لە راستی پێچەوانە بوو تەنانەت ئەو هونەرمەندە بوو جێگای رق و گینەی لای بینەران.
ئەحمەد صیام کەسێکی پێچەوانەی دراماکەیە کەسێکی رۆشنبیر و روو خۆش، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دیدارێکم هەبوو لەگەڵی لەگەڵ دوو هاورێ د مەحمود زاید و حوسێن متولی، بۆ زیاتر لە چوار کاتژێر گفتوگۆمان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی هونەری، رۆشنبیری، سیاسی، و کەلتوری کرد، ئەو لەگەڵ خێزانەکەی بوو دکتۆرە رانیا فەتحوڵلا مامۆستای زانکۆ و ئەکتەر.
لە میانەی ئەو بابەتانەی باسمان لێوە کرد کوردستان بوو لە دیدی ئەو چۆن کوردستان بینی چ هەستێکی هەبوو دوای ئەوەی سەردانی کوردستانی کرد و ماوەی سێ مانگ لەو نیشتەجێ بوو.
کاتێک باسی کوردستانی کرد لەگەڵ وڵاتی سویسرا بەراوردی کرد، باسی لە ئارامی و سەقامگیری و پێکەوە ژیان کرد.
سەرەتا گوتی کاتێک داوایان لێکردم بەشداری لەو درامایە بکەم و سەردانی کوردستان بکەم و بەتایبەتی هەولێر دوو دڵ بوو لە راستی زانیاری تەواوم نەبوو لەسەر کوردستان، بەڵام کۆمەڵێک قوتابی دکتۆرە رانیای خێزانم کە عێراقین زۆر بە جوانی باسی کوردستانیان بۆ کردم، و بریارم دا بەشداری بکەم، ئەوەی گرفت بوو بۆ من لە هەولێر زوبانی کوردی بوو بەڵام ئەویش چارەسەر کرا ولێک تێدەگەیشتین، لە راستی هەولێر شارێکی ئارامە ئاسایش بەرقەرارە شاری تەبای و پێکەوە ژیانە، جموجۆلی بونیاد نان و دروستکردن بەردەوامە هەروەک تۆ وڵاتێكی دیکە بونیاد دەنێی، شارێکی نوێ دروست دەکەی و پێنچ ساڵی دیکە پێشبرێکێ لەگەڵ دوبەی دەکات، هەولێر لای من وەک سویسرایە لە سویسرا چەندین ئاین و نەتەوە و بۆ چوون بەدی دەکەی، لە هەولێر مسوڵمانی شیعە و سوننە و کریستیان و یەزیدی و بەهائی و جولەکە، و فرە نەتەوەی فرە حزبی لیبراڵ سۆشیالیست، نەتەوەی هەمووی پێکەوە دەژیەن بێ گرفت ئازادی پێکەوە ژیان و تەبای بەدی دەکەی، زۆر وڵات گەراوم بەڵام وەک هەولێر ئارام نەبوون، کوردستان سروشتێکی زۆر جوانی هەیە سەردانی شەقڵاوە و دهۆک و شێخانم کرد لەگەڵ هاورییەکی عێراقی زۆر ئاسایی بوو خەڵکی کوردستان مێوان دۆستن رێز لە مێوان دەگرن، تۆزێک عەسەبین بەڵام لەسەر حەق، یاسا سەروەرە لەگەڵ بەرپرسێک بووم لە لایتی سوری دا یەکسەر پۆلیسی هاتوو چۆ سەرپێچی بۆ نووسی.
سەبارەت بە رۆڵی ئەو درامایە گوتی دراماکە رۆڵی خۆی بینی و بەرێز مەجدی سابیر توانی سەرجەم پێکهاتەکان لە یەک بازنە کۆبکاتەوە بە بێ ئەوەی کەس بڵیت ئەوە موسولمانە یا کریستیانە یا یەزیدیە، و رووی راستەقینەی داعش خستە روو.
سەبارەت بە رۆڵی میدیا لە کوردستان گوتی بەداخەوە میدیایەکی کاریگەر نییە بۆ وڵاتانی عەرەبی و جیهان، ئەو سروشتە جوان و تەبایی و پێکەوە ژیان و ئارامی و سەقامگیری و فۆلکلۆری میللەتی کورد بە جیهانی دەرەوە بناسێن، کە دەتوانرێت ببێتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ، لەگەڵ چەند بەرپرس باسی ئەو بابەتەم کرد هیوادارم بەهەند وەریبگرن.
لە کۆتای هیوای خواست جارێکی دیکە بگەرێتەوە هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان خواست و گوتی میللەتێکی ئاشتی خوازن و پێش ئەو سەردانە من زانیارێکی ئەو تۆم نەبوو بەڵام ئیستا تێروانیم بۆ کوردستان و میللەتەکەی زۆر جیاوازە، هەروەها دەمەوێ ئەو بڵێم کەوا حکومەتی هەرێم و پێشمەرگە زۆر هاوکار بوون لەگەڵمان بۆ بەئەنجام دانی ئەو زنجیرە درامایە.