١٢٥ هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی بە شکۆی لە قاهیرە یادی کرایەوە
بەبۆنەی جەژنی رۆژنامەنووسانی کورد و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی "کردستان" لە ٢٢ مانگی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لە لایەن مقداد مەدحەت بەردخان لە وڵاتی میسر، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە بە ئامادە بوونی چەندین کەسایەتی میسری و عێراقی و نوێنەری بالوێزخانەی عێراقی و پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و راگەیاندکار و ئەکادیمی، ئێوارە ئاهەنگێک و پێشەنگایەکی بۆ رۆژنامە کوردییەکان ساز کرد.
شێرکۆ حەبیب وێرای بەخێرهاتن و سوپاسی ئامادە بووان ئاماژەی بە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی کرد و گوتی رۆژی ٢٢ نیسان رۆژنامەنووسانی کوردستان بەشگۆی یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەنەوە کە لە لایەن مقداد مدحەت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر لە چاپخانەی "دار الهلال" چاپ کراوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی قاهیرە کرد کە بۆ یەکەم جار لە مێژوو وشەی کورد بڵاوبۆوە و رۆژنامەیەکی کوردی لەو وڵاتە بەچاپ گەیاندرا دوای ئەوەی مقداد بەدرخان لە وڵاتەکەی خۆی ئەو مافەیان پێنەدا، لە درێژەی وتەکەی بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە باسی بارودۆخی ئەمرۆی بواری رۆژنامەگەری لە کوردستان کرد بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت لە سالی ١٩٩١ بواری رۆژنامەگەری بارودۆخێکی لە ئازادی کاری رۆژنامەگەری بەخۆوە بینی و چەندین یاسا بۆ پاڵپشتی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی دەرچوو، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی حکومەتی هەرێم لە دابینی کردنی پانتایەکی فراوان بۆ ئازادئ نووسین و رادەربڕین، لە کۆتای هیوای خواست کەوا رۆژنامەنووسەکان لە پێناو خزمەتکردنی وڵاتەکەیان پابەندی رێنمایەکانی یاسا بن.
دکتۆر محمود زاید مامۆستای مێژووی هاوچەرخ وشارەزا لە دۆزی کورد باسی لە مێژووی رۆژنامەگەری کورد و ئاماژەی بەوە کرد کەوا چەندین رۆژنامەی دیکە لە قاهیرە چاپکراون و رۆژنامەگەری کوردی خزمەت بە دۆزی کورد بکات.
رۆژنامەنووس محەمەد حەبیب جێگری سەرنووسەری "دار الهلال" باسی لە بایەخ دانی میسر کرد بە کەلتوری میللەتەکانی دیکەی کرد و هەر لەو روانگەش "دار الهلال" رۆژنامەی کردستانی چاپ کرد.
ئەمە بەو بۆنەیەوە چەندین رۆژنامە نووسی میسری لە لایەن مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی میسر رێزیان لێگیرا