گرنگی هه‌گبه‌ى مامۆستا

گرنگی هه‌گبه‌ى مامۆستا

 

نوسه‌ر و فه‌یله‌سوفی دیارى ئه‌مریكی (بنجامین فرانكلین) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ دیاره‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌لێ" وزه‌ و كۆڵنه‌دان هه‌موو شتێك ده‌به‌زێنن".

بێگومان بوونى وزه‌ و هێز و ئیرادە‌ له‌ هه‌ر كه‌سێكدا له‌گه‌ڵ هه‌بوونى پته‌وی سیفه‌تى كۆڵنه‌دان و سووربوون له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ر كاروچالاكی و كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامى باش و ئه‌رێنى ده‌بێ ، به‌ سه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كاندا زاڵ ده‌بێت، گه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ تێك هه‌ڵكێش بكه‌ین له‌گه‌ڵ كارو ئیش و به‌رپرسیاریه‌تى به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ر و مامۆستا بكرێته‌ سه‌ر مه‌شقی كاره‌كانیان ئەوا بێ شك به‌رهه‌م و ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وتوویان ده‌بێت.
هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ داهێنان و بوونى هه‌گبه‌ى مامۆستا له‌ یاسای نوێی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق به‌ ژماره‌(13)ى ساڵى (2022) له‌ مادده‌ى(91) به‌ تێروته‌سه‌لی وورده‌كاری هه‌بوون و زه‌روره‌ت و گرنگی هه‌گبه‌ى مامۆستا و به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌رى به‌رێوه‌به‌ر یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ هه‌ره‌ گرنگ و پێویسته‌كان كه‌ تایبه‌ت به‌ كاروچالاكی وبه‌رپرسیاریه‌تى مامۆستا و به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ره‌، كه‌ هه‌گبه‌ بریتییه‌ له‌ كۆكراوه‌ى ئه‌و زانیاری و به‌ڵگانه‌ى كه‌ توانای زانستى و پسپۆڕى ودڵسۆزی وكارامه‌یی و چالاكییه‌ كارگێڕى و ئه‌كادیمیه‌ ئه‌نجام دراوه‌كانن له‌ ماوه‌ى یه‌ك ساڵى خوێندن و له‌ كۆتایی ساڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی وورد بۆ سه‌رجه‌م چالاكییه‌كان ده‌كرێ، له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى دڵنیایی جۆریی و سه‌رپه‌رشتى كردن له‌ پارێزگاكان هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ ده‌كرێ له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ سه‌رجه‌میان پۆلین ده‌كرێن به‌ پله‌ به‌ندی(نایاب و زۆر باش و باش و ناوه‌ند و په‌سند و پێویستی به‌ پاڵپشتى كردنه‌).
به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاكامه‌كانى پیاده‌كردنی سیسته‌می دڵنیایی جۆریی پرۆسه‌ى هاندان جێ به‌جێ ده‌كرێت. بێگومان ڕاپۆرت و ئه‌نجام و پۆلین كردن و پرۆسه‌ى هاندان له‌ ناو دۆسیه‌ى كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵده‌گیرێ و ده‌كرێ پێشتر له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى دڵنیایی جۆریی وسه‌رپه‌رشتى كردنى پارێزگا ناوه‌كان به‌ لیست به‌ پێى پۆلین به‌ندییه‌كه‌ بدرێته‌ وه‌زاره‌ت ئه‌وانه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان (نایابن) سوپاس بكرێن، ئه‌وانى تریش تایبه‌ت ئه‌وه‌ى (پێویستی به‌ پاڵشتییه‌ و په‌سند)ە به‌شداری له‌ خولى ڕاهێنان و په‌ره‌پێدانى تواناكانیان له‌ هاوین بكرێ یان به‌ گرتنه‌ به‌ری ڕێو شوێنى تری پێویست.
بێگومان هه‌ر مامۆستا و به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌رى به‌رێوه‌به‌رێك هه‌گبه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌بێت كه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ تایبه‌ته‌كانى سه‌باره‌ت به‌ باشتر به‌رێوه‌چوونى كاره‌كان ده‌گرێته‌ خۆ له‌ سازدانى سیمینار یان به‌شدارى كردن و ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستی و ڕاپۆرتى كارگێڕى و پسپۆری له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن وبه‌شدارى كردنیان له‌ خوڵ و ڕاهێنانه‌كانى په‌ره‌پێدانى توانا و پسپۆڕییه‌كانیان و سوپاسنامه‌ و ئه‌ندامیه‌تى لیژنه‌كان و داهێنان له‌ كاره‌كانیان و بڵاوكردنه‌وه‌ى زانستی و وتار و په‌رتووكی چاپكراو و به‌شدارى له‌ كۆنفرانس و وۆرك شۆپی په‌روه‌رده‌یی و بگره‌ خشته‌ى وانه‌كانیان و ژماره‌ى قوتابی و جۆری پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌کان و وه‌ڵام و دابه‌ش كردنى نمره‌كان و پاشخانی زانستى و پسپۆڕى كارمه‌نده‌كه‌ ئه‌وه‌ و چه‌نده‌ها زانیارى ترى پێویست ده‌كرێ له‌ هه‌گبه‌دا بوونى هه‌بێت، كه‌ ئامانج له‌ هه‌بوونى هه‌گبه‌ به‌گشتى هاندانى مامۆستا و به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌رى به‌رێوه‌به‌ره‌ بۆ باشتر كردن و زیاتر خزمه‌ت كردنی ڕه‌وتی خوێندن و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى كوالێتى كارەکان و هه‌ڵسه‌نگاندنى دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ بۆ توانا و چالاكی مامۆستا و پاراستن و به‌رز نرخاندنى ڕۆڵه‌ پیرۆزه‌كه‌یه‌تى له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌ى گونجاو بۆ بیركردنه‌وه‌ى كه‌م و كورییه‌كان و ده‌ست نیشان كردنى خاڵى به‌هێز و لاوازه‌كان.
ویرای پیرۆزبایی و دەست خۆشی لە وەزارەتی پەروەردەو جەنابی وەزیری پەروەردە بۆ داکۆکی کردنی بەردەوام و ماندوبونیان لەدەرجواندنی ئەو یاسایە بۆ پەروەردەو فیرکردن کە کۆمەلی ماددەی زۆرباش و بەسودی تیدایە بۆ بەرەوپیش جوونی پرۆسەی پەروەردەو فیرکردن لەهەریمی کوردستان ،
ده‌توانم بلێم هه‌گبه‌ به‌گشتى حه‌قیقه‌تى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان به‌ ڕاست و دروستى ده‌خاته‌ ڕوو، شایانى وه‌بیر هاتنه‌وه‌یه‌ له‌ 2ى شوباتی ساڵى 2020 له‌ درێژه‌ى زنجیره‌ وتاره‌كانم دا بابه‌تى هه‌گبه‌ى مامۆستامان خستۆته‌ ڕوو.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top