پێویستى خوێندنی وانه‌ى هونه‌ر له‌ قوتابخانه‌كان

پێویستى خوێندنی وانه‌ى هونه‌ر له‌ قوتابخانه‌كان

فه‌یله‌سوف و نوسه‌ر و ڕۆماننوسی ڕوسى (لیو تۆڵستۆی)ده‌لێ" ئه‌گه‌ر هونه‌ر ویستى ڕه‌سه‌ن بێت، ئه‌وا پێویسته‌ تێگه‌یشتوو بێت، تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ى گوێت بۆ ده‌گرن".
شكی تێدا نییه‌ بابه‌تى هونه‌ر له‌ بابه‌ته‌ گرینگه‌كان داده‌نرێت له‌ ژیانى قوتابیدا، گرینگی و بایه‌خی كه‌متر نییه‌ له‌ بابه‌ته‌كانى تر. چونكه‌ له‌ رێگه‌ى هونه‌ره‌وه‌ قوتابی ده‌توانێت متمانه‌ به‌خۆى په‌یدا بكات و بنیاتی بنێت و كارامه‌ییه‌كانى په‌ره‌ پێ بدات ،هه‌روه‌ها بابه‌تى هونه‌ر ڕۆڵى گرنگ و ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌ بنیاتنان و دروست كردنى كه‌سایه‌تى قوتابی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، چونكه‌ قوتابی به‌ پراكتیزه‌ كردنى بابه‌ته‌كانى هونه‌رى وه‌كو شیعر و په‌خشان و چیرۆك و مۆسیقا و شانۆ و نیگار و وێنه‌ و تابلۆ و نواندن و خه‌یال و ئه‌ندێشه‌ و تا دوایی وا له‌ قوتابی ده‌كات هه‌ست به‌ بوونى خۆى بكات و خۆى بناسێنێ و به‌هره‌ و تواناى خۆى ببینێ و هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌ری بكات ، ده‌زانێ كه‌وا كه‌سێكى سوودمه‌ند و قازانج به‌خشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌ست به‌ به‌رهه‌می خۆى ده‌كات و جگه‌ له‌وه‌ش قوتابی هه‌ست به‌ سه‌ركردایه‌تى خۆى ده‌كات و پشوو درێژ ده‌بێت و حه‌ز به‌ هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌وانى تریش ده‌كات، بگره‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنى و باشى ده‌بێت له‌ سه‌ر گۆڕینی ڕه‌فتار و كردار و گوفتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى، چونكه‌ هونه‌ر و به‌خشش و هه‌وڵدان بۆ داهێنان كردن ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ژیانى تایبه‌تى قوتابی و هه‌میشه‌ حه‌ز ده‌كات داهێنان ئه‌نجام بدات و خولیا و حه‌ز و ویست و خواسته‌كانى بكاته‌ كردار و توانا و داهێنان و ئافراندن و بیکاتە‌ به‌رهه‌می نایاب و سوود به‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌.
به‌ پێى توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى زانكۆی (میدستار جورج تاون) ئه‌نجام درا ده‌ركه‌وت كه‌وا مۆسیقا هه‌ر به‌ ته‌نها دوو دڵى و ڕاڕایی كه‌م ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو پێویستى نه‌خۆشى بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ری پزیشكی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارامه‌یی زمانى قسه‌كردن لاى منداڵ باشتر ده‌كه‌ن و ئامانجه‌كانى خوێندنیشى باشتر ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان بابه‌ت دا نوسه‌ری ئه‌مریكی (كیرت فونیگۆن) نامه‌یه‌كى بۆ كۆمه‌لێك له‌ قوتابییه‌كانى قوتابخانه‌كه‌ى نارد داواى كرد كه‌وا سه‌ردانیان بكات، به‌ڵام له‌ به‌ر ته‌ندروستى نه‌یتوانى بچێته‌ سه‌ردانیان ئه‌و نامه‌یه‌ى بۆ قوتابییه‌كانى نووسى كه‌ ده‌لێ" تا ده‌توانن پراكتیزه‌ و موماره‌سه‌ى هونه‌ر بكه‌ن به‌ هه‌موو جۆره‌كانى مۆسیقا و گۆرانی و شیعر و په‌خشان و چیرۆك و نیگار و خه‌یال و ئه‌ندێشه‌، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ و ناوبانگ به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵكو تا خۆتان بناسن بزانن توانا و به‌هره‌كانتان چۆنه‌ و بزانن له‌ ناختان چى هه‌یه‌ وا له‌ گیانتان بكه‌ن كه‌وا گه‌وره‌ بوون هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی ناخی خۆتان ده‌كه‌ن".
ئه‌و نموونانه‌ و هه‌زاره‌ها نموونه‌ و چیرۆك و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌ن ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌وا ئه‌نجامدان و پراكتیزه‌ كردن و خوێندنی هونه‌ر به‌ هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ بۆ خودی قوتابی زۆر گرنگ و پێویسته‌ ناكرێ و نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بابه‌تى هونه‌ر له‌ قوتابخانه‌كان نه‌خوێندرێ و گرینگی پێ نه‌درێ له‌لایه‌ن مامۆستاى بابه‌ته‌كانى تر ئه‌و وانه‌یه‌ پڕ بكرێته‌وه‌ قوتابی لێی بێ به‌ش بكرێ له‌ هه‌مان كاتدا كه‌مته‌رخه‌مییه‌ و سته‌م له‌ قوتابی و پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌كرێ و به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ش. ئه‌لێره‌وه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان و یه‌كه‌ى سه‌په‌رشتیاری به‌ پێى په‌یوه‌ندیداری و پسپۆڕیه‌ت كه‌ به‌رپرسیاریه‌تیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ به‌داوداچوون و لێپرسینه‌وه‌ى پێویست بكرێ بۆ خوێندنی بابه‌تى هونه‌ر له‌ قوتابخانه‌كان به‌ گشتى و هه‌بوونى وانه‌ى هونه‌ر له‌ خشته‌ى وانه‌كان به‌ تیۆری و پراكتیكی بخوێندرێ و نمره‌ى ڕاست و دروستى هه‌بێت و چیتر وه‌كو بابه‌تێكى لاوه‌كی و په‌راوێزخراو سه‌یر نه‌كرێ.
له‌ بیرمان نه‌چێت له‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆری وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان هونه‌ر به‌ هه‌موو جۆره‌كانى به‌ بابه‌تێكى سه‌ره‌كی ده‌ژمێردرێت، هه‌فتانه‌ چه‌ند وانه‌یه‌ك یان كاتێكى باش بۆ خوێندنی هونه‌ر به‌ شێوه‌ى تیۆری و پراكتیكی ته‌رخان ده‌كه‌ن له‌ پێناو بنیاتنانى قوتابی به‌ شێوه‌ گشتییه‌كه‌ى .

به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top