رووداوێــكی گرنگ له‌ مێژووی حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان

رووداوێــكی گرنگ له‌ مێژووی حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان

ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ مێژووی حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ ئه‌م مێژووه‌ سه‌ره‌رای بوونی چه‌ندین كه‌م و كورتی، رووداوی نه‌خوازرا و په‌رته‌وازه‌یی كورد... به‌ڵام له‌ نێو ئه‌و ئه‌زموونه‌دا كۆمه‌ڵێك رووداوی گرنگ ده‌ستكه‌وتی باش هه‌ن كه‌ ئومێد به‌خش و دڵخۆشكه‌رن. بۆ نموونه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌كێتی كه‌ پێویستیه‌كی گرنگ بوو و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌خشیه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ده‌ستكه‌وتی گرنگ به‌ده‌ستهات. هه‌روه‌ها ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ رووداو و ده‌ستكه‌وتێكی مێژووییه‌، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت به‌ كورتی تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ گرنگه‌.
دوای هیرشه‌ تیرۆرستیه‌كانی داعش بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ رووبه‌رووی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تیرۆرستیه‌ پر چه‌كه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ تێكشاندن و لاوازكردنی داعش له‌ عێراق و سوریا. تیرۆرستانی داعش له‌ سوریا هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌ كوردیه‌كان، به‌تایبه‌ت شاری كۆبانێ و به‌شێكی زۆریان لێ داگیركرد، هه‌رچه‌نده‌ به‌رگری هێزه‌ كوردیه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رگریان كرد، به‌ڵام زۆر پێویستیان به‌ هاوكاری و پاڵپشتی بوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز، له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی مێژوویی دا كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هێزه‌ كوردیه‌كان بنێرێته‌ سوریا بۆ به‌رگریكردن له‌ شاری كۆبانێ، دوای په‌سه‌ند كردنی داوای سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ خاكی توركیادا گه‌یشته‌ كۆبانێ و سنوره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تێپه‌ڕاند. ئه‌مه‌‌ یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین دیمه‌ن و رووداوه‌ سیاسیه‌كانی مێژوویی حوكمڕانیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م رووداوه‌ مێژوویه‌ رووداوێكی ساده‌ نیه‌، كۆمه‌ڵێك مانا و ده‌لاله‌تی گرنگ له‌خۆ ده‌گرێت‌، ده‌توانین بڵێین رووحی ئینتمایی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشه‌و‌یستی خاك و ئاڵا و پیرۆزیه‌كانی نیشتمانی زیندوو كرده‌وه‌ و هه‌موو تاكێكی كورد شانازی به‌ كوردبوونی ده‌كرد، هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانینی له‌لای تاكی كورد ڕه‌وانده‌وه‌. ئومێدی به‌خشیه‌ گه‌نج و لاوان و دووباره‌ گه‌رانه‌وه‌ی متمانه‌بوو چ له‌ نێوان تاك و ده‌سه‌ڵات چ له‌ نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كان. خاڵێكی تری ئه‌م رووداوه‌ مێژووییه‌ له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی هه‌بوو، په‌یامێك بوو بۆ ده‌وڵه‌تان كه‌ ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت رۆڵ و كاریگه‌ریمان له‌ رووداوه‌كان و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كاندا هه‌یه‌. به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر هاوسه‌نگی هێز له‌ كۆبانێ و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا. به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ هاوپه‌یمانان كه‌ هاوكاریه‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی لێ به‌رهه‌م دێت. خاڵێكی ئه‌رێنی بوو بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ هاوكاریه‌كانی ده‌وڵه‌تان. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌، پێگه‌یه‌كی گرنگی به‌خشیه‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ وڵاتان، ئێستاش كاریگه‌ریه‌كه‌ی له‌ بواری جۆراوجۆردا به‌رده‌وامه‌.
خواستی هه‌موو تاكێكی كورده‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان ڤۆكه‌سیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێم بێت و یه‌كگرتوو و یه‌ك هه‌ڵوێست بن‌ سه‌باره‌ت به‌و پرس و بابه‌تانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر مێژوو ره‌حم به‌كه‌س نه‌كات، ئه‌وا مێژوو خه‌در له‌ كه‌سیش ناكات. كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌‌م رووداوه‌ گرنگه‌، مێژوو به‌سه‌ر به‌رزی ناویان ده‌نووسێته‌وه‌ و نه‌وه‌كانیش به‌ فه‌خره‌وه‌ ده‌یخوێننه‌وە‌.

Top