چەند قوتابییەك ٥٩ پارچەی ئاساری کۆنیان لە مۆزەخانەیەکی میسر دزی

وەزارەتی ناوخۆی میسر دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی دزینی ٥٩ پارچەی ئاساری كۆنی مۆزەخانەی میسری راگەیاند.
ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە، چەند کاتژمێرێک دوای پێگەیشتنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دزیکردنەکە لە مۆزەخانەی میسر لەلایەن شوێنەوارناسی زانکۆی سۆهاج، بە هاوکاری تیمێکی تایبەتمەند، توانیان ٤ تاوانباری ئەم دزییە کە سێ کەسیان خوێندکار بوون و یەکێکیشان باوکی یەكێك لە قوتابییەکان بوو، ئاشكرا بكەن و دەستگیریان بکەن.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم ٥٩ پارچە دێرینە پەیوەندییان بە سەردەمی فیرعەون و ئیسلامەوە هەبووە، کە دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لەبەردەستیاندا بووە.
وەزارەتی ناوخۆی میسر ئەوەشی خستەڕوو، دوای دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان دانیان بەوەداناوە كە ئۆپەراسیۆنی دزیكردنەكە لەلایەن سێ خوێندكارەوە ئەنجامدراوە و دواتر ئەو شتە دزراوانەیان لە ماڵەكانیان شاردۆتەوە بۆ ئەوەی دوای دەرفەتێك بتوانن بیفرۆشن.
گوڵان: سەردار خەلیل