سه‌رۆكی كۆمپانیای نیم: كوردستان باشترین بازاڕی ئێمه‌یه‌ و سه‌قامگیره‌

سه‌رۆكی كۆمپانیای نیم: كوردستان باشترین بازاڕی ئێمه‌یه‌ و سه‌قامگیره‌

سه‌رۆكی كۆمپانیای نیم، كه‌ بریكاری سه‌ره‌كیی كۆمپانیای كیایه‌ بۆ ئۆتۆمبێل له‌ كوردستان، رای گه‌یاند، بازاڕی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیاكه‌یان باشترین بازاڕه‌ و سه‌قامگیره‌.

كۆمپانیای نیم، ئۆفیسی سه‌ره‌كیی خۆی له‌ هه‌ولێر نوێ كرده‌وه‌ و له‌ بۆنه‌یه‌كی تایبه‌تدا، ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێڵی نوێی جۆری "كیا"ی نمایش كرد، كه‌ به‌ شێوه‌ و دیزاینی زۆر جوان و تایبه‌ت دروست كراون و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م ده‌گونجێن.

نیهاد زه‌خه‌ریا، سه‌رۆكی كۆمپانیای نیم لەم بارەوە گوتی: سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیاكه‌مان و روانیمان بۆ بازاڕ و فرۆش، كوردستان باشترین بازاڕه‌، چونكه‌ سه‌قامگیره‌ و گه‌رموگوڕه‌.

گوتیشی: "خه‌ڵكی كوردستان تێگه‌یشتوو و رۆشنبیرن، ده‌زانن چیان ده‌وێت، ئێمه‌ش هه‌وڵمان دا به‌ پێی پێداویستی خه‌ڵك و بازاڕی كوردستان بەرهەمه‌كانمان بخه‌ینه‌ڕوو، به‌تایبه‌تی ئێسته‌ چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی ناوازه‌مان خستووه‌ته‌ بازاڕ، كه‌ به‌ كواڵێتییه‌كی زۆرباش دروست كراون، جگه‌ له‌وه‌ش دیزاین و پێكهاته‌كانیان زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌.

نیهاد زه‌خه‌ریا، كه‌ خه‌ڵكی ئوردنه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌وان ره‌چاوی بار و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان و ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وایان كردووه‌ له‌ دروستكردنی ئۆتۆمبیڵه‌كانیان.

سه‌رۆكی كۆمپانیای نیم، ئاشكرای كرد، كۆمپانیای كیا، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سپۆنسه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مۆندیالی تۆپی پێی 2022 له‌ قه‌ته‌ڕ، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری و ئۆفه‌ر و سوپرایزی بۆ خه‌ڵكی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ مۆندیالی 2022 ده‌بێت.

Top