نیوەى داهاتى وێستگەکانى کێشان لە هەرێمى کوردستان بۆ چاککردنى ڕێگاوبانەکان خەرج دەکرێتەوە

نیوەى داهاتى وێستگەکانى کێشان لە هەرێمى کوردستان بۆ چاککردنى ڕێگاوبانەکان خەرج دەکرێتەوە



لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، دەیان وێستگەى کێشانى بارهەڵگر هەیە بە مەبەستى کێشانى بارەکەیان کە هۆکارى سەرەکییە بۆ تێکچوونى ڕێگەوبانەکان. ئەمە ڕێوشوێنێکى جیهانییە بە مەبەستى پاراستنى ڕێگەوبانەکان و هاووڵاتیان لە هەر ڕووداوێکى نەخوازراو کە لە ئەنجامى زیادەبارەوە دروست دەبێت. لە هەرێمى کوردستان ٩٠ جۆر بارهەڵگرى جیاواز هەیە کە هەر یەکەیان بە پێى ئەکسلەکانیان ڕێگەیان پێ دەدرێت ڕێژەیەکى دیاریکراو بار هەڵبگرن.
وێستگەکانى پارێزگاکان ژمارەیان ٤٢ وێستگەیە کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکاندا:
ـ پارێزگاى هەولێر: ١٣ وێستگە
ـ پارێزگاى سلێمانى: ١٧ وێستگە
ـ پارێزگاى دهۆک: ١٢ وێستگە

لە ماوەى هەفتەیەکدا، واتە لە ڕێکەوتى (٢١ی ئابی ٢٠٢٢) بۆ (٢٥ی ئابی ٢٠٢٢)، کۆى ژمارەى بارهەڵگرە کێشراوەکانى نێو ئەو ٤٢ وێستگەیە ٦٨هەزار و ٨٩١ بارهەڵگر بووە کە بەم شێوەیە دابەش بوونە بەسەر پارێزگاکاندا:
ـ پارێزگاى هەولێر: ٢٣ هەزار و ٨٠٥ بارهەڵگر
ـ پارێزگاى سلێمانى: ٢٧ هەزار و ٦٠٧ بارهەڵگر
ـ پارێزگاى دهۆک: ١٧ هەزار و ٤٧٩ بارهەڵگر

لەو ژمارە بارهەڵگرە کێشراوانەى ئەم هەفتەیە، بەشى زۆرى بارهەڵگرەکان یاسایی بوونە و هەندێکیشیان نایاسایی بوون کە بەم شێوەیە دابەش کراونەتە سەر یاسایی و نایاسییەکان:
•ژمارەى بارهەڵگرە یاساییەکان ٦٨هەزار و ٣٨٢ بارهەڵگر بوون کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان:
ـ پارێزگاى هەولێر: ٢٣ هەزار و ٧١٢ بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى گوێڕ بووە و ژمارەیان ٦ هەزار و ٤٣٣ بارهەڵگر بووە.
ـ پارێزگاى سلێمانى: ٢٧ هەزار و ٣٤٧ بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى چەمچەماڵ بووە و ژمارەیان ٥ هەزار و ٨٩٧ بارهەڵگر بووە.
ـ پارێزگاى دهۆک: ١٧ هەزار و ٣٢٣ بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى باشیکای یەک بووە و ژمارەیان ٧ هەزار و ٨٧٢ بارهەڵگر بووە.

•ژمارەى بارهەڵگرە نایاساییەکان ٥٠٩ بارهەڵگر بوون، کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان:
ـ پارێزگاى هەولێر: ٩٣ بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى قوشتەپە بووە و ژمارەیان ٢٢ بارهەڵگر بووە.
ـ پارێزگاى سلێمانى: ٢٦٠ بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى ژاڵە بووە و ژمارەیان ٨٢ بارهەڵگر بووە.
ـ پارێزگاى دهۆک: ١٥٦ بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى بدریک بووە و ژمارەیان ٧١ بارهەڵگر بووە.

بە گشتى و لە پارێزگاکان، ڕێژەى (٤٠٧.٤٥) تۆن بڕى زیادە لە بارهەڵگرە نایاساییەکان گەڕێنراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بچێتە نێو شارەکان کە بەم شێوەیە بووە:
ـ پارێزگاى هەولێر: ٦٦.٢ تۆن
ـ پارێزگاى سلێمانى: ٢٣٣.٢٥ تۆن
ـ پارێزگاى دهۆک: ١٠٨ تۆن

ئاگرین عەبدوڵا، بریکارى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروبارى ڕێگاوبان لەم بارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى ڕاگەیاند: ئەم کارەمان بە پێى ستانداردى جیهانییە و بۆ وەبەرچاوگرتنى کواڵێتى ڕێگاوبانەکانى کوردستانە بۆ ئەوەى بپارێزرێن لە تێکچوون و نەبنە مەترسى و زەحمەت بۆ سەر هاووڵاتیان.
سەبارەت بە چۆنیەتى دابەشکردنى داهاتى دەستکەوتوو و ئەو بڕە پارەیەى کە لە ئەنجامى سزا و پێبژاردنى بارهەڵگرە نایاساییەکانەوە دەست حکومەت دەکەوێت، ئەم بریکارەى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروبارى ڕێگاوبان ڕایگەیاند: ٥٠%ى داهاتەکە دەچێتەوە بۆ خەزێنەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى و ئەو ٥٠%ـیەى کە دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە کە ئەویش بەم شێوەیە دابەش دەبێت: ٣٠%ى بۆ چاککردنى ڕێگا و بانەکان و ڕێگەى گوندەکان خەرج دەکرێت و ١٥%ـەشى بۆ خودى وێستگەکانى کێشانە بۆ ئەوەى کەموکوڕى و کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئەو ٥%ـەى کە دەمێنێتەوە دەگەڕێتەوە دیوانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە مەبەستى چارەسەرکردنى کەموکوڕى دیکە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ ی ئابی ٢٠٢٢

Top