خۆ فێركردن به‌ درێژایی ژیان

خۆ فێركردن به‌ درێژایی ژیان

نیگاركێشی میسری (عمرو سه‌لیم) ده‌لێ" چاوه‌ڕێ مه‌كه‌ سه‌ركردایه‌تى كردنت پێ ببه‌خشن، به‌ڵكو ڕاهێنان بكه‌ خۆت فێر بكه‌ چۆن به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵبگری".
شكی تێدا نییه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك ده‌ژین جیاوازه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانى پێشووتر به‌ هه‌موو پێوه‌ر و ئه‌ندازه‌یه‌ك و له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، سه‌رده‌می ئێستا سه‌رده‌مى زانست و زانیارییه‌.
رێگاكانى وه‌رگرتن و فێربوونى زانست و زانیاری یه‌كجار زۆربوونه‌، به‌ڵكو زۆر ئاسانیش ده‌توانی به‌ ده‌ستیان بهێنی چ له‌ رێگاى دام و ده‌زگاكانى فێركردن و په‌رتووك و په‌رتوكخانه‌ و هۆیه‌كانى ڕاگه‌یاندنى جۆراوجۆر بینین و بیستن و خۆێندنه‌وه‌ و چاپكراوه‌كان و بلاوكراوه‌كان و كۆنگره‌ و كۆنفرانس و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ و سه‌نته‌ر و مه‌ڵبه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ى زانستى و سۆشیال میدیا به‌ هه‌موو جۆره‌كانى، كه‌واته‌ هه‌ر تاكێك بیه‌وێ خۆى فێر بكات و په‌ره‌ به‌تواناكانى پسپۆڕى خۆى بدات رێگاكان زۆر ئاسان و به‌رده‌ستن به‌ تایبه‌ت بۆ مامۆستا گرنگه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ به‌ پسپۆڕى و تواناى زانستى خۆى بدات و به‌رده‌وام خۆى خۆی فێر بكات و چاوه‌ڕێی به‌شدارى كردن له‌ خول و ڕاهێنان نه‌كات، بگره‌ گه‌ر به‌شدارى به‌رده‌وامیش بكات له‌ ڕاهێنان و خوله‌كان، به‌ڵام ده‌بێ خۆى په‌رۆشی و خولیای فێربوونى خۆى هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ فێربوونه‌ شێوازی تازەی پرۆسه‌ى فێربوونى نوێیه‌ كه‌ ده‌توانى خۆی خۆی پڕ چه‌ك بكات به‌ كۆمه‌لێ كارامه‌یی جۆراوجۆری پێویست و په‌یوه‌ندیدار به‌ پسپۆڕى و ژیان، بێ شك یارمه‌تیده‌رێكى زۆر باش و سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌ ژیانى ڕۆژانه‌ و كاركردندا بۆ ده‌ست نیشان كردن و چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى له‌ كاتى خۆى، هه‌روه‌ها سه‌لماندنى سه‌ركه‌وتوویی و توانایی له‌ كاره‌كان و داهێنان كردن له‌ ئه‌رکەکان و پاراستنی به‌رپرسیاریه‌تى، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین نابێ هه‌رگیز مرۆڤـــ بوه‌ستێ له‌ فێربوون، پێویسته‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ بدات ڕۆژانه‌ شتێكی نوێ فێرببێ ئه‌وه‌ش رێك هاوته‌ریب ده‌بێ له‌گه‌ڵ دروشمی نوێی سه‌رده‌م ئه‌ویش (فێربوون به‌ درێژایی ژیان)، بۆیه‌ پێویسته‌ پرۆسه‌ى فێربوون و خۆ فێركردن به‌رده‌وام بێت و نه‌وه‌ستێ له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانى ژیان به‌ تایبه‌ت بۆ مامۆستا كه‌ هه‌رده‌م سه‌ركرده‌ى پرۆسه‌ى فێربوون و فێركردن و په‌روه‌ردكردنه‌.
مامۆستا ده‌توانێ بوونى خۆى بسه‌لمێنێ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ و له‌ سه‌ر زه‌وی به‌ خۆ فێركردنى به‌رده‌وام و په‌ره‌پێدانى له‌ پسپۆڕییه‌كه‌ى بێ وه‌ستان، هه‌میشه‌ هێزی ڕاسته‌قینه‌ و كه‌سایه‌تىجیگیر و سەرکەوتوو ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند ده‌توانی خاوه‌نداریه‌تى زانیاری و زانست بكه‌ى له‌ پسپۆڕییه‌كه‌ى خۆت به‌ تایبه‌تى بەکاری بهێنی و جێ به‌جێ بكه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كرداری كه‌ گونجاو و شیاو بێت له‌گه‌ڵ پێداویستی و داواكارییه‌كانى سه‌رده‌م و كارى پسپۆڕییه‌كه‌ت.
بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستایانی به‌رێز هه‌رده‌م هه‌وڵ بده‌ن و په‌رۆش و عه‌ودال بن بۆ خۆ فێركردنى به‌رده‌وام و وه‌رگرتنى زانیاری و زانستى نوێ له‌ سه‌ر پسپۆڕى و كاره‌كانیان به‌ به‌رده‌وامى.
به‌ پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ زانكۆی كالیفۆرنیا ئه‌نجامدرا توێژه‌ره‌كان ده‌ریان خست ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا به‌رده‌وام په‌رۆش و عه‌وداڵى فێربوونن زیاتر بیروهزریان ئاماده‌ ترە بۆ فێربوونی زانسته‌كه‌ زووتر وه‌رده‌گرن و په‌سندی ده‌كه‌ن و خۆشى و چێژ و سوود له‌ پرۆسه‌ى فێربوون ده‌بینن، هه‌روه‌ها ده‌توانن زیاتر داهێنانیش بكه‌ن. بۆیه‌ گرنگه‌ مامۆستاكانمان به‌رده‌وام به‌ په‌رۆش بن بۆ فێربوون و خۆ فێركردن، كه‌ هه‌رده‌م ده‌توانن كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هێز و ڕاسته‌قینه‌ و پڕ له‌ زانست و زانیاری له‌ سه‌ر زه‌وی دروست بكه‌ن، هه‌میش ده‌توانرێ ئامانجه‌كانى په‌روه‌رده‌یی و فێركردن جێ به‌جێ بكرێ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو و به‌رده‌وام بێته‌ به‌رهه‌م.

بەکر کەریم حەسەن
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top