16ی ئاب یاد و ناوەخنی ڕەوت و ئاراستە

16ی ئاب  یاد و ناوەخنی ڕەوت و ئاراستە

 

بەو پێیەی كە پێشمەرگەیەكی پارتیمانم، بۆیە بۆ نووسینی وتارێك لەسەر یادی دامەزراندنی حزب، وا پێویست دەكات كە من بەو وشانە دەست پێ بكەم، كە بانگەوازێكە و پێی ڕاهاتووین لە بەیاننامەكانی خەباتماندا، بۆیە ڕوو لە سەرچاوە شەرعییەكانمان دەكەم و، بەمە دەست پێ دەكەم:

 

ئەی گەلی كورد لە بەشەكانی كوردستان..

 

كەسوكاری شەهیدانی نەوە دوای نەوە بە درێژایی مێژووی خەباتی شكۆدارمان

ئەی ئەو ڕۆحانەی بە دڵنیایی و ڕەزامەندییەوە بۆ لای یەزدان گەڕانەوە، دوای ئەوەی بەهادارترین شتیان كە خوای گەورە پێی دابوون، لە پێناو ئازادیدا كردە قوربانی.

بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانیی زیندوو لە ویژداندا

 

 سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و حكومەت و فراكسیۆنەكەی پەرلەمان و نوێنەرانی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیدا

پێشمەرگەی كوردستان، ئەوانەی دەستتان لەسەر پەلەپیتكەی چەك خاونەبووەوە بۆ داكۆكیكردن لە پیرۆزییەكانی بارەگاكانی حزب و لق و نووسینگە و یەكیێتییە تێكۆشەرەكانی.

 

ئەوەتا پارتەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان، مۆمێكی تازەی تەمەنی دادەگیرسێنێت، پارتەكەی ئێوە كە لە ناخی ئەم نەتەوەیەماندا لە دایك بووە، بە خێرایی بڵاوبووەوە و ئاڵای زەردی بەرزكردەوە، كە لە سەڵاحەددینی ئەییووبی بۆی ماوەتەوە.

شانازی باڵی بەسەر ئاسۆدا كێشاوە، داستانێكە لە ژیانی هەمووماندا بەرجەستە دەبێت، هەر لەوەتەی مستەفا بارزانی زانست و چەكی هەڵگرتووە بۆ بەرهەڵستیی ستەم و زۆرداری، بێ ئەوەی باكی بە سوپاكانی ئەو دەوڵەتانە بووبێت كە مێژوو لەبەر دڕندەییان خستوونیەتە گۆشەی ڕیسواییەوە، بەڵام بارزانی و نەتەوەكەی خستە ئەو پەڕی سەركەشی و سەربەرزییەوە.

پارتی كە تا ئێستاش هەر بە هەمان هیممەتی سەركردەكەی بەردەوامە لە كاركردن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانی بۆ گەل، زەوی دەبڕێت و پێشبڕكێ لەگەڵ شەو و ڕۆژدا دەكات، تاكو نەتەوەكەمان نەگەڕێتەوە ئەو سەردەمەی كە دوژمنانی ئازادی جڵەوی چارەنووسیان كردبوو، هەروەها دەیانویست لە پیلانە قێزەوەنەكانیاندا بمانتوێننەوە، كە تەنیا زەرەرمەندی و ماڵوێرانی بەدوادا دێت.

پارتەكەتان، پارتی تێكۆشان و خەبات و جیهادە، پارتی سەنگەری ئارامگرتن و داكۆكیكردن و شۆڕش و سەركەوتنەكانە، پێشتریش و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە ئێوەوە پارتی هەر بە دەستكەوتەكان و پێشكەوتن و گەشانەوە دەمێنێتەوە، مایەی شانازییە بۆ پیاوان و ئافرەتان و لاوان و پیر و منداڵان، كە بە درێژایی تەمەنی ئەو پارتە و تەمەنی بزووتنەوەكانی خەباتمان، یەك ڕێباز كۆی كردووینەتەوە، لەو سەردەمەیدا كە باب و باپیرانمان لە كۆنەوە بە وشەی ئازادیخوازی هۆشیار بوونەتەوە و خۆیان بۆ گیانفیدایی ئامادە كردووە.

گەلی ڕاستگۆ و ڕەسەنمان كە بە زامی شەڕوشۆڕ تلاوەتەوە و سیاسەتی ئەوانە ئازاری داون كە هەڵپەی تەخت و تاجی بۆش و بەتاڵ دەكەن، ئەو گەلەی كە هەموو دونیای فێری وانەكانی مكوڕبوون و پێشڕەوی و سەركەوتن كرد، گەلێكە پرۆسەكانی ئەنفال نەیانتوانی ئیرادەی كۆت و بەند بكات، چەكی كیمیاوییش هەناسەی لێ نەبڕی، پەتی سێدارەی جەلادەكانیش نەیتوانی سەریان لە جەستە بكاتەوە، لە ناو زیندانیش بە ئەشكەنجەدان خوێنی هەڵنەچۆڕا و وشكی نەكرد، كانگەی نەتەوەیی ئەو گەلە بە زەبروزەنگ و دڕندەیی داگیركەرانی خاك و ژیان نەتوایەوە.

چ پەرجووی خەباتێكە بۆ نەتەوەكەمان كە سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكایەتی بكات و درێژە بە ڕێبازی باوكی بدات لەگەڵ ئەو خەباتگێڕانەی لەگەڵیدان، كە بۆنی پاكیی ڕووباری ئاراسیان لێ دێت و دەروونیان بەو ڕووناكییە گەشاوەیە، كە هەر كاتێك تاریكی داهات، ڕێگەكان ڕۆشن دەكاتەوە.

هەڤاڵان. خوشك و برایان، هەموو ڕێڕەوی مێژووی خەباتی كورد شانازی بە گیانی خەباتەوە دەكات و، لە نێو ئەو ڕۆحەدا پارتەكەتان ژیانێكی تازە دێنێتەوە ئارا، ژیانێكە كەرامەت و گەشەسەندن دەچنێت، لەسەر ئەو خاكەی كە بە درێژایی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خێر و شەڕ بووەتە سووتماك.

ئەی ئەو نەوانەی كە قوربانیتان دا، پارتەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان، هەرگیز نائومێدی نەكردن و نائومێدیشتان ناكات و، تارمایی شۆڤینییەتی ڕەواندووەتەوە، دوای ئەوەی لە چەندین گەڕی مەزنی شەرەفدا ڕووبەڕووی ئەو تارماییە بووەوە و مێژووش بە شانازییەوە تۆماری كرد.

پارتەكەتان دوای حەوت دەیە و شەش ساڵ خاوەنی ماندووبوون و میراتێكی گەورەیە لە داكۆكیكردن و قوربانی و ئامانجی پیرۆز و بنەمای قووڵتر و بەرزترین بونیات، جەماوەری حزبەكەتان هێندەی فراوانیی خاكی نێوان كوردستان و تاراوگە بڵاوە، كە تاكێتیی ئەم گەلە وەك كانزایەك هەڵدەگرێت، كە بەرانبەر كەسانی دیكە شانازیی پێوە دەكەین.

ئەی ئەو نەوەیەی كە لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوامە، پارتەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی خەباتگێڕانەتانە لە باوك و دایك و باپیرانەوە، پارتی شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەكانە، ئێوەش بە گیانی ئەوانی پێش خۆتان چەكدار بن، ئەوانەی كە ڕووبەڕووی زلهێزان بوونەتەوە، تاكو خۆری ئەمڕۆتان بۆ هەڵبێت، ئێوەش گەورەی خۆتانن، تاكو دوای ئێوەش نەوەیەك بێت كە ئەو شانازییەیان بۆ بمێنێتەوە كە ئێوە هەڵتانگرتووە.

پارتە خەباتگێڕەكەتان هیچ ئامانجێك نەماوە لە نێو ئەو كۆمەڵگەیەدا كە هەوڵی بەدیهێنانی نەدابێت، ئێوەش ئەی هەڤاڵان چاو و زمان و دەست و پارێزەرانی بن، كارمان كردووە و دەیكەین بۆ پیرۆزترین ئامانج و چاكترین دەستكەوت بۆ ئێوە لە گوند و شارەكاندا، لە كێڵگە و زانكۆكاندا، لە مەیدانی جۆراوجۆری كاردا.

خەباتی پارتەكەتان بەو ڕابەرایەتییەی كە هاوتای نییە، مستەفا بارزانیی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی (خوا تەمەن درێژی بكات) بەرهەمی سەركەوتنی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو زیان و ستەمەی وەلاوە نا كە وەك كۆت و بەند لە مەچەكی نەتەوەكەمان ئاڵا بوون، ئەوە بوو بە هیممەتی خۆتان و سەركردایەتییەكەتان ئەو زنجیر و كۆتەتان پساند.

ئەی هەڤاڵانی خوشك و برا . ئێوە ناوەرۆكگەلێكی ڕەسەن و ڕووكەشێكی بەهێزتان هێنایە ئاراوە، كە جوانترین وێنە و بەردەوامیی ژیانە، كێڵگەكانمان كە ستەمكاران بە مین چاندبوویان، بە هیممەتی جووتیارانمان خێریان لێ بەرهەم هات، ئێمەش بە ڕێگای یاسا و حكومەت كاردەكەین كە ئەم خێرە زیاتر بێت و ژیانی جووتیارانمان شایستەتر بێت.

ئێوە هاوچەرخبوونتان بە شارەكانمان بەخشی، بە چەشنێك هیچ شتێك نەتوانێت زیان بە ئاشتیی كۆمەڵایەتی بگەیەنێت، ئێوە بەهاكانی كۆمەڵگە و پرەنسیپەكانی نەتەوە و پڕۆگرامی حزبەكەمانتان چەسپاند، لە یەكتر قبووڵكردن و ڕەتكردنەوەی دەمارگیریدا.

ئەگەر بە قووڵی و بە ویژدانەوە بڕوانینە تەمەنی پارتیمان لە 1946ـەوە تا ئەمڕۆ، بەسە بۆ ئەوەی بێ هیچ گومانێك بڵێین: (پارتێكە و گەورەتریشە لە پارتێك)، نەتەوەیەكە تواوەتەوە لە نێو جەستەی نەتەوە گەورەكەی و نیشتمانپەروەرییەكەیدا، لە هەر شوێنێك كە نیشتمانپەروەری جێگەی ببێتەوە، ئەگەر نیشتمانپەروەریش لە ڕەوتی خۆی لای دا، ئەوا شان بە شانی خێرخوازان كار بۆ ڕاستكردنەوەی دەكات.

ئێمە لە هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز و، لە جومگەی كاری ئۆپۆزسیۆنی هاوبەشدا كارمان لەسەر هەموو هەنگاوێكی سەر ئەرزی واقیع كرد و، بە هەموو دەنگ و زمانێك بۆ خزمەتكردنی وەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە شایستەی گەلەكەمان و نیشتمانێك بێت كە بەرگی سیاسی پۆشی بێت، ئەوەی كار لەو نەتەوەیە بكات، كە خوای گەورە لەسەری دروست كردووین، بەڵام بێ هیچ لەكەیەكی پەراوێزخستن، یان ئیدانەكردنی لاساییكردنەوەی ستەمكار.

بارزانیی نەمر فێری كردین كە بتوانین بەسەر هەموو ئەو كۆسپ و ئیرادە و ئاراستانەدا سەركەوین، كە ویستیان ڕێگر بن لەبەردەم گەیشتن بەو مافانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوین و یاسا دروستەكانیش ڕێگەیان پێ داوە.

خوشك و برایان، هەڤاڵان، ئێوە بۆتان هەیە شانازی بە مێژووی پارتەكەتانەوە بكەن كە مافی ناسی و، خەڵكانی دیكەش پێگەیان ناسی، و پارتێكی جەماوەرییە كە سەودا و سازش ناكات، لە قوربانیداندا دوا ناكەوێت، گوێ بە پڕوپاگەندەی دوژمنان نادات، ڕووبەڕووكارێكی بەهێز و ڕەسەنە و سەركێشی ناكات و سەركردایەتی دەكات و كەس سەركردایەتیی ئەو ناكات.

خەڵكی ئێمە لە كوردستانی بە قەدر و قیمەتدا، بە بەرزییەوە یادی هیممەتی كوڕانی پارتەكەتان دەكەنەوە كە بەرەوڕووی ئەستەم بوونەوە، تاكو نەتەوەكەمان لە مەینەتی و ستەمی ڕژێمەكانی پێشوو ڕزگار بن، هەروەها لەم ڕێگە سەختانەدا لە واقیعی دژواری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا گەڕاون تاكو ئەو ئاڵایانە بەرز بكەنەوە كە بناغەیان هەیە، بناغەی ژێرخان و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، كە سەرمایەی مسۆگەری گەشەسەندنن.

پارتیمان پێشتر و لەمەودواش بەرژەوەندیی نەتەوەكەی زاڵ دەكات بە سەر هەموو بەرژەوەندییەكدا، لەگەڵ میللەتەماندا نموونەیەك بووە بۆ درێژەپێدان و پێشڤەچوون، هەمیشە قوربانیی بە دەستكەوتە حزبییەكان داوە، كە ئەوانەی غەیری ئێمە هەڵپەیانە بۆ بەدەستهێنانی لەژێر دروشمی ناڕاستەقینەدا.

ئەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان. پارتەكەتان لە ڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستكەوتگەلێكی گەورەی پێشكەش كردووە، لە سەروویانەوە پێشكەشكردنی بیرۆكەی شەراكەتی ڕاستەقینە لە دەركردنی بڕیاری جێبەجێكردندا و، كاركردنی بەردەوام و جددی و هۆشیار بە پێویستییەكانی تاكی كوردستانی، لە ڕووی ئاسایش و گوزەران و كارەوە، كە ئەمەش دواكاری ئەم حكومەتە نییە.

سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گرتییە دەست، چەند بناغەیەكی كاركردنی داڕشت، كە بە هۆی دید و تێڕوانینەكەی و هاوكاریی تیمە وەزارییەكەیەوە دەستكەوتەكان بەرەو هەڵكشان چوون و، بە هەموو ئاراستەیەكی ناوەوە دەرەوەدا هەنگاوی نا، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان بەدی بهێنێت لە گوند و شارو شارۆچكەكاندا، هەموو توانایەكی خۆی بەكار هێنا و هەموو ئامرازێكی نوێی هێنایە ئاراوە، بۆ ئەوەی پەلە بكات لە دابینكردنی پێویستییەكانی هاووڵاتیان.

خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە و تەندروستی و یاسایی و ڕۆشنبیریی فراوان بوون و ڕێك خران، پەیوەندییەكانیش زیادیان كرد لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە حكومەت و دەستەكانەوە، هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوووەكان و ڕێكخراوەكانی فریاگوزاریدا، ئەو حكومەتانەی كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دایمەزراندن، توانییان هۆكار بن بۆ كەڵەكردنی شارەزایی ئەداكردن، كە تێڕوانینی لووتبەرزانە و فەرامۆشكاریی حكومەتەكانی پێشووی ڕاماڵی، كە پێش 2003 كۆنتڕۆڵی ژیانی تاكی كوردستانیان كردبوو.

ئەوە بوو حكومەتی كوردستان بووە جێگەی متمانەی گەلەكەمان و سەرسامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە هۆی ئەو گەشەكردنەی لەسەر داروپەردووی كەڵەكەبووی ساڵانی دیكتاتۆریەتەوە بەدی هێنا، بەڕێزیان ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی هاووڵاتیان و شەرعییەت و بەتینكردنی پەیوەندیی نێوان دەستەی یاسایی و دادوەری و جێبەجێكردن و سیاسییەكانەوە، ئەویش بە هۆی پێگەی بەڕێزیانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

بەڕێز مسرور بارزانی لە میانی ئەو شارەزاییە پێشەنگەی هەیەتی، سەرۆكایەتیی حكومەتی گرتە دەست، كە پارتیمان لە ڕێی سەرۆكی حكومەتەوە شەرەفمەندە بە ئەداكردنی ئەركی جێبەجێكردن تێیدا، بەڕێزیان گەورەترین سەركەوتنی لەسەر هەموو ئاستێكی كاركردندا بەدی هێنا، بەتایبەتی لە قۆناغی تەحەددییە گەورەكانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا ڕۆڵی گرتە ئەستۆ، ئەمەش پێویستی بەوە بوو كە هەوڵێكی مەزن بدرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی كوردستان و بەدواداچوونی كێشەكان، كە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە، ئەو كێشانەی كە ساڵانێك حكومەتەكان و پارتیمان كۆششیان كردووە لە پێناو ژیان و گوزەران و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لێی. بەڕێز مسرور بارزانی ڕۆڵی سەركردایەتییەكی كاریگەر دەبینێت لە برەودان بە دەستكەوتەكان و كاركردن بۆ بناغەداڕشتن، بۆ قۆناغەكانی داهاتوو، بە چەشنێك كە لەگەڵ ڕۆژگاری هاوچەرخ و پێداویستییەكانیدا هەڵ بكات، ئەمەش لە ڕێی گرتنەبەری پلانێكی واقیعبینانە و تا دواڕاددە وردەوە.

خوشكان. برایان. هەڤاڵان.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی بۆ وەرزێكی دیكەی تەمەنی ڕێكخستن ئامادە دەكات، بە ئامادەباشییەوە بەرەو چواردەمین كۆنگرە دەچێت، سوورە لەسەر ئەوەی لەم كاروانە بەردەوام بێت و، ڕاهاتووە لەسەر ئەوەی كە خۆی لەگەڵ پێشهاتەكاندا بگونجێنێت، بە هۆی قووڵی و واقیعبینیی دیدگای سەركردەكەی و هەڤاڵانی لە ڕەعیلی یەكەم لە سەركردە بە توانا و خاوەن ئەزموونەكان و، گەشبینە بە گیانی تازەبوونەوە، كە حزب بەردەوامە و خەباتیشی درێژەی هەیە، كە بووەتە هۆی ئەوەی لە ئەمڕۆدا بەدیهاتووە و، سبەینێش دێتەدی.

ئێمە كاتێك یادی شەهیدە سەربەرزەكان دەكەینەوە، یادی ئەوان لە ویژدانی ئێمەدا زیندووە، لەو ڕێگە سەختە دەڕوانین كە لە پێناو نەتەوەكەمان گرتوومانەتە بەر، ئێمە متمانەمان زیاد دەكات و بڕوامان بە دۆزەكەمان پتەوتر دەبێت و لەسەر ئەم ڕێگەیەش هەنگاو دەنێین.

كوردستان بە ئێوە و بە پارتەكەتان بوو بە پەناگەیەكی هێمن بۆ هەموو ئەوانەی بە دوای ژینگەیەكدا دەگەڕێن، كە یاسا و ڕێز و مرۆڤایەتی و فرەلایەنی تێدا بەرجەستە ببێت، هەروەها هەرێمێك كە قورسایی دیپلۆماسی و سیاسی و میللی هەبێت.

بە ئێوە و بە پارتەكەتان و سەركردایەتی و نوێنەرانتان لە هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق و دەسەڵاتی دادوەری و هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، بە هەموو توانایەكمانەوە كاردەكەین و شارەزاییمان ئاڵوگۆڕ دەكەین، بۆ ئەوەی سەركەوتووترین چارەسەر بۆ شەریكەكانمان ڕوون بكەینەوە، هەروەها باشترین ڕێگە بگرینەبەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و وەفاداری بەرانبەر دروشمەكانمان، كە بە متمانەوە بەرزمان كردەوە، بۆ عێراقێكی دیموكراسی و فیدڕاڵی لە واقیعدا، نەك لە نێو مەرەكەبی دەستووردا.

پارتەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، پەیمان تازە دەكاتەوە بۆ نەتەوە و گەلانی عێراق، كە هەردەم و وەك پێشتریش مەشخەڵێك بێت لەسەر ڕێگەی مرۆڤایەتی و دادپەروەری و بەردوامبوون و، پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی نەتەوەكەمان بكات و هەوڵی بەدیهێنانی باشتریش بدات، هاوپەیمان و هاوڕێكانی هەمان ئەو متمانەیەیان هەیە كە بە هۆیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات و، بە هەماهەنگی كار دەكەن لە پێناو پارێزگاریكردن لە كوردستان و عێراق، و باوەڕیان بە دیالۆگ و ڕۆڵی هاوشان هەیە و، لێدوان و كردەوە بارگرژییەكان لە تەواوكردنی كاروانی خەبات ساردیان ناكاتەوە.

با كوردستان بە هەوڵی هەموو لایەك هەمیشە ئاوەدان و گەشاوە بێت، بە گەل و پەرلەمان و حكومەتەوە و، ئێوەش پاڵپشتی بن، كادیرە خەباتگێڕەكانی پارتەكەتان وەك نموونەی قوربانی و كاركردن هەر بەردەوام دەبن، ئەویش وەك وەفایەك بۆ نەتەوە و سەركردایەتییەكەتان، بۆ پێزانینی واتای ژیان، كە بە قوربانیی سەدان هەزار كەس هاتووتە دی.

شكۆداری بۆ بارزانیی مستەفا و ئیدریس بارزانی و شەهیدانمان و شەهیدانی ئازادی.

پیرۆزە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێوە و لە نەتەوەكەمان و كەسوكاری شەهیدان.

 

بژی كوردستان بە ئاشتی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان. 

 

 

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

Top