قوتابی و پشووى هاوین

قوتابی و پشووى هاوین



وانه‌بێژ و نوسه‌ری ئه‌مریكی (لیس براون) ده‌لێ" به‌رێ كه‌وه‌ به‌ره‌و مانگ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش نه‌بووی، ئه‌وا جێگیر ده‌بی له‌ نێو ئه‌ستێره‌كان".
سه‌رجه‌م سیسته‌می فێركردن له‌ جیهان پشووی كۆتایی ساڵیان هه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ وه‌رزی هاوین و پێ ده‌گوترێت پشووی كۆتایی ساڵ یان پشووی هاوین، كه‌ له‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ووڵاتان نزیكه‌ى (3)سێ مانگ یان زیاتر یان كه‌متر دەبیت ،ئه‌و پشووه‌ دوایی چه‌نده‌ها مانگی پڕ له‌ خوێندن و ماندوو بوون و شه‌ونخونی ده‌ست پێ ده‌كات. بێگومان ئه‌وه‌ش مافێكه‌ له‌ مافه‌ گرنگه‌كانى قوتابی بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه‌ و خاوبوونه‌وه‌ و هێوربوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشووی هاوین گرنگی و بایه‌خی خۆى هه‌یه‌ لاى قوتابی ده‌توانی سوودی لێ ببینێ و به‌ قازانج ته‌واوى بكات و چێژ و سوودی هه‌بێت بۆ قوتابی ئه‌گه‌ر بتوانێ پلانی بۆ دابنرێ و ئامۆژگاری بكرێ چۆن كاته‌كانى پشوو به‌ سه‌ر ببات.
لای من گرنگترین شت له‌و پشووه‌ قوتابی به‌ سه‌رى ببات كاتێك ته‌رخان بكات بۆ خوێندن و خوێندنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى خودی خۆی له‌ زانیارییه‌ به‌ سووده‌كان، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین خوێندنه‌وه‌ ئه‌و چاڵاكییه‌یه‌ هه‌ردوو لاى هه‌یه‌ هه‌م چێژ وه‌رده‌گری هه‌میش سوود و قازانجی تایبه‌تى هه‌یه‌ و كه‌سایه‌تى به‌هێز و پڕ زانیاریت پێ ده‌به‌خشێ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و په‌رتووك و گۆڤاره‌ زانستى و به‌ سوودانه‌ كه‌ ده‌توانرێ قوتابی سوود و چێژیان لێ وه‌ربگرێ، جگه‌ له‌وه‌ش قوتابی ده‌توانێ سوود له‌و كاته‌ وه‌ربگرێ بۆ سه‌ردانى كردنى خزم و كه‌س و كار له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى سه‌ردانیان بكات و په‌یوه‌ندی خزمایه‌تى و خوێشایه‌تى به‌هێز بكات و هه‌روه‌ها سه‌ردانى هاوڕێیانى بكات و له‌گه‌ڵ سه‌ردانى كردنى ناوه‌ ناوه‌ بۆ سه‌یرانگاكان و شوێنه‌واره‌كان له‌گه‌ڵ خزم و كه‌س و خانه‌واده‌، جگه‌ له‌وه‌ش گرنگه‌ وه‌رزش كردن كاتى بۆ ته‌رخان بكرێ به‌ شێوه‌یه‌كى رێك و پێك ڕۆژانه‌ وه‌رزش بكات، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاو كردن و ته‌رخان كردنى كات بۆ سه‌یر كردنى ته‌له‌فزیۆن و به‌رنامه‌ و كۆڕ و چاڵاكى ڕۆشنبیری و به‌رنامه‌كانى زانستى و په‌ره‌پێدانى توانا كه‌سییه‌كان، له‌گه‌ڵ رێكخستنی كاتى خه‌و، نابێ قوتابی کاتی زۆر بۆ نووستن ته‌رخان بكات، چونكه‌ زۆر نووستن ده‌بێته‌ هۆى ته‌وه‌زه‌لی و بێ تاقه‌تی و به‌ فیرۆدانى كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڕۆڵى كه‌س و كار و خانه‌واده‌ ده‌بێ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێ و كات ته‌رخان بكه‌ن بۆ پراكتیزه‌ كردنى حەز و ئاره‌زووه‌كانیان وه‌كو وه‌رزش و مۆسیقا و هونه‌ر و نیگاركێشان و هه‌ر ئاره‌زوویه‌كی ترى هونه‌ری یان په‌ره‌پێدانی تواناكانى خۆیان هه‌بێت، یارمه‌تیان بده‌ن و هانیان بده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فێریان بكه‌ن متمانه‌ به‌ خۆیان بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن شتى نوێ فێر ببن و تواناكانیان پێش بخه‌ن ، هه‌روه‌ها فێری به‌كارهێنانى كۆمپیوته‌ر و زمانه‌كانی تریان بكه‌ن به‌ به‌شدارى كردنیان له‌ خوله‌كانى فێربوونى كۆمپیوته‌ر و زمانى ئینگلیزی و زمانه‌كانى تر، ده‌كرێ ناوه‌ ناوه‌ش پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ندێ بابه‌تى ساڵى ڕابردوو بكه‌ن كه‌ قوتابییه‌كه‌ ئاستى وه‌كو پێویست نه‌بووه‌ له‌و بابه‌ته‌. ده‌كرێ قوتابی سوود له‌و كاته‌ وه‌ربگرێ كه‌ خۆى فێری پیشه‌یه‌ك یان كارامه‌ییه‌ك بكات ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گرنگه‌ قوتابی له‌و پشووه‌دا له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ فێری داب و نه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى و دانیشتن وگفتوگۆكردن و گوئ گرتن بێ له‌ كه‌سه‌ به‌ ساڵاچوو و شاره‌زا و به‌ ئه‌زموونه‌كان و سوودیان لێ ببینێ له‌ زۆر ڕووه‌ وه‌، بگڕه‌ له‌ ڕه‌فتار و قسه‌ كردن و هه‌ڵسوكه‌وت و ئامۆژگارییه‌كانیان سوود وه‌ربگرێ.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش نابێ ته‌ندروستى قوتابی فه‌رامۆش بكرێ، پێویسته‌ گرنگی و بایه‌خ به‌ ته‌ندروستى خۆى بدات، هه‌روه‌ها به‌ گه‌ش بینی و جۆش و خرۆشه‌وه‌ سه‌یری ژیان بكات و هه‌رده‌م كه‌سێكى ئه‌رێنى بێت و ئاوات و هیواى به‌ پاشه‌ ڕۆژ بێت و به‌دڵ خۆشیه‌وه‌ هه‌وڵى بۆ بدات و نه‌وه‌ستێ و ئه‌گه‌ر له‌ كاتێك له‌ كاته‌كانى ته‌مه‌ن نه‌گاته‌ مانگیش ئه‌وا بە دلنیایی ده‌گاته‌ نێو ئه‌ستێره‌كان.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top