تورکیا و ئەرمەنستان ڕێککەوتن سنوورە هاوبەشەکان بۆ هاووڵاتییانی بیانی بکرێتەوە
بەرپرسانی تورکیا و ئەرمەنستان ڕێککەوتن بەزووترین کات سنوورە وشکانییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە بکرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئێوارەی ڕۆژی ( هەینی ) ڕایگەیاند: کە نوێنەرانی تایبەتی ئەم وڵاتە و ئەرمەنستان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە هەرچی زووە سنوورە وشکانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەڕووی هاووڵاتییانی بیانی بكرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی نوێنەرانی تایبەت بە تورکیا و ئەرمەنستان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی دووقۆڵی، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی كە بەزووترین کات گواستنەوەی ئاسمانیی بازرگانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنقەرە و یەریڤاندا دەست پێ بکات.
شایەنی باسە، کە نوێنەرانی تایبەتی تورکیا و ئەرمەنستان بۆ یەکەم جار لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کۆبوونەوە، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کۆبوونەوەی ڕۆژی ( هەینی )ش بە چوارەمین کۆبوونەوەی نێوانیان هەژمار دەكرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل