لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا تورکیا ئەندامێتیی فینلەندا و سویدی پەسەند کرد

لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا تورکیا ئەندامێتیی فینلەندا و سویدی پەسەند کرد

 

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دوێنێ(سێ شەممە)دا لووتکەی ناتۆ کە لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، هەر یەك لە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سه‌رۆک كۆماری توركیا و ساولی نینیستۆ سه‌رۆکی فینلەندا و ماگدالینا ئاندرسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا داواکارییەکەی فینلەندا  و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و ناڕەزایی تورکیا لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە.

 

هەر لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی کۆماری فینلەندا لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە كە تورکیا پشتیوانی لە سوید و فینلەندا دەکات بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ.

 

لەلای خۆیەوە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی مەدرید،  ئەنقەرە ئەوەی خواستی لەسەری بوو، بەدەستیهێناوە.

 

شایانی باسە لە ڕۆژی 18ی ئایاری ئەم ساڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە كردبووەوە كە  ڕەزامەندیی وڵاتەکەی بۆ بوون بە ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەیوەستە بەوەی ئەو وڵاتانە تا چ ئاستێک رێز لە هەستیارییەکانی تورکیا دەگرن، بەتایبەت لە بابەتی ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە تورکیا، بەپێچەوانەوە ناهێڵن بێنە ناو ناتۆوە.

 

 

Top