حکومەت و متمانەی گەل

حکومەت و متمانەی گەل



متمانەی گەل بۆ دەولەتەکانیان باسێکی گرنگی میدیا و دەزگاکانی راوێژکاری و سەنتەرەکانی لێکۆلینەوەیە و پێوەرێکی گرنگی سەرکەوتنی حکومەتەکەیە.
سەنتەری توێژینەوی ئێدێلمان، توێژینەوەیەکی کردووە لە سەر ٢٨ ولات و تێیدا رێژەی متمانەی گەل بە حکومەتی ولاتەکانیان دیاری کردووە بۆ سالی ٢٠٢١. و ناوی ناوە دارمانی متمانە لە دیموکراسیەکان.
بە پێی ئەو داتایانە رێژەی متمانەی گەلی ئەمریکا بە حکومەتەکەی لە سەردەمی جۆ بایدن بۆ سالی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ٣٩ لە سەدا کە بە بەراورد بە سالی ٢٠٢٠ سەدا ٣ دابەزیوە.
ئەو توێژینەوەیە کە لە سەر ٣٦ ھەزار کەس و لە ٢٨ ولات ئەنجامدراوە لە مانگی ١١ی ٢٠٢١، پێشان دەدات کە رێژەی متمانە لە ئەمریکا کەمترە لە ولاتانی تری ناو
توێژینەوەکە.
بۆ نمونە رێژەی متمانەی گەلی کانادا و ئۆستۆرالیا بۆ حکومەتەکانیان ٥٣ بۆ ٥٢ لە سەدا بووە. و لە بەریتانیا رێژەکە بریتیە لە ٤٢ لە سەدا.
سەیر لەوەدایە کە رێژەکە لە ھەندێ ولاتی ئاسیایی زۆر بەرزە کە بەردەوام رەخنە و توانجی دەرەکی لە سەرە بەوەی کە حکومەتەکانیان شەفاف نین و دیموکراسی نین.
بۆ نمونە ٩١ لە سەدای چینیەکان گۆتیتیان کە متمانەیان ھەیە بە حکومەتەکەیان. و لە سعودیە ٨٢ لە سەدی خەلک متمانەیان بە دەولەتەکەیان ھەیە و ھەروەھا لە ھندوستان ٧٤ لە سەدی خەلک متمانەیان ھەیە.
نزمترین رێژە ولاتی ئەرژەنتین بووە کە تەنھا ٢٢ لە سەدی گەلەکەی متمانەی بە حکومەتی ولاتەکە ھەیە.
لە ئەلمانیا رێژەکە ٤٧ لە سەدا و لە روسیا ٣٧ لە سەدا بووە.
داتاکان پێمان دەلێن کە ئەو ولاتانەی زۆرترین رێژەی ئازادی تاک و دیموکراسی تێدایە رێژەی متمانەی خەلک بە حکومەتەکەی کەمترە کە ئەمەش لەوانەیە بۆ ئاستی پێگەیشتویی گەلەکە بگەرێتەوە.
ھەروەھا لەو ولاتانەی ئاماژەم پێدا تەنھا چین و روسیا رێژەی متمانەی خەلک لە سالی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ بە رێژەی ٩ لە سەدا و ٣ لە سەدا بەرز بۆتەوە . کە دەکرێت ئەمەش بۆ سەرکەوتنی ئەو ولاتانە بگەرێتەوە لە فەراھەم کردنی پێداویستیەکان و سەرکەوتنی ئابوری.
بەلام لە تەواوی ولاتانی تری ئاماژە پێکراو ئەو رێژەیە دابەزیوە، واتە متمانە دابەزیوە. تەنھا سعودیا وەک خۆی ماوەتەوە.
دەکرێت ھۆکارەکە بۆ چی بگەرێتەوە؟؟

Top